کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لەساڵیادی كۆچی مێژوویی مەریواندا

2272017123600 20258105 1220036894768158 4178234301496557449 n

31ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی كۆچی مێژوویی خەڵكی شاری مەریوانە. لە دوایین سەعاتەكانی شەوی 30ی پووشپەڕەوە دانیشتوانی شاری مەریوان دەستیانكرد بە چۆڵکردنی شار و ئەم حەرەكەتە شۆڕشگێڕانەیە تەواوی رۆژی 31ی پووشپەڕیش درێژەی پەیدا كرد.

كۆچی خەڵكی مەریوان حەرەكەت و تاكتیكێکی شۆڕشگێڕانە بوو لە بەرانبەر سیاسەتی سەركوتگەرانە و شەڕەنگێزانەی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامیدا. ئەم حەرەكەتە كە بە ئیبتكار و رێنوێنیی هاوڕێیانی كۆمەڵە و بە تایبەتی هاوڕێ فوئادی موستەفاسوڵتانی شكڵی گرتبوو، بوو بە یەكێك لە پێناسە هەرە گرینگەكانی شێوازی خەباتی جەماوەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستاندا و لە ماوەیەكی كورتدا سەمپاتیی و هاودڵییەكی بەرینی لە نێو خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش بە دەست هێنا.

رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی بە دوای هاتنە سەر كار و پاش وەڕێخستنی شەڕی نەورۆزی خوێناوی لە سنە، بەردەوام لە بیانووی دەسپێكردنی شەڕێكی هەمەلایانە و هێرش بۆ سەر كوردستان بوو. بە دوای راپەڕینی ٥٧ و هاتنە ئارای شێوەیەك لە دەسەڵاتی خەڵكی لە كوردستان، هەلومەرجێكی تا ڕادەیەکی زۆر دێموكراتیك لەم ناوچەیەدا دامەزرا بوو. كۆمەڵانی خەڵك و ئۆرگانە هەڵبژێردراوەكانیان وەك شۆڕای شارەكان، شۆڕای موعەلیمان، شۆڕای ئەسناف و بازاڕیان، شۆڕای كارمەندان، ڕێکخراوە جۆراجۆرەكانی كرێكاران، ژنان، لاوان و گەلێك ئۆرگان و دامەزراوەی دێموكراتیكی دیكە، كاری ئیدارە و بەڕێوەبردنی شار و ئاوایەكانی كوردستانیان بەدەستەوە گرتبوو. ئازادیی بەیان، ئازادیی دەربڕینی بیر و باوڕ، ئازادیی كۆبوونەوە، ئازادیی پێكهێنانی ڕێکخراوە و تەشەكول و گەلێك شتی دیكەی لەو بابەتە بنەما و پایەكانی ئەو هەلومەرجە دێموكراتیكە بوون كە لە كوردستان هاتبووە ئاراوە. بە كورتی كۆمەڵگای كوردستان خەریكی تاقیكردنەوە و ئەزموونێكی بەنرخی دێموكراسی بوو كە لە سەر باقی شوێنەكانی ئێرانیش دەتوانێ رەنگدانەوەی هەبێ، هەر ئەو سەردەمە شارەكانی كوردستان ببوونە جێژوانی هەزاران ئینسانی شۆڕشگێڕ و تینووی ئازادی لە سەراسەری ئێران. كۆمەڵ كۆمەڵ لە كچان و كوڕانی شۆڕشگێڕ لە باقی شوێنەكانی ئێرانەوە دەهاتنە كوردستان و ئەو ئەزموونە بەنرخەیان تاقی دەكردەوە. دیاربوو تەحەمولی ئەو دۆخە لە كوردستان بۆ ڕژیمێك كە بنەماكانی لە سەر دیكتاتۆری، سەركوت و دژایەتی ڕوون لەگەڵ  هەر چەشنە ئازادییەك دامەزرابوو ئاسان نەبوو، بۆیە هەر وەك ئاماژەی پێكرا لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە بیانوویەك بە دەست بێنێت و هێرشێكی بەرین بۆ سەر دوایین سەنگەرەكانی ئازادیی و شۆڕش دەست پێبكات.

لە وەها هەلومەرجێكدا بوو كە دەوڵەت، بوونی خەڵكی چەكداری لە نێو شاری مەریوان كردبووە بیانوو و ماوەیەك بوو پەیتاپەیتا بە هێنانی هێزی تایبەت و چەك و چۆڵی زۆر و زەوەند دەستیكردبوو بە تەیاركردن و ئامادەكردنی پادگانی مەریوان بۆ هێرشكردنە سەر ئەو شارە. فەرماندەی پادگان بەردەوام هەڕەشەی دەكرد. سەرەنجام لە یەكێك لە دانیشتنەكانی نوێنەرانی خەڵك لەگەڵ پادگان كاتێك نوێنەرانی دەوڵەت ملیان بە پێشنیارەكانی نوێنەرانی خەڵك نەدا، دەستەی نوێنەرایەتی خەڵك لەو وتووێژانەدا بڕیاریاندا كە بەمەبەستی پووچەڵ كردنەوەی پیلانی ڕژیم و پێشگرتن بە كۆشتاری خەڵك، شار چۆڵ بكەن. ئەم بڕیارە دەسبەجێ  بە ئاگاداری خەڵكی شار گەیشت و شوێنێك لە ١٢ كیلۆمیتری شار و لە نزیكی ئاوایی كانی میران بۆ نیشتەجێبوونی خەڵك دیاریكرا.

خەڵكی شار یەكپارچە ئەم بڕیارەیان بەڕێوەبرد و شار بەتەواوی بەرەو شوێنی دیاریكراو كۆچیكرد. كاربەدەستان و بەكرێگیراوانی ڕژیم هەوڵێكی زۆریان دا كە دوودڵی و ڕاڕایی لە نێو خەڵكدا پێك بێنن و لە بەڕێوەبردنی ئەم بڕیارە پاشگەزیان بكەنەوە. بەڵام كۆمەڵانی خەڵك بە پشتیوانی كردن لە نوێنەرانیان یەكدڵ و یەكدەنگ هاتنە مەیدان و شاریان بە تەواوی چۆڵكرد.

لە ماوەیەكی كورتدا هەواڵی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە لە شار و دێهاتەكانی كوردستان دەنگی دایەوە. ئاوایییەكانی دەوروبەری مەریوان دەسبەجێ دەستیاندایە ناردنی نان و پێخۆر و یارمەتی جۆراوجۆر بەرەو ئۆردوگای كۆچبەرانی مەریوان. زۆری نەخایاند كە شەپۆلی پشتیوانیكردن و یارمەتی گەیاندن بە خەڵكی تێكۆشەری مەریوان، باقی شار و گوندەكانی كوردستانیشی گرتەوە. گەورەترین حەرەكەتی پشتیوانی لە كۆچی خەڵكی مەریوان رێپێوانی هەزاران كەس لە ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی ژن و پیاوی شاری سنە و سەقز و بانە بوو كە بۆ دەربڕینی ڕق و تووڕەیی خۆیان لە سیاسەتە دژی خەڵكییەكانی ڕژیمی ئیسلامی و بۆ نیشاندانی یەكدڵی و هاوپشتی خەباتكارانەیان لە خەڵكی مەریوان، بە پیادە مەودای ١٨٠ كیلۆمیتری نێوان سنە و مەریوان و سەقز و مەریوانیان لە دوو ڕێپێوانی جیاوازدا بڕی و خۆیان گەیاندە ئەو شارە. كۆچی بە كۆمەڵی خەڵكی مەریوان و دواتریش ڕێپێوانی شكۆداری خەڵكی سنە و سەقز و باقی شارەكان بەرەو مەریوان، بووە هۆی دەنگدانەوەی ئەو حەرەكەتە شۆڕشگێڕانەیە هەم لە ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییشدا.

لە زۆرێك لە شوێنەكانی ئێرانەوە ڕۆژانە پەیامی پشتیوانی، گرووپی پزیشكی و دەرمان، یارمەتی تەداروكاتی و تەنانەت هێزی ئینسانی بۆ بەشداری لە پاراستنی ئەمنییەتی كۆچبەران دەگەیشتنە ئۆردووگا. گەلێك لە دەزگا ڕاگەیەنەرە گشتییە ناسراوەكان لەوانە ئاژانسە خەبەریییەكانی فەڕانسە و بی.بی.سی هەواڵ و گوزارشی ئەم حەرەكەتەیان بڵاو كردەوە و بەوجۆرە لە ماوەی ئەو كۆچەدا كە تا ١٣ی گەلاوێژی خایاند، ئەو حەرەكەتە بووە بزووتنەوەیەكی جەماوەری و بوو بە بەشێك لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵك لە كوردستان.

ئەو بزووتنەوەیە جگە لە پووچەڵكردنەوەی پیلانی ڕژیم لەو سەردەمەدا و وەدواخستنی هێرش و پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر كوردستان، گەلێك دەرس و ئەزموونی بەنرخیشی لە فیداكاری، یەكگرتوویی و هاوخەباتی لە نێو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا پێكهێنا. ژیانی ڕۆژانەی ئۆردووگا، هاودڵی و بڕوا و متمانەی خەڵك  بەیەكتر، هەوڵ و تەقالای بێوچانی خەڵك و بەڕێوەبەرانی ئۆردووگا بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی كار و بارەكان و چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان، نەزم و دیسیپلینی نێو ئۆردووگا، دابەشكردنی پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانە، كۆنتڕۆڵ و پاریزگاری لە ئەمنییەتی خەڵك، ئەمانە هەمووی تێكەڵ لەگەڵ كۆڕ و كۆمەڵی بەحسی سیاسی و كۆڕی شێعر و ئاواز و سروود و هاوكات ڕیزی یەكگرتوو و لێبڕاوی هەزاران كەسی دوو رێپێوانەكەی سنە و سەقز كە بە پیادە و بە خوێندنی شێعر و سروودی شۆڕشگێڕانە و لەو پەڕی نەزم و دیسیپلیندا مەودای ٢٨٠ كیلومیتری نێوان سنەمەریوان و سەقزمەریوانیان بڕی و خوێنێكی تازەیان کردەوە بە دەمارەكانی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا و شانۆیەكی لە هاوپشتی و هاوخەباتی خوڵقاندبوو كە بێگومان لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە.