کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لێکچوونی سروودی “سڵاو فەرماندە”ی خامنه‌ای و سروودی ” سڵاو هیتلەر “ی نازییەکان

لە سەرەتای ئەمساڵەوە سروودێکی کۆنەپەرستانەیان خستۆتەسەر زمانی منداڵان کە ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو مەینەتی و ڕۆژڕەشییەیە کە ڕژیمی ئێسلامی بەسەر خەڵکی ئێرانیدا هێناوە. ” سڵاو فەرماندە” سروودێکە کە بۆ ئەوەی منداڵان بەکۆڕ بیڵێنەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت. ڕاگەیاندنەکانی سەربە حکوومەتی ئێران گەلێک ڕاپۆرتیان سەبارەت بە وتنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم سروودە لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا بڵاو کردۆتەوە. گەورەترین کۆڕ کە تێیدا ئەو سروودە خوێندرایەوە، بەبەشداری دووهەزار منداڵ لە حەساری “مزگەوتی جەمکەران” بەڕێوەچووە.

ڕێکخراو و گرووپە تەبلیغاتی و مەزهەبییەکان بەرنامە گەلێک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بۆ بەکۆڕ خوێندنەوەی ئەم سروودە لەلایەن منداڵان و تازەلاوانەوە ڕێک دەخەن. دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیش لە بانگهێشتنامەیەکدا داوای لە منداڵان و خوێندکاران کردووە کە ئەم سروودە چ بەشێوەی کۆڕ و چ بە تاک تۆمار بکەن و فیلمەکەیان بۆ بنێرن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم کاناڵە گۆیا تا “بیست و یەکی” گوڵان، پێنج هەزار ویدئویان لە تۆماری ئەم سروودە بەدەست گەیشتووە.

حکوومەتی ئیسلامی و لە لوتکەی ئەم حکوومەتەدا خامنه‌ای، تووشی دێوانە حاڵی و شەیداییەک بوون کە نەخۆشییەکی ڕەوانی هاوبەشی زۆربەی دیکتاتۆرەکان و  حاکمانی سەرەڕۆی جیهانە. سروودی ” سڵاو فەرماندە”ی ڕژیمی ئێسلامی لەگەڵ سروودی ” های هیتلەر”ی سەردەمی ئاڵمانی نازی، لەزۆر لایەنەوە وەک یەک دەچن. خامنه‌ای، ئەو مەلایەی کە خۆی کردۆتە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لەپەنای سپا و فەرماندە نیزامییەکاندا هەست بە ئەمنییەت و بەهێزیی دەکات، سەرەڕۆیەکە کە لە کۆمەڵانی خەڵک نیگەران و بێ هیوایە. ئەو نە تەنیا لە جەماوەری ملیۆنیی خەڵک، بەڵکوو لە کاربەدەستانی هەڵبژێردراوی خۆشی هەست بە دڵنیایی ناکات. لە هەلومەرجیێکدا کە هەژاری و ڕۆژڕەشی سەرتاسەری ئێرانی داگرتووە، بە فەرمانی ئاوا کەسێک و بەپێی بەرنامە بۆداڕشتنی ناوەند و دامەزراوە کۆنەپەرستەکانی ڕژیم و هەروەها خەرجکردنی هەزینەگەلێکی ملیاردی، دووهەزار منداڵی کچ و کوڕ لە ناوەندێکی مەزهەبیدا کۆدەکەنەوە و سروودی سڵاو فەرماندە بۆ ئەو و بەمەبەستی شۆردنەوەی مێشکی منداڵان بەکۆڕ بەڕێوە دەبەن. کچانی کەم تەمەن لە حیجابی زۆرەملێی ئێسلامییەوە دەپێچن و لەگەڵ کوڕانی هاوتەمەنی خۆیاندا بە زمانێکی منداڵانە ئاواز و سروودێک دەخوێنن کە هیچی لێ تێناگەن و هیچ بایەخێکی هونەریی نییە و تەنیا کۆمەڵێک درۆ و دەلەسە و وشەی بی مانایە.

ئادۆڵف هیتلەر پێشەوای ئاڵمانی نازیش، سروودی ” سڵاو هیتلەر”ی خۆی ڕێک بەم شکڵ و شێوازە لەناو هەزاران نیزامی و هەروەها نەزم و ئینزیباتێکی وەک کۆیلەدا بەرێوەدەبرد. لە سروودی ” های هیتلەر”دا نیزامییەکان ئیتاعەت و پەیڕەویی بێ ئەملاو ئەولای خۆیان لە سەدری ئەعزەمی فاشیستی ئەوکاتی ئاڵمان ڕادەگەیاند. ئیتاعەتێکی بێ ئەملاو ئەولای کە بە کۆمەکی پێشکەوتووترین ماشێنی شەڕی ئەو سەردەمە بەشێکی جیهانی وێرانکرد، پتر لە پەنجا ملیۆن ئینسان گیانیان لەدەستدا و بەسەدان ملیونیش بریندار و ئاوارە و ماڵوێران بوون. سەرەنجام دیتمان کە ئەم تراژیدیا مرۆییە، بە شکستهێنانی نازیسم و خۆکوژی پێشەوا فاشیستەکەی کۆتایی پێهات. خامنه‌ای فەرماندەی درووستکراوی ڕژیمی ئێسلامی، تەنانەت سروود و گاڵتەجاڕی ” سڵاو فەرماندە”کەشی لەناو سپا و نیزامییەکاندا بەڕێوە نەبردووە، بۆخۆی نەچۆتە ناو ئەوان و بەسەدان منداڵی کەم تەمەنی کوڕ و کچی لە کەشێکی مەزهەبیدا کۆکردۆتەوە و ئەم گاڵتەجاڕەی بەڕێوەبردووە.

” های هیتلەر” و ئەرتەشی زەبەلاحی ئاڵمانی نازی، نەیتوانی بەربە شکست و هەرەسهێنانی نازییەکان لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا بگرێت.، ” هەربۆیە سڵاو فەرماندە”ی کۆمەڵێک منداڵی کەم تەمەنیش کە بەشێک لە هاوتەمەنەکانیان لەناو زبلدانەکاندا بەشوێن پارووە نانێکدا وێڵن و لەچوون بۆ مەدرەسە بێبەشن و ناچارن کار بکەن، خامەنەیی و حکوومەتە ئیسلامییەکەی رزگار ناکات.

“سڵاو فەرماندە”ی خامەنەیی لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە موعەلیمەکانی ئەم منداڵانە لەگەڵ ڕژیمی ئێسلامیدا دەستەویەخەن بۆ ئەوەی لانیکەمی مافی خوێندکار و مامۆستایان دابین بکەن. بە ملیۆنان دایک و باوکی مناڵانی هاوتەمەنی ئەو منداڵانە، لە شارە جۆراوجۆرەکان دەستیانداوەتە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیمی ئێسلامی بۆ ئەوەی نان و ئازادی بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

” سڵاو فەرماندە”ی عەلی خامەنەیی و ڕێزگرتن لە تیرۆریستێکی جینایەتکاری وەک قاسمی سلێمانی، کە قاتڵی دەیان هەزار منداڵ لە سوریە، عێراق، یەمەن، لوبنان، ئەفغانستان و کورستانە، پێشێلکردنی بەئاشکرای مافی منداڵانە. جێگای ئەو منداڵانە مەدرەسە و شوێنی یاریکردنە، نەک ئەوەی کە لە حیجابی ئیسلامییەوە بپێچرێن و وەک منداڵەکانی سەردەمی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق کە لە مەیدانەکانی “مین”دا کەڵکیان لێوەرگیرا، بەکار بهێندرێن.

حکوومەتی ئیسلامی کە لەگەڵ نەفرەت و تووڕەیی ملیۆنان کەسی بەساڵاچوو بەرەوڕوو بۆتەوە، لەسەر منداڵانی کەم تەمەن سەرمایەگوزاری کردووە. پێویستە ئەم سیاسەت و  پلانە شوومەی ڕژیم لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتی جەماوەری شەریف و ڕێکخراوەکانی دیفاع لە مافی منداڵان بەرەوڕوو بێتەوە. شوێنی منداڵ مەدرەسەیە نەک ناوەندە مەزهەبییەکان و بەشداریپێکردن لە کۆڕ و سروود و شۆردنەوەی مێشکی نەوەی نوێ لەڕیگەی فەرهەنگ و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دژبە منداڵانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێسلامی ئێرانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-