کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م شه‌پۆله‌ گرانییه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژه‌دا، چی ده‌بێ بكرێت؟

00 10 c36 1070

گرانی و كه‌م بوونی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كاردی گه‌یاندۆته‌ سه‌ر ئێسقانی خه‌ڵك. كار گه‌یشتۆته‌ جێگایه‌ك كه‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵك ته‌نانه‌ت توانایی دابینكردنی نانی وشكیان نییه‌ و ماكارۆنی بۆته‌ كاڵایه‌كی لۆكس. گۆشت و ماسی له‌ مێژه‌ له‌ سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی بێبه‌ش هه‌ڵگیراوه‌. سه‌رانه‌ی به‌كار هێنانی گۆشت، ماسی، مریشك، شیره‌مه‌نیه‌كان، میوه‌ و سه‌وزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پێوه‌ره‌كانی دیاریكردنی خواردنی ته‌ندرووستی خه‌ڵك له‌ وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كان‌. بۆ نموونه‌ سه‌رانه‌ی گۆشت له‌ ئێران سێ‌ كیلۆگڕامه‌ له‌ ساڵێكدا، به‌ واتایه‌كی تر نزیكه‌ی هه‌شت گڕام له‌ ڕۆژێكدایه‌، له‌ حاڵێكدا به‌كار هێنانی سه‌رانه‌ی گۆشت ده‌بێت لانیكه‌م سه‌د گڕام له‌ ڕۆژێكدا بێت. بۆ وێنه‌ سه‌رانه‌ی گۆشت له‌ وڵاتی نیوزله‌ند ساڵانه‌ ٦٧ كیلۆگڕام و له‌ ئۆستراڵیاش ١١٠ كیلۆگڕامه‌. به‌كارهێنانی شیره‌مه‌نیه‌كانیش له‌ ئێران یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی جیهانییه.

دابه‌زینی توانایی كڕینی خه‌ڵك، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان بیمه‌ی بێكاری، ده‌رمانی و دابینكردنی هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن، گوشارێكی قورس و تاقه‌ت پڕوكێنی خستۆته‌ سه‌رشانی ملیۆنان خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و توێژی مامناوه‌ندی كۆمه‌ڵگا.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ گرانی و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و بێكاری كاریگه‌ری زۆر خراپی كردۆته‌سه‌ر هه‌ل و مه‌رجی كار، ژیانی ژنان و پیاوانی كرێكار و ته‌ندرووستی منداڵه‌كانیان. چینی كرێكار ئه‌م ڕاستییه‌ باشتر له‌ به‌رپرسانی ڕژیم و ژۆرنالیسته‌ به‌كرێگیراوه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌رك ده‌كات. له‌په‌نا ئه‌م ڕاستیه‌دا هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی هه‌ژاری له‌سه‌ر ئاستی خه‌بات و توانایی ڕێكخراوبوونی كرێكارانیش هه‌ست پێده‌كه‌ن. هه‌ژاری و بێكاری كه‌لێنی نێوان كرێكاران قووڵتر ده‌كاته‌وه‌. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی و خاوه‌نكاره‌كان توانیویانه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ ئه‌رته‌شی ملیۆنی بێكاران، هه‌ژاری و ناكۆكیی و دژوارترین هه‌ل و مه‌رجی كار و حه‌قده‌ستی كه‌م، به‌سه‌ر كرێكاراندا به‌سه‌پێنن. ئه‌وان به‌ زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی سه‌روه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌وه‌ و سه‌رمایه‌ زه‌به‌ڵاحه‌كان و چه‌وساندنه‌وه‌ی بێ به‌زه‌ییانه‌ی كرێكاران، له‌لایه‌كه‌وه‌ خه‌ریكی كه‌ڵه‌كه‌كردنی قازانجن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌لێنی چینایه‌تییان قووڵتر كردۆته‌وه‌.

ئاشكرایه‌ كه‌ ژنان و پیاوانی كرێكار، ده‌ست له‌ناو ده‌ستی سرووشت، زۆرترین پشكیان له‌ خۆڵقاندنی ئه‌و سه‌ر‌وه‌ت‌ و سامانه‌دا بووه‌، به‌ڵام به‌تاڵانبردنی به‌شێكی زۆر له‌م سه‌ر‌وه‌ت و سامانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داره‌كانه‌وه‌، ژیان و خه‌باتی چینی كرێكاریان له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ خستۆته‌ ژێرگووشاره‌وه‌. له‌ ژێر كاریگه‌ری هه‌ژاریی و بێكاریی به‌ربڵاودا، شۆڕشی ئه‌و كرێكار و ڕه‌ش و ڕووتانه‌ی كه‌ ئه‌زموونی ٤٣ ساڵ خه‌باتیان له‌ دژی ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ كارنامه‌ی خۆیاندا هه‌یه‌، سه‌رجه‌م باڵهجۆراوجۆره‌كانی ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیان تووشی ترس و خۆف كردووه‌.

ئابووری سه‌رمایه‌داریی ئێران ته‌نانه‌ت به‌ڕێكه‌وتنی به‌رجام و كه‌مبوونه‌وه‌ی سزا ئابوورییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاواش، ئاسۆیه‌كی ڕوونی بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ به‌ڕوودا ناكرێته‌وه‌. به‌ڵام كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و ده‌ستكوورت به‌ هاوئاهه‌نگ كردن و یه‌كگرتوو كردنی خه‌باتی ڕوو له‌ گه‌شه‌ی خۆیان، ده‌توانن هه‌ل و مه‌رجێكی باشتری كار و ژیان، به‌سه‌ر ڕژیم و چینی سه‌رمایه‌داری ئێراندا به‌سه‌پێنن. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی كه ده‌ستیان به‌سه‌ر‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگادا گرتووه‌، تا كاتێك كه‌ نه‌كه‌ونه‌ ژێر گووشاری خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ و سه‌راسه‌ری كرێكاران و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی هه‌ژار و بێبه‌ش، هیچ ئاڵوگۆڕێكی پۆزه‌تیڤ له‌ ژیانیاندا پێك نایه‌ت. سه‌ره‌ڕای قه‌یران و گه‌ماڕۆی ئابووری، سه‌روه‌تێكی زۆر و زه‌وه‌ند له‌ده‌ستی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داره‌كاندا كۆبۆته‌وه‌. ئه‌وان له‌نه‌بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرێكاریی به‌هێزدا، ئه‌م سه‌روه‌ته‌ زه‌به‌ڵاحه‌ له‌ پێناو پاراستن و به‌هێزكردنی دام و ده‌زگای سه‌ركووت و یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ ڕێكخراوه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌كاردێنن. پێویسته‌ له‌ ڕێگای په‌ره‌پێدان و یه‌ك خستنی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستاوه‌، نه‌ته‌نیا به‌ر به‌ ده‌ركردن و بێكاركردنه‌كان و وه‌داكه‌وتنی حه‌قده‌ستی كرێكاران بگیرێت، به‌ڵكوو ده‌بێ بردنه‌ سه‌رێی حه‌قده‌سته‌كان پێ به‌ پێی ئاستی هه‌ڵاوسان و واقیعی، دابینكردنی بیمه‌ی پێویست و نه‌هێشتنی شیركه‌ته‌ په‌یمانكارییه‌كان، به‌سه‌ر ڕژیمدا به‌سه‌پێندرێت.

له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستادا كه‌ ژیانی چینی كرێكار و نه‌وه‌كانی داهاتوو له‌ مه‌ترسی له‌ناچووندان، ته‌نیا به‌ وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی مافخوازانه‌ی كه‌ ڕووخانی ڕژیمی له‌ ئاسۆدایه‌، ده‌توانێ و ده‌كرێ به‌ری پێ بگیرێت. بۆ پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی مافخوازانه‌ پێویسته‌ خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستا له‌م پرش و بڵاوییه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. پێویسته‌ داواكاری هه‌نووكه‌یی و خێرای چینی كرێكار له‌ ئاستێكی سه‌راسه‌ریدا ببێت به‌‌ خواستی سه‌رجه‌م كرێكارانی له‌سه‌ركار و بێكار، ژن و پیاو و ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی. مسۆگه‌ربوونی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گره‌ویی به‌ربڵاوتربوونی پێوه‌ندییه‌كانی ئێستای نێوان هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی له‌ ئاستێكی سه‌راسه‌ریدایه‌. به‌ به‌شداری چاڵاكانه‌ له‌ خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستای كرێكاران، به‌ بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌ستی هاوپشتی چینایه‌تی له‌م خه‌باته‌دا و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌ ئاسۆیه‌كی ڕوون، ده‌كرێ هاوسه‌نگی هێزی چینایه‌تی به‌ قازانجی كرێكاران بگۆڕدرێ و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری بباته‌ قۆناغێكی گونجاوتر، بۆ خۆڕێكخستن و گه‌یشتن به‌ داواكارییه‌كانیان.