ئه‌مرۆ ٥ شه‌ممه ٢٦ی خاكه‌لێوه ساڵهاتی ده‌ستپێكی كۆمه‌ڵكۆژی سامناكی ناسراو به “ئه‌نفال” له كوردستانی عیراقه. له وه‌ها رۆژێك دا بوو كه عه‌مه‌لیاتی به‌د ناوی ئه‌نفال ده‌ستی پێكرد. له كاتێك دا كه رژیمی خوێن مژی به‌عس، به زبری كوشت و بڕ و ئاگر و ئاسن ئیراده‌ی خۆی به سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته دا سه‌پاندبوو، له ماوه‌ی كه‌متر له ٤ مانگ و له ٨ قوناغی جیا جیا دا، به پلانێكی داڕێژراو، زیاتر له ١٨٠ هه‌زار ئینسان، له شار و شارۆچكه و گونده‌كانی كوردستان، ده‌سته ده‌سته، ده‌ستبه‌سه‌ر كران و به كۆمه‌ل گواسترانه‌وه بۆ بیابانه‌كانی جنوبی عێراق و له‌وێ كۆمه‌ڵكوژ كران و له گۆڕی به كۆمه‌ڵدا خرانه ژیر خاكه‌وه. تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان، دوای٣٣ ساڵ نه‌یتوانیوه برینه‌كانی ئه‌م جینایه‌ته به سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و كۆمه‌لگایه‌وه، ساڕ‌ێژ بكات. ئاسه‌واره ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته ئیستاش به‌ربینی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی به‌رنه‌داوه.سالی ١٩٨٨، له كاتێك دا كه شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق به‌ره‌و كۆتایی ده‌چوو، رژیمی به‌عسی عێراق بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌وله‌ویه‌تی خۆی له‌م شه‌ڕه كۆنهپهرهستانهیدا خسته سه‌ر به‌ره‌كانی كوردستان و به سه‌دان هه‌زار هێزی چه‌كداری به تانك و تۆپ و هه‌موو كه‌ره‌سه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی شه‌ڕه‌وه، ڕه‌وانه‌ی كوردستانی عێراق كرد. مه‌به‌ستی راگه‌یاندراوی ئه‌و هێرشه، پاك كردنه‌وه‌ی كوردستان له هێزی پێشمه‌رگه بوو. به‌ڵام ئه‌وه رواڵه‌تی پلانه‌كه بوو. ئه‌وه‌یكه له كرده‌وه‌دا به‌رێوه‌چوو، ژنوسایدێكی ته‌واو و كه‌ماڵ بوو. ئه‌و عه‌مه‌لیاته ناوی ئه‌نفالی له سه‌ر دانرا. ئه‌و ناوه كه له ده‌قێكی قورئان وه‌رگیراوه كه به واتای غه‌نیمه‌ت و ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ هاتووه. ئه‌م ناوه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ هاندانی داروده‌سته‌كانی موسته‌شار و به كرێگیراوی كورد كه چه‌كداری رژیم بوون، به كار ده‌هێنرا. مه‌به‌ستی رژیمی به‌عس ئه‌وه بوو رێگا به به‌كرێگیراوانی خۆی بدات كه ماڵ و سه‌روه‌تی خه‌ڵكی بێ دیفاعی ئه‌و دێهات و شار و شارۆچكانه‌ی كه چۆلیان ده‌كردن، به تاڵان بۆ خۆیان به‌رن. به هه‌زاران كه‌س له ژن و پیاو و مناڵ و پیر و لاو له شوێنی نیشته‌جێ بوونی خۆیان هه‌ڵكه‌ندران، به بێ ئه‌وه‌ی رێگایان پێبدرێ كه جگه له لیباسی به‌ریان هیچ شتێكی دیكه له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵبگرن. ئه‌و جه‌ماوه‌ره زۆر و زه‌به‌نده‌یان به ئوتوبوسی سۆغره به‌ره‌و بیابانه‌كانی “نۆگره سه‌لمان” له ناوه‌ندی عێراق راپێچ كرد و له‌وێ به‌ره‌به‌ره به بێ به‌زه‌ییانه‌ترین شێوه له‌ناویان بردن و له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كاندا شاردیاننه‌وه. تاك تاك كه‌سانێك كه له‌و مه‌رگه‌ساته رزگاریان بووه، داستانه خۆفناك و پر له ئێش و ئازاره‌كانی ئه‌م كۆمهلكوژییهیان ئاشكرا كردووه.
عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفال له مانگی فێورییه‌ی ساڵی ١٩٨٨ی زایینیه‌وه ده‌ستی پێكرد و له مانگی سێپتامبری هه‌مان ساڵدا كۆتایی پێهات، ئه‌و عه‌مه‌لیاته به‌ربڵاوه ته‌واوی كوردستانی عێراقی هه‌ر له گه‌رمیانه‌وه تا بادینانی، گرته‌وه و سه‌دان هه‌زار كه‌س تێیدا بوونه قوربانی و له نێوبران و ئاواره‌كران. هه‌ر چه‌ند تاكوو ئێستاش ئامارێكی وردی ئه‌م كاره‌ساته له به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام له رووی ئه‌م گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ی كه دۆزراونه‌ته‌وه و له لێكۆلێنهوهكاندا ده‌ركه‌وتووه كه له‌م كاره‌ساته‌دا نزیكه‌ی ١٨٠ هه‌زار ئینسان له ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو، قه‌تلوعام كراون. له جه‌ریانی ئه‌نفالدا نه‌ك هه‌ر ئینسان، به‌لكوو ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر و دار و دره‌خت و سهوزاییش له‌ناوده‌بران و هه‌زاران ناوچه‌ی سه‌وزه‌ڵان و پر دار و دره‌خت سوتێنران. سه‌رجه‌م دانیشتوانی گونده‌كانی ناحیه و قه‌زا هه‌ڵوه‌شاوه‌كانیش، ئه‌وانه كه گیانیان ده‌رباز ببوو، له ئۆردووگای گه‌مارۆ دراوی زۆره‌ملی شێوه سه‌ربازیدا ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
عه‌مه‌لیاتی “ئه‌نفال” به ٨ قۆناغی جیاواز له ناوچه جیاجیاكانی كوردستانی عێراق له پارێزگاكانی دهۆك، هه‌ولێر، موسڵ، كه‌ركوك و سلێمانی به‌رێوه‌چوو. ئه‌م عه‌مه‌لیاته رووداوێكی كتوپر نه‌بوو به‌ڵكوو له ساڵه‌ها پێشتره‌وه، به پێی پلانێكی رژیمی به‌عس، به‌ره به‌ره خه‌ریك بوو به‌رێوه‌ده‌چوو و له ساڵی ١٩٨٨دا بوو كه گه‌یشته لوتكه‌ی خۆی.
ساڵی ١٩٧٤ بومبارانی شاری قه‌لادزێ و كوشتاری به كۆمه‌لی خه‌ڵكی ئه‌و شاره، هه‌ر له‌و ساله‌دا بومبارانی شاری هه‌لبجه و كوشتاری به كۆمهلكی خه‌لكی مه‌ده‌نی، سالی ١٩٧٩، كوشتاری به كۆمه‌لی كورده‌كانی فه‌یلی، سالی ١٩٨٥، بومبارانی ئوردوگای په‌نابه‌رانی كوردستانی عیراق له زێوه‌ی كوردستانی ئێران و كوشتنی كۆمه‌لێك خه‌لكی بێ دیفاع، ساڵی ١٩٨٧، بومبارانی شیمیایی دۆڵی بالیسان، ساڵی ١٩٨٧ كۆمه‌لكوژی خه‌ڵكی گه‌ره‌كێكی شاری هه‌ڵه‌بجه، ساڵی ١٩٨٨ كۆمه‌ڵكوژی ٨ هه‌زار كه‌س له دانیشتوانی ناوچه‌ی بادینان. وێرانكردن و چۆلكردنی دێهات له ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی حه‌فتای زایینی‌دا، وه‌كوو به‌شێك له رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌لجه‌زایر له‌گه‌ڵ رژیمی شای ئێران، له‌م شاڵاوی وێرانكاریهدا، زیاتر له ٤ هه‌زار ئاوایی كوردستانی وێران كرد، ره‌ز و باغ و كانیاوه‌كانی كوێر كرده‌وه و دانیشتووانی ره‌وانه‌ی ئوردووگاكانی زۆره‌ملی كرد. ئه‌مجاره‌یان به‌وه‌ش رانه‌وه‌ستا و ده‌ستی كرد به وێرانكردنی شاری قه‌ڵادزێ و و سه‌ید صادق و سه‌ره‌تاكانی وێرانكردنی شاری رانیه‌ش ده‌ستی پێكرد كه راپه‌رین مه‌جالی پێ نه‌دا. پێشتریش شاری هه‌ڵه‌بجه ته‌فروتوونا كرابوو و ٥ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ی به گازی ژاراوی تێدا بردبوو.
له كاره‌ساتی ئه‌نفالدا هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی كورد به‌ته‌واوه‌تی لێك هه‌ڵوه‌شان، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌لایه‌تی تێكچوو، هه‌زاران ژن بێ هاوسه‌ر مانه‌وه و هه‌زاران مناڵ بێ باوك بوون، سه‌دان كه‌س باری ده‌روونیان تێكچوو، هه‌ژاری و نه‌بوونی و گه‌لێك ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تی به شوێنی‌دا په‌ره‌یان سه‌ند. له‌م جه‌ریانه‌دا گوند هه‌بوو به ته‌واوه‌تی دانیشتووانه‌كه‌ی ئه‌نفال كرا.
ئه‌م كاره‌ساته كوردستانی به‌ره‌ورووی وه‌ها قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌لایه‌تی، ده‌روونی و ئابوری كرده‌وه كه تا ئه‌مرۆش شوێنه‌واری هه‌ر ماوه و ده‌یان سالی دیكه‌ش شوێنه‌واری ده‌مێنێ. زۆربه‌ی بهكرێگراوهكان، له موسته‌شار و سه‌رۆكی داروده‌سته‌كانی كوردی سه‌ربه حكومه‌تی به‌عس، نه‌ك هه‌ر سزا نه‌دران، به‌ڵكوو له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانێك كه به تاڵان و برۆی خه‌ڵكی ئه‌نفال كرا‌و ده‌ستیان كه‌وتبوو، دانیشتوون و ئێستاش وه‌كوو دڕكێك له چاوی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، ژیانی ئاسایی خۆیان درێژه پێده‌ده‌ن.
پیویست به وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه كه هه‌مووی ئه‌و ڕووداوانه هه‌روه‌كوو ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه له به‌رچاوی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی دنیا و له سه‌رووی هه‌موانه‌وه به به‌رچاوی ده‌وڵه‌تی ئامریكاوه رویاندا و میدیای جیهانی كه له ژێر كۆنترۆلی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا بوو له ئاست وه‌ها جینایه‌تێكی سامناك بێده‌نگ بوو. ئه‌مڕۆ له كاتێكدا پاش ٣٣ ساڵ، یادی قوربانیانی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه كه رژیمی دیكتاتۆری به‌عسی عێراق له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه، به‌ڵام هێشتا ره‌نج و ئازار و برینه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه ساڕ‌ێژ نه‌بۆته‌وه. هه‌ر ئێستا ده‌یان هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالكراو به ده‌ست هه‌ژاری، نه‌داری و غه‌می له‌ده‌ستدانی ئازیزانیانه‌وه ده‌ناڵێنن.
له یادی ٣٣ ساڵه‌ی كاره‌ساتی كومه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا جارێكی دیكه ئه‌و په‌ری نه‌فره‌ت و بێزاری خۆمان به‌رامبه‌ر به بریاڕدهران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌ته سامناكه ده‌رده‌برین و هه‌زاران سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ یادی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌م كاره‌ساته.