کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ یادی بیست و حه‌وت ساڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٥ی خاكه‌لێوه‌، ٢٧ ساڵ به‌سه‌ر زنجیره‌ عه‌مه‌لیاتێكی دژه‌ ئینسانیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن رژیمی به‌عسی عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو. له‌م كاره‌ساته‌دا زیاتر له‌ ١٨٠ هه‌زار ئینسان ده‌ستگیر و ره‌وانه‌ی بیابانه‌كانی جنوبی عێراق كران و كۆمه‌ڵكوژ كران. تێپه‌ڕ بوونی ٢٧ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌دا هێشتا نه‌بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ برینه‌كانی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ساڕێژ بێته‌وه‌ و ئاسه‌واره‌ ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی هه‌روا به‌رده‌وامن. سالی 1988 له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ری ئێران و عێراقدا رژیمی به‌عسی عێراق بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌وله‌ویه‌تی خۆی له‌م شه‌ڕه‌ كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌یدا خسته‌ سه‌ر به‌ره‌كانی كوردستان و به‌ سه‌دان هه‌زار هێزی چه‌كداری به‌ تانك و تۆپ و هه‌موو كه‌ره‌سه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی شه‌ڕه‌وه‌، ره‌وانه‌ی كوردستانی عێراق كرد. مه‌به‌ستی راگه‌یاندراوی ئه‌و هێرشه‌ پاك كردنه‌وه‌ی كوردستان له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ له‌ كرده‌وه‌دا به‌رێوه‌چوو، پاكتاوكردنێكی ره‌گه‌زی بوو. رژیمی به‌عس ده‌یزانی كه‌ به‌ بێ قه‌لاچۆ كردنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ دێهات و شارۆچكه‌كانی كوردستان ناتوانێ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ خه‌ڵك داببرێ.406

هه‌ر بۆیه‌ سیاسه‌تی وێرانكردن و چۆلكردنی دێهاتی كه‌ پێشتریش له‌ ده‌یه‌ی حه‌فتای زایینیدا و وه‌كوو به‌شێك له‌ رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌لجه‌زایر له‌ هه‌موو سه‌ر سنووره‌كان به‌رێوه‌ی بردبوو، ئه‌و جاره‌ش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گرته‌ به‌ر. ئه‌و كات زیاتر له‌ ٤ هه‌زار ئاوایی كوردستانی وێران كرد، ره‌ز و باغ و كانیاوه‌كانی كوێر كرده‌وه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ئوردۆگاكانی ئیجباری كرد. ئه‌مجاره‌یان به‌وه‌ش رانه‌وه‌ستا و ده‌ستی كرد به‌ وێرانكردنی شاری قه‌لادزێ و سه‌ره‌تاكانی وێرانكردنی شاری رانیه‌شی ده‌ستپێكرد. پێشتریش شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌فروتوونا كرابوو و ٥ هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ی به‌ گازی ژاراوی تێدا بردبوو.
ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ ناوی ئه‌نفالی له‌ سه‌ر دانرا. ئه‌و ناوه‌ كه‌ له‌ ده‌قێكی قورئان وه‌رگیراوه‌ كه‌ به‌ واتای غه‌نیمه‌ت و ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ هاتووه‌. ئه‌م ناوه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ هاندانی داروده‌سته‌كانی موسته‌شار و به‌ كرێگیراوی كورد كه‌ چه‌كداری رژیم بوون، به‌ كار ده‌هێنرا. مه‌به‌ستی رژیمی به‌عس ئه‌وه‌ بوو رێگا به‌ به‌كرێگیراوانی خۆی بدات كه‌ ماڵ و سه‌روه‌تی خه‌لكی بێ دیفاعی ئه‌و دێهات و شار و شارۆچكانه‌ی كه‌ چۆلیان ده‌كردن، به‌ تاڵان بۆ خۆیان به‌رن. به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ژن و پیاو و مناڵ و پیر و لاو له‌ شوێنی نیشته‌جێ بوونی خۆیان هه‌ڵكه‌ندارن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی رێگایان پێبدرێ كه‌ جگه‌ له‌ لیباسی به‌ریان هیچ شتێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵبگرن. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆر و زه‌به‌نده‌یان به‌ ئوتوبوسی سۆغره‌ به‌ره‌و بیابانه‌كانی “نۆگره‌ سه‌لمان” له‌ ناوه‌ندی عێراق راپێچ كرد و له‌وێ به‌ره‌به‌ره‌ به‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ترین شێوه‌ له‌ناویان بردن و له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كاندا شاردیانه‌وه‌. تاك تاك كه‌سانێك كه‌ له‌و مه‌رگه‌ ساته‌ رزگاریان بووه،‌ داستانه‌كانی خۆفناك و پر له‌ ئێش و ئازاری ئه‌م كۆمه‌لكوژییه‌یان ئاشكرا كردووه‌.عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفال له‌ مانگی فێورییه‌ی ساڵی 1988 زایینیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و له‌ مانگی سێپتامبری هه‌مان ساڵدا كۆتایی پێهات، ئه‌و عه‌مه‌لیاته به‌ربڵاوه‌ ته‌واوی كوردستانی عێراقی گرته‌وه‌ و سه‌دان هه‌زار كه‌س تێیدا بوونه‌ قوربانی و له‌ نێوبران و ئاواره‌كران و به‌ره‌و گۆڕه‌ به‌كومه‌ڵه‌كان بران. هه‌ر چه‌ند تاكوو ئێستاش ئامارێكی وردی ئه‌م كاره‌ساته له‌ به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام له‌ رووی ئه‌م گۆره‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی كه دۆزراونه‌ته‌وه‌ و له‌ لێكۆلێنه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه له‌م كاره‌ساته‌دا نزیكه‌ی ١٨٠ هه‌زار ئینسان له‌ ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو، قه‌تلو‌عام كراون. له‌ جه‌ریانی ئه‌نفالدا نه‌ك هه‌ر ئینسان، به‌لكوو ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر و دار و دره‌خت و سه‌وزایش له‌ناوده‌بران و هه‌زاران ناوچه‌ی سه‌وزه‌ڵان و پر دار و دره‌خت سوتێنران. سه‌رجه‌م دانیشتوانی گونده‌كانی ناحیه‌ و قه‌زا هه‌ڵوه‌شاوه‌كانیش، ئه‌وانه‌ كه گیانیان ده‌رباز ببوو، له‌ ئۆردوگای گه‌مارۆ دراوی شێوه‌ سه‌ربازیدا ده‌ستبه‌سه‌ر كران.عه‌مه‌لیاتی “ئه‌نفال” به ‌8 قۆناغی جیاواز له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستانی عێراق له‌ پارێزگاكانی دهۆك، هه‌ولێر، موسل ، كركوك و سلێمانی به‌رێوه‌چوو. ئه‌م عه‌مه‌لیاته رووداوێكی كتوپر نه‌بوو به‌ڵكوو له‌ ساڵه‌ها پێشتره‌وه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ خه‌ریك بوو به‌رێوه‌ده‌چوو و له‌ سالی 1988 دا گه‌یشته لوتكه‌ی خۆی. بۆ نمونه، پێشتر له‌ كۆتایی ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی حه‌فتا و سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا به‌ هه‌زاران كوردی فه‌یلی له‌ به‌غدا و شوێنه‌كانی دیكه‌ گیران و له‌ ناوبران و راگوێزران. له‌ ساڵی ١٩٨٣ دا ٨ هه‌زار دانیشتووی ناوچه‌ی بارزان گیران و دواتر هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ بیابانی (لیه‌) له‌ سنووری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ كرانه‌ ژێر گڵه‌وه‌. ه‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالدا هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی كورد به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌لایه‌تی تێكچوو، هه‌زاران ژن بێ هاوسه‌ر مانه‌وه‌ و هه‌زاران مناڵ بی باوك بوون، سه‌دان كه‌س باری ده‌روونیان تێكچوو، هه‌ژاریی و نه‌بوونی و گه‌ڵێك ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شوێنیدا په‌ره‌یان سه‌ند. له‌م جه‌ریانه‌دا گوند هه‌بوو به‌ ته‌واوه‌تی دانیشتووانه‌كه‌ی ئه‌نفال كرا، بۆ نموونه‌ گوندی جه‌له‌مۆرد له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك 378 كه‌سی لێ ئه‌نفالكرا، له ئاوایی گۆگته‌په‌ 334 كه‌س و له‌ ئاوایی فه‌قێ مسته‌فا 200 كه‌س له‌ناوبران.

به‌ پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ و ئاماری به‌رده‌ست، ته‌نها له‌ سنووری كه‌ركوك 6071 كه‌س به‌ته‌واوه‌تی له‌ ناوبران. ئه‌م كاره‌ساته‌ كوردستانی به‌ره‌ورووی وه‌ها قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌لایه‌تی، ده‌روونی و ئابوری كرده‌وه‌ كه‌ تا ئه‌مرۆش شوێنه‌واری هه‌ر ماوه‌ و ده‌یان سالی دیكه‌ش شوێنه‌واری ده‌مێنێ. زۆربه‌ی به‌كره‌گیراوه‌كان، له‌ موسته‌شار و سه‌رۆكی دارو ده‌سته‌كانی كوردی سه‌ربه حكومه‌تی به‌عس، نه‌ك هه‌ر سزا نه‌دران، به‌ڵكوو له‌ سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانێك كه به‌ تاڵان و برۆی خه‌ڵكی ئه‌نفال كراو ده‌ستیان كه‌وتبوو، دانیشتوون و ئێستاش وه‌كوو دڕكێك له‌ چاوی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، ژیانی ئاسایی خۆیان درێژه‌ پێده‌ده‌ن.پیویست به‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌مووی ئه‌و روداوانه‌ هه‌روه‌كو روداوه‌كه‌ی هه‌له‌بجه‌ له‌ به‌ر چاوی ده‌وله‌تانی گه‌وره‌ی دنیا و له‌ سه‌رووی هه‌موانه‌وه‌ به‌ به‌ر چاوی ده‌وله‌تی ئامریكاوه‌ رویاندا و میدیای جیهانی كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆلی ئه‌و ده‌وله‌تانه‌دا بوو له‌ ئاست وه‌ها جینایه‌تێكی سامناك بێده‌نگ بوو. ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا پاش بیست و حه‌وت ساڵ، یادی قوربانیانی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رژیمی دیكتاتۆری به‌عسی عێراق له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه‌، به‌ڵام هێشتا ره‌نج و ئازار و برینه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ موسیبه‌تلێدراوه‌، كۆتایی پێنه‌هاتووه‌ و ساڕێژ نه‌بۆته‌وه‌. هه‌ر ئێستا ده‌یان هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالكراو به‌ ده‌ست هه‌ژاری، نه‌داری و غه‌می له‌ده‌ستدانی ئازیزانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.له‌ یادی بیست و حه‌وت ساڵه‌ی كاره‌ساتی كومه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا جارێكی دیكه ئه‌و په‌ری نه‌فره‌ت و بێزاری خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ بریاڕده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌ته سامناكه ده‌رده‌برین و هه‌زاران سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ یادی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌م كاره‌ساته.