له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌تایبه‌ت له میدیاكانی ئۆپۆزیسیۆنی لایه‌نگری ڕۆژئاوا، هات و هاوارێكی زۆر سه‌باره‌ت به “گرێبه‌ستی ٢٥ ساڵه‌ی نێوان كۆماری ئیسلامی و چین” كه‌وتووه‌ته ڕێ. ناسیۆنالیسته ئێرانیه‌كان ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه له‌گه‌ڵ گرێبه‌ستی “تۆركهمهنچای” هه‌ڵده‌سه‌نگێنن كه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی قاجار له‌گه‌ڵ ئیمپراتووریی ڕووسیه به‌سترا و به پێی ئه‌م گرێبه‌سته چه‌ندین ناوچه‌ی به‌رینی ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی قاجار، درایه ڕووسیه. ئه‌وان باس له پشێلكرانی “ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی“، “تاڵانكردنی سه‌روه‌ته‌كان” و “خه‌یانه‌ت” ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م گرێبه‌سته و كاتی نیهایی په‌سند كردنی، هێستا زانیاریه‌كی جێگه‌ی متمانه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه. ههرچیهكه، له لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه، وشیارانه و به ئامانجی دیاریكراو بڵاوكراوه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌ر له‌و ئاسته‌دا كه له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ڕژیمه‌وه باسی لێده‌كرێ، به پێی ئه‌م گرێبه‌سته، قه‌راره: ده‌وڵه‌تی چین، بڕی ٢٨٠ ملیارد دۆلار له سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی و ١٢٠ ملیارد دۆلار بۆ گه‌شه‌ی ژێرخانه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و هاتووچۆی ئێران، سه‌رمایه‌گوزاری بكات. له به‌رامبه‌ردا ده‌وڵه‌تی چینیش به‌ڵێنیی داوه كه نه‌وتی ئێران بكڕێت و تا ٣٢ له‌سه‌د داشكاندن له‌سه‌ر نرخی هه‌موو به‌رهه‌مه نه‌وتی و پێترۆشیمیهكانی ئێران دانێ. هه‌روه‌ها ڕێگه‌دانی چین بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌موو سه‌رچاوه ده‌ریاییه‌كانی ئێران له كه‌نداوی فارس و ده‌ریای عۆمان به‌شێكی دیكه له ناوه‌رۆكی ئه‌م گرێبه‌سته‌یه. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ هاتووه‌ته ناو میدیاكانه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تی چین بۆ پاراستنی كه‌ره‌سته فهنییهكانی خۆی، له قۆناغی یه‌كه‌مدا، ٥ هه‌زار هێزی نیزامی دێنێته ناو خاكی ئێرانه‌وه. سه‌باره‌ت به‌م گرێبه‌سته، پێویسته تیشك بخرێته سه‌ر خاڵه‌كانی خواره‌وه:
یه‌كه‌م، تا ئه‌و جێگایه‌ی كه به ناوه‌رۆكی گرێبه‌ستی نێوان كۆماری ئیسلامی و چین ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ڕاستیدا، سیاسه‌تمه‌داره‌كانی چین به باشی ده‌زانن كه كۆماری ئیسلامی، تا چ ڕاده‌یه‌ك كه‌وتوونه‌ته به‌ر نه‌فره‌تی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ئێرانه‌وه و ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوویان له نزیكه‌وه بینیوه. ئه‌وان ده‌زانن كه ڕژیمێكی ئیفلاس هێناوی وه‌ك كۆماری ئیسلامی، له وه‌ها سهقامگیریهكی سیاسیی به‌هره‌مه‌ند نییه كه سه‌رمایه‌ی حیسابگهری چینی، به بێ ترس، ڕیسكی سه‌دان ملیارد دۆلار سه‌رمایه‌گوزاری، له ئێران قه‌بووڵ كات. هه‌ربۆیه له واژۆ كردنی “ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی هاوكاریهوه” تا به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ٤٠٠ ملیارد دۆلاریی سه‌رمایه‌گوزاریی چین له ئێران، ڕێگایه‌كی دوور و درێژ له‌به‌ره. كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی عه‌له‌نی كردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه گشتیه‌كانی ئه‌م گرێبه‌سته، هه‌وڵ ده‌دات، په‌راوێزبوونی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆی بشارێته‌وه تا به‌ڵكوو بوار بۆ وه‌رگرتنی پوان له لایه‌نه ئۆرووپایی و ئه‌مریكاییه‌كان خۆش بكات. ئه‌و تهبلیغاتهش كه وشیارانه ده‌رخواردی میدیاكانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی و ناسیۆنالیسته ئێرانیه‌كان ده‌درێت، ڕێك له خزمه‌ت ئامانجی ته‌بلیغی و ده‌روونیی دڵخوازیی كۆماری ئیسلامی دایه.
دووهه‌م، ده‌وڵه‌تی چین به باشی له هه‌ستیار بوونی پێگه‌ی ستراتێژیكی ئێران بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی ڕۆژئاوای ئاگاداره. له حاڵێكدا كه قه‌باره‌ی موعامهلاتی بازرگانیی چین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا چه‌ندین به‌رابه‌ری موعامهلاتی بازرگانیی له‌گه‌ڵ ئێرانه، له حاڵێكدا كه ده‌وڵه‌تی چین، پانتایی جیهانیی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، به وردی لێكده‌داته‌وه، به ئاسانی خۆ ناخاته ناو موعامهلهیهكهوه كه زه‌ربه له به‌رژه‌وه‌ندیی درێژهماوهی په‌یوه‌ندیی چین و ئه‌مریكا بدات. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی چین به خه‌یاڵی ئاسووده‌وه ده‌توانێ ده‌ست به‌رێ بۆ سه‌روه‌ت و هێزی كاری هه‌رزانی ئه‌فریقا، باش ده‌زانێ كه به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سیاسه‌ته له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتێژیكی ئه‌مریكا له ئێران، كارێكی ئاسان نییه. له قۆناغی گه‌مارۆكانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆسه‌ر كۆماری ئیسلامی، هه‌تا ئێستا، نه ده‌وڵه‌تی چین و نه ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ڕووسیه، هه‌ر به‌م هۆكاره، هیچكامیان یارمه‌تیده‌ری كۆماری ئیسلامی نه‌بوون.
سێهه‌م، به‌ده‌ر له ئامانجی سیاسی و دیپلۆماتیكی دوو لایه‌نی ئێران و چین، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به وه‌ها گرێبه‌ستێكه‌وه هه‌یه، كۆماری ئیسلامی به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و پێگه‌یه‌دا نییه كه بتوانێ له‌گه‌ڵ زلهێزه جیهانییه‌كانی وه‌ك چین، ئه‌مریكا، ڕووسیه و یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، له پێگه‌ی یه‌كسانه‌وه، بڕواته ناو موعامه‌له‌ی به‌ناو “براوه براوه” له هیچ گرێبهستێكدا. هربۆیه هیچ شكێك له‌وه‌دا نییه كه كۆماری ئیسلامی، له پێگه‌ی ده‌وڵه‌تێكی لهبوار ئابووریه‌وه داڕماو، له بوار نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه په‌راوێز خراو، ده‌وڵه‌تێك كه به‌لای خه‌ڵكی ئێرانه‌وه هیچ ڕهواییهكی نییه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی به ئاخێزه به‌رینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌وتووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه، واته له پێگه‌یه‌كی خواردهست و لاوازه‌وه ئه‌م گرێبه‌ستانه ئه‌نجام ده‌دات.
چواره‌م، له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی ئه‌م كۆمهڵگایهوه، واته بۆ جه‌ماوه‌رێك كه ده‌سه‌ڵاتی پتر له ٤٠ ساڵی ئه‌م ڕژیمه، بێجگه‌له هه‌ژاری و دواكه‌وتوویی ئابووری، زه‌وت كرانی سه‌ره‌تاییترین ماف و ئازادیی ئینسان، ئێعتیاد، له‌ش فرۆشی و ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌ی نه‌بووه، هه‌ر جۆره “گرێبه‌ست” یان “ڕێكه‌وتننامه”یه‌ك، له لایه‌ن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌وه، كه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك به مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی خزمه‌ت بكات، ڕهدكراوهیه. ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه له‌گه‌ڵ چین بێت یان ڕووسیه، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بێت یان یه‌كییه‌تیی ئۆرووپا، له هه‌مان حاڵ‌دا كه به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌وسێنه‌رانه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه دابین ده‌كات، دژبه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مڕۆ و داهاتووی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و چه‌وساوه‌ی ئێرانیشه.
پێنجه‌م، به‌ڵام هات و هاواری ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیستی ئێرانی، كه له‌م ڕۆژانه‌دا، به‌خاتری پێشێلكرانی “ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی” و “به‌تاڵانچوونی سهروهتهكانی ئێران” به‌رز بووه‌ته‌وه، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی ئێرانه‌وه نییه. مافه‌كانی ئه‌م خه‌ڵكه زۆر پێشتر له‌م گرێبه‌سته، له لایه‌ن هه‌ر ئه‌م ڕژیمه‌وه پێشێل كراون. ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خه‌ڵك به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئه‌م ڕژیمه‌وه پێشێل كراوه. سه‌ره‌وه‌ته سرووشتیه‌كانی ئه‌م وڵاته، له‌مێژه به‌ده‌ست ئه‌م ڕژیمه تاڵان كراون. شیره‌ی گیانی چینی كرێكاری ئێران له لایه‌ن ئه‌م ڕژیمه و نیزامێك كه ده‌یپارێزێ، هه‌ڵمژراوه. كه‌وابوو، ڕزگاربوونی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له چنگ ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه تێیدا گرفتاره، ته‌نیا له ڕێگه‌ی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌وه، مه‌یسه‌ر ده‌بێت.