شه‌وی یه‌كشه‌ممه ٢٣ی ئووت، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢ی مانگی خه‌رمانان، “جه‌یكۆب بلهیك“، پیاوه ڕهسپێستهكهی شاری كێنۆشا له ئه‌یاله‌تی ویسكۆنسین له به‌رامبه‌ر چاوی ناباوه‌ڕ و ترساوی سێ منداڵه‌كه‌ی، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و به‌هۆیه‌وه بۆ هه‌میشه كه‌م ئه‌ندام بوو و پۆلیسه سپی پێسته‌كه‌ش ته‌نیا به شێوه‌ی كاتی له‌سه‌ر كار لابردرا. به‌ڕاستی كه چ عهداڵهتێك؟
بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته ویدێئۆی ئه‌م جه‌نایه‌ته بۆ جارێكی دیكه كوژرانی جۆرج فلۆید، واته ئه‌و پیاوه ڕه‌شپێسته‌ی كه دوایین ڕسته‌ی “ناتوانم هه‌ناسه هه‌ڵكێشم” بوو، كاتێك كه پۆلیسه سپی پێسته‌كه چۆكی له‌سه‌ر گه‌ردنی توند كردبوو، زیندوو كرده‌وه. له كوژرانی جۆرج فلۆید و شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین دژبه ڕاسیسم له سه‌رتاسه‌ری جیهان و پتر له هه‌مووان له ئه‌مریكا، سێ مانگ تێپه‌ڕ بووه. ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژبه ڕاسیسم تا ڕاده‌یه‌ك دامركابۆوه، به‌ڵام له ئێستادا، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی نزیك به ١٠ ڕۆژ له‌و قه‌تڵه ده‌وڵه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یه، به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تیی شه‌وانه له هێندێك له شاره‌كان درێژه‌ی هه‌یه. له‌و ماوه‌یه‌دا دوو كه‌سی دیكه‌ش به‌هۆی ته‌قه‌ی تازه‌لاوێكی ١٧ ساڵه‌ی ئه‌ندامی گرووپێكی ڕاسیستی له جه‌ره‌یانی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا كوژران. ئه‌وه‌یكه له‌م په‌یوه‌نده‌دا له زاری ترامپ هاته ده‌ر، ته‌نیا چه‌ند ووشه‌ی ڕواڵه‌تی بۆ ده‌ربڕینی هاوده‌ردی نه‌بوو، به‌ڵكوو ده‌ستبه‌جێ هه‌ڕه‌شه‌ی له ناڕازیان كرد كه هێزه‌كانی گاردی تایبه‌تیان بۆ ده‌نێرێ. ئه‌و وتی كه “سه‌گه دڕه‌كان و چه‌كه مه‌ترسیداره‌كانی” به‌ره‌و ناڕازیان ده‌نێرێ. به‌ردانی “سه‌گی دڕ” وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی زه‌ینییه‌تی مێژووی تاریكی سه‌رده‌می كۆیله‌داریی ئه‌مریكایه، كاتێك كه كۆیلهدارهكان سه‌گه دڕهكانیان بۆ گه‌ڕان له كۆیله هه‌ڵاتووه‌كان به‌رده‌دا. هاوپیاڵه‌ی ترامپ، سێناتۆری كۆماریخوازی ئاركانزاس ڕایگه‌یاند كه “ئه‌گه‌ر پۆلیسی خۆجێیی خافڵگیر بووه و پێویستی به پشتیوانییه، با بزانین ئه‌م تیرۆریستانه‌ی “ئانتیفا” له‌به‌رامبه‌ر له‌شكری ١٠١ی ههوابۆرد دا، چه‌نده سه‌رسه‌ختن“. ئه‌گه‌ر “ئانتیفا” بزووتنه‌وه و ڕه‌وتێكی جیهانیی دژه فاشیسته و له زۆرێك له وڵاته‌كانی جیهان له هێڵی پێشه‌وه‌ی خه‌بات له‌دژی ڕه‌وته فاشیسته‌كان دایه، له‌و به‌ری دیكه‌ش، له‌شكری ١٠١ی هه‌وابۆردی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئیمپریالیسمی ئه‌مریكا به‌ئامانجی به‌ناو “شه‌ڕی دژه تیرۆر“ی ئه‌م وڵاته، له عێراق، ئه‌فغانستان وسووریه، به خزمه‌ت گیراون و ئێستاش قه‌راره له گیانی ناڕازیان بهردرێن. ترامپ ته‌نانه‌ت ڕایگه‌یاند كه سه‌فه‌رێك بۆ شاری كێنۆشا ده‌كات و هاوپشتیی خۆی له‌گه‌ڵ پۆلیس ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
هاوكات به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی “گیانی ڕه‌شپێسته‌كان بایه‌خی هه‌یه” و بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی هه‌رماوی ده‌یه‌ی ٦٠ی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ڕۆژی هه‌ینی، له ٥٧مین ڕێپێوانی ٢٥٠ هه‌زار كه‌سی به‌ره‌و واشینگتۆن كه ئه‌وكات مارتین لووتێركینگ له پێشه‌وه‌یان بوو، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه ڕێپێوانیان كرد كه مارتین لووتێر كینگ ئاواته‌كه‌ی خۆی ده‌ربڕیبوو. وتاربێژی ئه‌مجاره‌یان منداڵه‌كه‌ی بوو. له ئێستادا پاش ٥٧ ساڵ ده‌ركه‌وتووه كه ئاواته‌كه‌ی مارتین لووتێر كینگ چه‌نده دووره و تا چ ڕاده‌یه‌ك ڕاسیسمیش بووه‌ته به‌شێكی جیانهكراو و جێكهوتوو له‌ناو گشت ئۆرگانه ده‌وڵه‌تیه‌كانی ئه‌مریكادا. مارتین لووتێر كینگ له‌ڕووی خۆشباوه‌ڕیی خۆیه‌وه به نه‌زمی زاڵی سه‌رمایه‌داریی ئه‌مریكا وتبووی: “ئاواتم ئه‌وه‌یه كه ڕۆژێك ته‌نانه‌ت ئه‌یاله‌تی می سی سی پی، ئهیالهتێك كه له ئاگری بێعه‌داڵه‌تی دا ده‌سووتێ، له ئاگری سه‌ركوتدا ده‌سووتێ، ببێته مه‌ڵبه‌ندی ئازادی و عه‌داڵه‌ت. ئاواتم ئه‌وه‌یه كه ڕۆژێك ئه‌و چوار منداڵه وردهم، له‌م وڵاته‌دا، نه‌ك به پێی ڕه‌نگی پێستیان، به‌ڵكوو به پێی كه‌سایه‌تییان قه‌زاوه‌ت بكرێن“. مارتین لووتێركینگ پاش تێپه‌ڕینی ٢٤ كاتژمێر له‌و وتانه‌ی له لایه‌ن لاوێكی سپی پێسته‌وه تیرۆر كرا. ئه‌گه‌رچی كوژرانی ئه‌و، ئه‌وكات بوو به‌هۆی وهڕێكهوتنی چه‌ندین ڕاپه‌ڕینی به‌رین و ئه‌گه‌رچی ئه‌وكاتیش “سه‌گه دڕه‌كان و چه‌كه ترسناكه‌كان“یان به‌ره‌و خۆپیشانده‌ران نارد، به‌ڵام ئاشكرا بوو كه ئاواته‌كه‌ی مارتین لووتێر كینگ له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه گیانی ڕه‌شپێست بایه‌خێكی نییه، چه‌نده دووره. كوژرانی ئه‌و ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ریه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی ڕه‌شه‌كان دانا و به‌هۆیه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ڕادیكاڵی “پڵینگه ڕه‌شه‌كان” سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌هۆی نه‌بوونی ئاسۆیه‌كی به‌رزتر له كاپیتالیسمی زاڵ، نه‌یانتوانی ئاواتی به‌رابه‌ری، بێننه دی. نابێ له‌بیرچێته‌وه كه ئه‌م ڕاسیسمه جێكهوتووه پتر له هه‌مووان له ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه ده‌وترێ داڕێژه‌رانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا له ساڵی ١٧٧٦ی زایینی‌دا بوون. له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه كه “هه‌موو مرۆڤه‌كان یه‌كسان خوڵقاون“. تۆماس جێفێرسۆن كه ئه‌م ووشه‌یه به قه‌ڵه‌می ئه‌و، له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا گونجێندراوه، خۆی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كۆیلهدارهكانی ئه‌و سه‌رده‌م بوو. بۆ ئابڕاهام لینكۆڵن، سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌مریكا كه ڕاگه‌یاندنی “ئازادیی كۆیهلهكان“ی له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌مریكا له نێوان ئه‌یاله‌تی باكوور و باشوور له ساڵی ١٨٦٢ ده‌ركرد، ئه‌وه‌یكه بۆی گرینگ بوو، یه‌كگرتوویی باكوور و باشوور بوو، نه‌ك ڕزگاریی كۆیله‌كان. ئه‌و هاوكات وتی: “ئه‌گه‌ر توانیبایهم ئه‌م یه‌كیه‌تییه به بێ ئازاد كردنی هیچ كۆیله‌یه‌ك بپارێزم، ئه‌و كاره‌م ده‌كرد و ئه‌گه‌ر توانیبایهم یه‌كیه‌تیه‌كه به ئازاد كردنی گرووپێك له كۆیله‌كان و ڕاگرتنی گرووپێكی دیكه بپارێزم، ئه‌و كاره‌شم ئه‌نجام ده‌دا“. ئه‌وانه بوون باوكانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا و ڕاگه‌یاندنی ئازادیی كۆیله‌كان. نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه كه ئه‌و ڕهستهیهی سه‌ره‌وه له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه وترا كه مارتین لووتێر كینگ ١٠٦ ساڵ دواتر له لای بینای یاده‌وه‌ریه‌كه‌ی، ئاواته‌كه‌ی خۆی وتبوو. به‌ڵام، مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مریكا و مێژووی خوێناویی ڕه‌نگین پێسته‌كان له‌م وڵاته، ٢٥٠ ساڵه پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا، ١٥٠ ساڵه پاش په‌سه‌ندكرانی یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆیله‌داری و ٥٦ ساڵ پاش په‌سندكرانی یاسای مافی مه‌ده‌نی، جێگایه‌كی به‌و ئاواتانه نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
كاتێك كه ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیمپریالیستیی ئه‌مریكا باس له گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می گه‌وره‌یی ئه‌مریكا ده‌كات و كاتێك باس له “ئه‌مریكا یه‌كه‌م” ده‌كات، پێ ده‌نێته جێ پێی ئه‌وانه‌ی وا مێژوویی خوێناویی كۆیله‌كان به‌ناوی ئه‌وانه‌وه تۆمار كراوه. له‌ڕاستیدا، “سه‌گه دڕه‌كان“ی سه‌رده‌می كۆیله‌داری له‌گه‌ڵ سه‌رنشینانی سپی پێستی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه كه چه‌ك به‌ده‌ست له ڕۆژانی ڕابردوودا، له شاره جۆروجۆره‌كانی ئه‌مریكا، ڕێژه ڕۆیشتن و به‌ناو، بوونه به‌ڕێوه‌به‌رانی “یاسا و نه‌زم“ی ترامپ، جیاوازیه‌كی زۆریان نییه. مێژوو پاش ٢٥٠ ساڵ، بۆ جارێكی دیكه دووپات ده‌بێته‌وه و ئه‌مجاره‌یان له‌ژێرناوی “یاسا و نه‌زم“، ئه‌مجاره‌یان له‌ژێرناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ناو تیرۆریستانێك كه دژه فاشیستن و به ده‌ستی كه‌سێك كه سه‌رۆكی به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داریی جیهانه.