کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌یادی 27 همین ساڵی كاره‌ساتی بومبارانی شیمیایی شاری هه‌ڵه‌بجه‌

بيست و حه وت ساڵ له‌وه‌ پێش، له‌ كاتێكدا كه‌ كۆمه‌ڵانی سته‌م لێكراوی خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی هاتنی گوڵ و سه‌وزه‌ڵانی و شنه‌ی بای به‌هاریان ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ده‌شتی جوان و سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور به‌رگی ره‌نگاوره‌نگی له‌به‌ر كردبوو و ئامێزی پڕ له‌ بۆن و به‌رامه‌ی بۆ نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌ كردبووه‌، له‌ ئاوا رۆژێكدا، رق و قینی ئه‌ژدیهای حكومه‌تی به‌عس و دیكتاتۆره‌ خوێن رێژه‌كه‌ی بۆ له‌ناوبردنی به‌هار و گوڵ، شادی و خۆشی، مرۆڤ و په‌له‌وه‌ر، ئاسمانی شینی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ هه‌میشه‌ ژاراوی كرد و گوڵاڵه‌ سووره‌كانی ده‌شتی شاره‌زووری ژاكاند و باڵنده‌كانی له‌ خوێندن لاڵ كرد و گریانی منداڵی ساوای بۆ هه‌میشه‌ له‌ گه‌رویدا به‌ند كرد. له‌ ئاوا رۆژێكدا بوو كه‌ دوو حكومه‌تی به‌عس عيراق و كؤمارى ئیسلامی ئيران له‌ درێژه‌ی شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی خۆیاندا هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد به‌ گۆڕه‌پانی ئه‌و شه‌ڕه و زیاتر له‌ 5 هه‌زار ژن و پیاو و پیر و لاوی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان قه‌تڵ و عام  وبه‌ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شیان بریندار كرد و به‌و چه‌شنه‌یه‌كێك له‌ دزێوترین لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی پڕ له‌ سه‌ركوت و جه‌نایه‌تی خۆیان تۆمار كرد. دۆا رۆژه‌كانی مانگی ره‌شه‌ممه‌ و نزیك بوونه‌وی به‌هاری 1367 بوو. شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراق 8 ساڵی ره‌به‌ق درێژه‌ی كێشابوو. به‌ سه‌دان هه‌زار مرۆڤ له‌م شه‌ڕه‌ بێ ئاكام و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌دا كوژراو و بریندار و ملیۆنها كه‌س ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر ببوون.

 388

ده‌سه‌ڵاتدارانی شه‌ڕخواز له‌ به‌غدا و تاران خوێن تێری نه‌كردبوون. ئه‌ژدیهای شه‌ڕ هه‌روا له‌ به‌ره‌كانی كاولكاری و ماڵوێرانیدا جه‌سته‌ی ئینسانه‌كانی هه‌ڵده‌لووشی. ناڕه‌زایه‌تی ده‌رهه‌ق به‌و شه‌ڕه‌ له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ی ده‌ستاند. ماندوویه‌تی به‌ جه‌سته‌ی زامداری سه‌ربازانی شه‌كه‌ت له‌ شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو لا رۆژ به‌ رۆژ زیاتردةبوو. هه‌ر چه‌ند به‌ كرده‌وه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بۆن به‌ست دروست ببوو، به‌ڵام تاوانبارانی شه‌ڕ حازر به‌ كۆتایی هێنان به‌ كوشتاری ئینسانه‌كان نه‌بوون. نه‌ خومه‌ینی و دار و ده‌سته‌كه‌ی توانیان به‌ وته‌ی خۆیان “رێگای قودس له‌ كه‌ربه‌لاوه‌ ببڕن” و نه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدایش ده‌یتوانی، سه‌ركه‌وتنی “خوی له‌م شه‌ره‌ دا” جێژن بگرێت. ، هه‌ر دوو لا هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ ده‌ست بێنن تا له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ ئیمتیازی زۆرتر وه‌ر بگرن. به‌ڵام سه‌ركه‌وتن به‌ بێ كوشتار و خوێن رێژی زۆرتر به‌ ده‌ست نه‌ده‌هات.

په‌لاماری ئه‌رته‌ش و سپاى پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌‌ و شاره‌زوور به‌ هێزی زۆر و زه‌به‌ند و به‌یارمه‌تی هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی عێراق و شكستی ئه‌رته‌شی عێراق له‌ به‌رانبه‌ر وه‌ها په‌لامارێكدا و داگیر كردنی هه‌ڵه‌بجه‌‌ و ده‌ور و به‌ری له‌ لایه‌ن ئێران، بیانووی دایه‌ ده‌ست سه‌رانی تاوانباری حیزب و ده‌وڵه‌تی به‌عس تا له‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قیدا تۆڵه‌ی شكست و ناكامی خۆیان له‌ خه‌ڵكی ئازار چێشتووی هه‌ڵه‌بجه‌‌ بكه‌نه‌وه‌. رۆژی 25ی مانگی ره‌شه‌مه‌ی 1366 فڕۆكه‌‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی عێراق بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی ژه‌هراوییان له‌ فڕۆكه‌‌خانه‌ی كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵگرت و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌‌ فڕین. فڕۆكه‌كانی مه‌رگ له‌ ده‌شتی سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور نزیك بوونه‌وه‌ و شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌ و ده‌ور و به‌ریان به‌ ئاگر و بۆمب و ژه‌هر داپڵۆسی. له‌ چه‌ند چركه‌ساتدا شارێك خاپوور بوو. 5 هه‌زار ئینسانی بێ تاوان به‌ تاك و به‌ كۆمه‌ڵ بوون به‌ قوربانی ده‌سه‌ڵات داراني  تارانوبه‌غدا.

به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ژدیهای خؤێنمژی به‌عس به‌ بۆمباران كردن و رژاندنی ژه‌هری ئینسان كوژ، هه‌زاران ئینسانیسته‌ملێكراوی له‌ ژیان بێ به‌هره‌ كرد و مۆری جینایه‌ت و دڕه‌ندیی به‌ له‌ش و جه‌سته‌ی هه‌زاران ئینسانی ئازار چێشتووی دیكه‌وه‌ به‌جێ هێشت. هه‌زاران دایك و باوكیان جه‌رگ سوتاو كرد و گه‌رمی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینداری ئه‌وانیان له‌ هه‌زاران منداڵ زه‌وت كرد.

كۆماری ئیسلامی له‌م كۆمه‌ڵ كوژیه‌ی حكومه‌تی عێراق، به‌ قازانجی خۆی زۆرتر كه‌ڵكی وه‌رگرت و بۆ قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته ریاكارانه‌ و فێڵبازانه‌ فرمێسكی تیمساحی رژاند و ئه‌و كات‌ و هه‌ر ئێستا به‌ ته‌بلیغاتی درۆینه‌ و بێ شه‌رمانه وا نیشانی داوه‌ و ده‌یدات كه‌ گۆیا له‌ جه‌ریانی بۆمبارانی خه‌ڵكی حه‌له‌بجه‌، به‌ فریایان كه‌وتووه‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌زانن كه‌ كۆماری ئیسلامیش به‌قه‌د رژیمی به‌عس له‌م جه‌نایه‌ته‌ رۆڵی هه‌بووه‌ و ده‌ستی ئه‌م رژیمه‌ ئینسان كوژه‌ش هه‌ر وه‌ك ده‌ستی به‌عسییه‌ قاتڵه‌كان به‌ خوێنی گیان به‌ختكردووانی ئه‌م كاره‌ساته،‌ سووره‌. كاره‌ساتی حه‌له‌بجه‌ ده‌ستی هه‌موو بكوژان له‌ كۆماری ئیسلامی و به‌عسییه‌ عێراقییه‌كان تا ئامریكا و رۆژئاوا و ده‌ڵاڵانی چه‌ك و چۆڵی كیمیایی و بازرگاكانی مه‌رگیی ئاشكرا كرد و نه‌فره‌ت و بێزاری خه‌ڵكی جیهانی له‌ دژی ئه‌وان هه‌ڵخڕاند.

ئه‌گه‌ر بیروڕای گشتی جیهان، سه‌دام و خومه‌ینی به‌ هۆكاری راسته‌وخۆی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ناسن، زۆربه‌ی خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌زانن كه‌ چ كه‌سانێك ئه‌م بكوژانه‌یان به‌ چه‌كی كیمیایی و كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ، ته‌یار كرد. ده‌زانن كه‌ چ كه‌سانێك ئه‌م جه‌نایه‌تكارانه‌یان بۆ تاقی كردنه‌وه‌ی چه‌كه‌ تاقی نه‌كراوه‌كانیان، هان دا. ده‌زانن كه‌ بۆچی سه‌رانی وڵاتانێك كه‌ گوێی فه‌له‌كیان به‌ دیمكراسیخوازانه‌ی درۆینه‌ی كه‌ڕ كردبوو، گۆێی خۆیان له‌ روودانی ئه‌م كۆمه‌ڵ كوژییه‌ خه‌واندبوو و نووزه‌شیان لێوه‌ ده‌رنه‌ده‌هات.

ئه‌م جه‌نایه‌تكارانه‌ وه‌ها بۆنی فرۆشتنی چه‌ك و چۆڵی شه‌ڕ سه‌رمه‌ستیانی كردبوو و وه‌ها بۆنی نه‌وتی به‌خۆڕایی له‌خۆبایی كردبوون كه‌ نه‌یانده‌توانی هه‌ست به‌ بۆنی خوێنی هه‌زاران ئینسان كه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌ سات دا خوێنیان رژابوو، بكه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ له‌ روودانی كاره‌ساته‌كه‌ تێپه‌ڕ نه‌بوو كه‌ بیروڕای گشتی جیهان تێگه‌یشتن كه‌ حكومتی به‌عس له‌ چ رێگایه‌ك و له‌ لایه‌ن چ وڵاتانێك و له‌ رێگای كام كۆمپانیاوه‌ به‌ چه‌كی كیمایی ته‌یار كراوه‌.

له‌27 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی كیمیابارانی حه‌له‌بجه‌ دا، رێز له‌یادوبیره‌وه‌ری گیانبه ختکردوان ئه و جینایه ته ده گرین و سلاو ده نیرین بو گیانی پاکیان. به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ شه‌ڕ و نائه‌منی، ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندان، هه‌ژاری و نابه‌رابه‌ری، كه‌ نیزامی سه‌رمایه‌داری هۆكار و سه‌رچاوگه‌ی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌یه‌، جێگای خۆی به‌ ئاشتی، ئازادی و ریفاه و به‌رابه‌ری ئینسانه‌كان بدات.