کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لایەحەی بودجەی ٩٧ هێرشێکی دیكه‌ بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی ئێران، رۆژی یەکشەممە ١٩ی مانگی سەرماوەز بەرابەر لەگەڵ ١٠ی دسامبر لایەحەی بودجەی ساڵی ١٣٩٧ی دایە مەجلیسی ئیسلامی. روحانی لە سوخەنرانی ناساندنی ئەم لایەحەیەدا، بودجەی نوێی بە بودجەیەک ” لەسەر بنەمای هەلی کاری گشت گیر و لەسەر بنەمای سڕینەوەی هەژاری و دابینكردنی عەداڵەت” ناوبرد. حەسەن روحانی لە حاڵێکدا وەعدەی هەلی کاری گشت گیر تێکرار دەکاتەوە کە نە تەنیا وەعدەکانی تا ئیستای سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی کریکاران بە گشتی پوچ دەرچوون، بەڵکوو زیاتر لە هەر کاتێکی دیكه‌ چەرخی ژیانی خەڵک لە قوڕ چەقیوە. چاوگیڕانێکی خێرا بەسەر لایەحەی بودجەی ٩٧ نیشانی ئەدات کە ئەم بودجەبەندیە نە تەنیا نابێتە کەم بوونەوەی هەژاری و نا دادپەوەری لە کۆمەڵگادا، بەڵکوو هێرشێکی نوێ بۆسەر ژیان و سفەرەی بەتاڵی کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگەی ڕێکخستوە. لایەحەی بودجەی ٩٧ ڕاست لە ئاستی درێژەی سیاسەتە ئابووریە نیئۆلیبرالیەکانی دەوڵەتی روحانیدایە، ئەو سیاسەتانەی کە بە پەیڕەو کردنی بەرنامە ڕیازیازەتیە ئابووریەکان دەیەوێ باری قورسی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران بخاتە سەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە.

لایەحەی بودجەی ٩٧ باس لە زیاد بوونی ١٠ لەسەدی حەقدەستەکان و حقوقی کارمەندانی دەوڵەت لە ساڵی داهاتودا دەکات. واتە بەم حیسابە و لەژێر سێبەری “سیاسەتی سڕینەوەی هەژاری” روحانیدا پێش بینی دەکرێت کە بە لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ٩٣٠ هەزار تمەنی کرێکارانەوە لەمساڵدا ١٠ لەسەد زیاد بکرێت و لانیکەمی حەقدەست بگاتە یەک ملیۆن و ٢٣ هەزار تمەن لە مانگدا. ئەوە لە بارۆدۆخێک دایە کە شوڕای باڵای کاری ڕژیم هەزینەی سەبەدی بەڕێچوون یان هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی ٣ بۆ ٥ کەسی لە ساڵی ڕابردودا، ٢ ملیۆن و ٤٨٩ هەزار تمەن دیاری کرد و بەم جۆرە ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ئەمساڵی کرێکارانی ٢٠٠ لەسەدیش زیاد بکردایە دیسانیش نەدەگەیشتەوە ئاستی هێڵی هەژاری. ئەوە یانی ئەوەیکە لایەحەی بودجەی روحانی کە “سڕینەوەی هەژاری” لە مێحوەریدا قەراری گرتوە ناتوانێ کەلێنی نێوان حەقدەستی زۆربەی کرێکارانی ئێران لەگەڵ هێڵی هەژاریدا پڕ بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە حاڵێکدا کە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە نرخی نان زیاد بووە، لایەحەی بوجەی ٩٧یش زیاد بوونی ٢٠ لەسەدی نرخی ئاو و گازی خستۆتە دەستوری کاری دەوڵەتەوە. زیاد بوونی نرخی ئەم کاڵایانە کە ئاسەواری ئاوسانی بەسەر باقی کاڵا مەسرەفیەکانی دیکەشەوە پێش بینی دەکرێت، لە هەموان زیاتر ژیانی بنەماڵە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر گوشارەوە. بەڵام هێرشی بەرنامە بۆ داندراوی دەوڵەتی روحانی بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی بێبەشانی کۆمەڵگە هەر بێرەوە بەرتەسک نەبۆتەوە. بەپێی لایەحەی پێشکەش کراو بە مەجلیس، بودجەی پێش بینیکراو بۆ یارانەکان بە نیسبەتی ئەمساڵ، زیاتر لە ٤٥ لەسەد کەم کراوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنیری تەسنیم، دەوڵەت بە لایەحەی بودجەی ٩٧، “بە کردەوە پێشنیاری لابردنی یارانەکانی زیاتر لە ٣٠ ملیون کەسی کردوە”، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ئاکامی پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووریدا جەمعیەتی یارانە بگیر بەردەوام لە حاڵی زیاد بووندا بووە. بە پێی ڕاپۆرتی “کوموسیۆنی بەرنامە، بودجە و محاسباتی مەجلیس”، لە ئێستادا نزیک بە ٩٦ لەسەدی شارۆمەندانی ئێرانی واتە نزیکەی ٧٦ ملیۆن کەس یارانەی نەغدی وەردەگرن. هەڵبەت دەوڵەت دەڵێ کە لابردنی یارانەی کەسانی خاوەن داهاتی زۆری لە دەستوری کاردایە، بەڵام روون نییە لە دەزگای دەوڵەتدا کە سەرتاپای نوقمی گەندەڵیە بە کام پێوانە ئەم تەرحە بە کردەوە دەردێنێ. یان رەنگە خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگە کە لە سلسلە مەراتبی دەوڵەتیدا دەستیان نییە زیاتر بەکەونە ژێر زوڵم و زۆره‌وە. روحانی لە ناساندنی لایەحەی بودجەی نوێدا بە مەجلیس، جەختی لەسەر ئیشتغاڵ زایی وەک تایبەتمەندیەک کردەوە. لەسەر بنەمای تەرحی بودجەی ٩٧، دەوڵەت قەرارە لە ساڵی داهاتودا نزیکەی ٨٠٠ هەزار هەلی کار دروست بکات. روحانی لە حاڵێکدا دەهۆڵی ڕەخساندنی هەلی کار دەکوتێ کە لە دوای بەرجامەوە تا ئیستا نزیکەی ٢٠ هەزار کارخانە و ناوەندی بەرهەمهێنان داخراون و کرێکارەکانیان بێکار بوون و ساڵانە بە ملیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران دەچێتە دەرێ. دەوڵەت لە حاڵێکدا لەسەر تایبەتمەندی ئیشتغاڵ زایی لایەحەی بودجە جەخت دەکاتەوە کە سەهمی بودجەی عومرانی لە لایەحەی پێشنیار کراودا بە مه‌جلیس ١١ هەزار ملیارد تمەن نیسبەت بە بودجەی ساڵی ٩٦ کەمتر بۆتەوە.

دەوڵەتی سەرمایەداران لە حاڵێکدا کە لە هێرش بۆسەر ئاستی ژیانی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە چاپۆشی لە هیچ هەوڵێک نەکردوە، لە بەرانبەردا بودجەی سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامیەکانی زیاد کردوە. لەسەر بنەمای تەرحێکی ئه‌و بودجەی کە دراوە بە مەجلیس ، بودجەی دیفاعی نزیکەی ٣٣ لەسەد و بودجەی سپای پاسداران نزیکەی ٤٢ لەسەد زیادی کردوە. قرارە بە بەپێی راپۆرتەکان، بودجەی ساڵی داهاتوی هیزە ئینتیزامیەکانیش بە حیساب کرانی بودجەی هەزینەیی و تەمەلوکی داراییە سەرمایەیەکان، گەیشتۆتە ڕەقمەی ١٢ هەزار و ٧٣٠ میلیارد تەمەن. ئەم ڕەقەمە نیشانی ئەدات کە بودجەی ناوەند و دامەزراوە مەزهەبیەکانی وەک سەدا و سیمای ڕژیم، وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشاد، حەوزە عیلمیەکانی قوم و ئەوانی دیكه‌ بۆ ساڵی ٩٦ی زیاد کردوە.

بەم چاوگیرانە کورتە بەسەر لایەحەی بودجەی ساڵی ٩٦ دا بە تەواوی روون دەبێتەوە کە دەوڵەتی روحانی لەم لایەحەیەدا بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری لەگەڵ دوو ئه‌ركی توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتی کۆمەڵگا و بەهێز کردنی بونیەی ئابووری ناوەندە مەزهەبیەکان بۆ پەرەدان بە تەبلیغی جەهل و خورافەی ئاوێتەی یەکتر کردوە. بە تیکەل کردنی ئەم سێ ئه‌ركه‌ دیارە کە چ ساڵێکی دژواری بۆ کرێکاران و خەڵکی ئێران لەبەرچاو گرتووە. لەبەرانبەر خۆ ئاماده‌كردنی ئەم هێرشە بەرینەی دەولەتی سەرمایەداراندا، چینی کرێکار دەبێ چی بکات؟ ئایا چینی کرێکار ئیجازە ئەدات کە بەشی زۆری بودجەیەک کە قرانی ئاخری بە زەحمەت و چەوساندنەوەی ئه‌وان بەدەست هاتووە، سەرفی بەسەر پێوە راگرتنی رژیمی جەنایەتکاری سەرمایەداری ئیسلامی و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی و لەخزمەت دەخاڵەت گەریە نیزامیەکانی لە ولاتانی ناوچەکە و کوشتاری خەڵکی بێتاوان بکرێت؟ بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم هێرشە هەوسار پچڕاوانەیە بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران هیچ ڕێگایەک بێجگە لە یەکگرتن و سەرتاسەری کردنەوەی خەباتێک كه‌ ئێستا لە ئارادایە لە دەوری داخوازیە هەنوکەییەکانی ئەم چینە، ڕێگایەک بێجگە لە بەرپا کردنی ڕێكخراوه‌ چینایەتی و جەماوەریەکانی کرێکاران و تەحەزوب یابی هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بۆ توند کردنەوەی خەباتی چینایەتی و هاوڕێیەتی باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بوونی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-