“محەممەدجواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی تیمی ئێرانی وتووێژکار لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ناسراو بە ١+٥، رۆژی شەممە ٣ی مانگی گەلاوێژ لە سەفەرێکی دیپلۆماتیکی ٣ رۆژەدا سەرەتا بۆ کوهیت، قەتەر و دواتر چوو بۆ عێراق. لە کۆتایی سەفەرەکەیدا دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژ، لەگەڵ خانمی فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیهتی ئوروپا، لە تاران دیدار و وتووێژی کرد. ئامانجی دیدارەکانی زەریف هیچ شتێک نەبوو بێجگە لە روون کردنەوە و تەفسیری لە نزیکەوەی قسەکانی رۆحانی لە رۆژی ئیمزای رێكهوتنهكهدا بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە. رۆحانی لە بەشی کۆتایی ئەو سوخەنڕانیەدا بە زمانی بێ زمانی دڵنیایی بە وڵاتانی ناوچەکە دا کە کۆماری ئیسلامی دوای پێكهاتن، هەمان کۆماری ئیسلامی پێش پێكهاتن نابێت.قسەکانی رۆحانی و سەفەرەکەی زەریف و قسەوباسەکانی ئەم رۆژانەی دوایی لە کۆنگرەی ئامریکادا، بە گشتی نیشانی ئەدەن کە رێكهوتنی ئەنجامدراو لە لۆزان و ویەن بەگشتی هەموو ئەو شتە نییە کە لە بهڵگهنامه رەسمیەکاندا هاتووە. تا ئەو جێگایەی کە بە پرۆژەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەگەڕێتەوە، رێكهوتننامهی نهێنی نێوان عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی سازمانی وزەی ئەتۆمی ئێران و ئامانۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودهوڵهتی وزەی ئەتۆمی، تەکلیفی قەتعی پرۆژەی ئەتۆمی ئێرانی روون کردۆتەوە. ههڵبهت بۆ بەرگرتن لە ئاگادار بوونی بیرورای گشتی لە ئێران ههر دوولا پێکهاتوون کە گۆیا بە هۆکاری “ئەمنیەتی” و بە بیانووی سەربەخۆیی ئاژانس ئەم بەشە لە تەعههوداتی کۆماری ئیسلامی بە شاراوەیی بمێنێتەوە و بهمجۆره پێویستی جێبهجێ بوونی “سازشی قارهمانانه” دابین بێت. ئەوی دیكه هەرچی هەیە پێوهندی به بابەتی دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامی لە ناوهندهكانی قەیرانی ناوچەییه. لەم بوارەشدا هەم گۆڕانی ئاراستەی سیاسی کۆماری ئیسلامی لەبهرچاو گیراوە و هەم وایان كردووه كه زهرفیهتهكانی ئابوری و نیزامی رژیم بۆ دەستێوەردان لەم قەیرانانەدا قابیلی كۆنتڕۆڵ بێت.ئەگەرچی ئەو قسانەی چەند رۆژ پێشی خامنەیی کە لە پێوەند لەگەڵ تەوافوقی ویەن دا كه وتبوی: “ئێمە دەست لە پشتیوانی کردنی دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا هەڵناگرین” لە لایەن کەسەوە بە جیدی وەرنەگیرا، بەڵام نەفسی ئەمجۆرە قسانە نیشانی ئەدات کە جەوهەری رێكهوتنی هەستەیی لە سنوردار کردنی سەرکێشیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا خۆی نیشان ئەدات. اربەدەستانی وڵاتانی رۆژئاوایی بە باشی دەزانن کە بەبێ رازی بوونی خامنەیی و سپای پاسداران، کە لەم رۆژانەدا بۆ رەد کردنەوەی دەور و نەخشی خۆیان لەم سازشەدا خهریكی هاش و هوش كردنن، گەیشتن بەم تەوافوقە مومکین نەبوو. بەڵام لە هەمانحاڵدا دهوڵهتانی رۆژئاوا گرفتی خامنەییش دەرک دەکەن و دەزانن کە ئەمجۆرە قسانە تەنیا مەسرەفی نێوخۆیی هەیە و بۆ کەم کردنەوەی تاڵیی جامی ژەهرێکە کە بەسەریەوە ناوە.لە جەریانی قسەوباسەکانی کۆنگرەی ئامریکادا سەبارەت بە تەوافوقنامەی ویەن، وەزیری بهرگری ئەم وڵاتە لەژێر گوشاری نوێنەرانی نەیاردا ناچار بوو هێندێک لە بابەتە نەوتراوەکانیش لەم بوارەدا ئاشکرا بکات. ئەو دەریخست کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت بەر لە ئیمزا کردنی تەوافوقنامەی ویەنیش و بۆ ههموار كردنی رێگای ئهم رێكهوتنه، ورده ورده خهریك بوو دەستی لە زیادە خوازیەکانی ههڵدهگرت و بهكردهوه، سیاسەتی هاوڕایی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئامریکای لە ناوچەکەدا گرتبووهبهر. بۆ نمونە، ئاماژەی بە جەریانی کەشتی ئێرانی هەڵگری کەلوپەلی غەیرە جەنگی بۆ حهوسیەکانی یەمەن كرد كه به رێنمایی هێزی دەریایی ئامریکا لە بەندەری سومالی بهتاڵ كرا و لهوێیهوه گواسترایهوه بۆ یهمهن. لە جەریانی ئەم قسەوباسانەدا، جان کری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە كۆنگرەی ئەم وڵاتەدا پێداگری کرد کە “ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ پاشەکشە کردن بە ئێران لە هەڵویستەکانی لە ناوچەکەدا دەخاتەگەڕ.ەرۆك کۆماری فەرانسەش هەر لەم پێوەندەدا وتی: “ئێمە چاوەڕێین کە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، بیسەلمێنێ کە ئێستا ئێران دەتوانێ مەسیری چارەسەر كردنی قەیرانە ناوچەییەکان بە تایبەت سوریە ئاسان بکات.” بە وتەی ئاغای ئۆلاند، دوای ئەم تەوافوقە، “ئێران دەبێ وڵاتێک بێت کە رێگاچارەی لەوانە بۆ قەیرانەکانی لوبنان، سوریە، یەمەن و بەحرین پێبێت.”خانمی “فدریکا موگرینی” رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکیهتی ئوروپاش لە کۆنفڕانسە مەتبوعاتیەکەیدا لە تاران بە روونی وتی:”ئەگەرچی ئەم تەوافوقە پێوهندی بە پهروهندهی ئەتۆمیەوه ههیه، بەڵام پوتانسیەلی زۆر بەرین تری هەیە.”دەوڵەتانی رۆژئاوایی و لەسەرویانەوە ئامریکا دەزانن کە سیاسەتی هەستەیی کۆماری ئیسلامی و هەروەها هێزنواندن و دەستێوەردانی لە قەیرانە ناوچەییەکان لە راستیدا یەکێک لە پایەكانی ستراتیژی مانەوەی ئەم رژیمە بووه. بەڵام دەوڵەتی ئامریکا دەمێکە و لانیکەم لە کاتی هەڵبژێردرانی ئۆباماوە بە سەرۆک کۆمار، ئەم سیاسەتەی وەلا ناوە و مانەوەی کۆماری ئیسلامی وەک رژیمێکی هاوکار، لهچاو ناسەقامگیری و روودانی شۆڕش له ئێران بە باشتر زانیوە. لەم روەوە لە وتووێژەکانی ئەم دواییانهدا، کۆماری ئیسلامیان دڵنیا کردوە کە بوونی قەبوڵ دەکەن و هەر ئەو جۆرەی کە بەردەوام دەیڵێنەوە، خوازیاری ئهوهن كه ئهو رژیمه “دەورێکی ئەرێنی” لە هێور کردنەوە و چارەسەر كردنی قەیرانە ناوچەییەکاندا ببینێت. لەخۆڕا نییە کە خانمی موگرینی لە سەفەرەکەیدا بۆ تاران تەنانەت جارێکیش وشەی “مافی مرۆڤ”ی بە زاردا نههات.بەڵام ئەگەر ستراتیژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لەمهبهدوا له كهناڵی دژایهتی كردن لهگهڵ بهرژهوهندییهكانی رۆژئاوا تێپهڕ نابێت و ههوڵ دهدات “دەوری ئەرێنی” لە قەیرانە ناوچەییەکاندا ببینێت، هەوڵدان بۆ مانەوەی زیاتر لە پێشوو روو دهكاته بهرهیهكی دیكه و لە بەرەنگار بوونە لەگەڵ خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەش لە نێوخۆی وڵاتدا خۆی دهبینێتهوه.ئەمرۆ ئیتر مانەوەی کۆماری ئیسلامی به سهركێشی بهرامبهر به بهرژهوهندییهكانی دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئامریکا دابین نابێت. ئەوەی کە ئیمکانی روخان و یان مانەوەی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات، پەرەگرتنی خەباتی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و یان رکودی ئەم خەباتەیە. بەڵام ئاشكرایه كه سازش لەگەڵ رۆژئاوا و نهمانی بیانوی تهحریمی ئابووری، زەمینەی پەرەسەندنی ئەم خەباتە دەڕەخسێنێ نەک رکودەکەی. ترسی کۆماری ئیسلامیش نەک لە خامۆش بوونی سانتریفیوژەکان و یان هەمڕاهی لەگەڵ رۆژئاوا لە چارەسەر کردنی قەیرانە ناوچەییەکان، بەڵکوو لە خەباتی خەڵکێکە کە بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان لەوە بەدواوە دێنە مەیدان. هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە، بۆ بەرەیەکی ترگواستراوەتەوە.