کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لاوان هیوای دواڕۆژی کۆمەڵگای ئێران وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی لاوان

photo 2023 08 12 14 39 31

  ڕۆژی دوشەممە ١٢ی مانگی ئوت ڕێكه‌وتی ٢٢ی مانگی گەلاوێژ ڕۆژی جیهانی لاوانە. ڕۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، كۆبونه‌وه‌ی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی لاوان ڕاگەیاند. ئەگەرچی وەها بۆنەیەک تا ئێستا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی لاوان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری نەکردۆتەوە، بەڵام لانیکەم دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە کێشەکانی لاوان لە وڵاتێکی وەک ئێران. ئەمڕۆ لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بێکاری لە سەروی گشت کێشەکانی دیکەوەیە کە لاوانی ده‌رچووی زانكۆكان لەگەڵی دەستەویەخەن. لە ڕاستیدا بێکاری لاوان سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەیە کە لاوان و بە تایبەت لاوانی خوێندەواری سەر بە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا لەگەڵی بەرەوڕوون.

کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین هەژماری لاوی هەیە و هەر بەم ڕێژەیەش زۆرترین خەساری کۆمەڵایەتی نەسیبی ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەبێت. سه‌ره‌كی ترین گرفتی لاوانی ئێران بێکارییە. یەكێک لە تایبەتمەندییەکانی بێکاری لە ئێران بوونی لەشکری بەرینی بێکارانی خوێندەواری زانکۆیی و دواناوەندییە. لاوانی لە نێوان تەمەنی ١٥ تا ٣٠ ساڵیدا یەک لەسەر سێی دانیشتووان و ڕەقەمێکی نزیک بە ٣٢ ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت. بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان لە لایەن ڕژیمەوە ئێستا زیاتر له‌ ١٣ ملیۆن لە دانیشتووانی ئێران مەدرەکی خوێندنی زانکۆیان هەیە. بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ٥٠ لەسەد. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتودا دەستیان لە کارێکی باش گیربێت، ئه‌مڕۆكه‌ دەبینن کە نە تەنیا ئەم ئامانجەیان دەستەبەر نەبووە بەڵکوو خوێندنی زانکۆشیان بۆتە کێشە و گرفت بۆ دۆزینەوەی کار.

بەڵام بێکاری و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر بە تەواوی بە یەکەوە پەیوەستن. ئەو لاوانەی کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە دوای تێپەڕاندنی دەیان گرفت و کۆسپ کە ڕژیم و یان هەژاری زۆری مادی خستوویەتە سەر ڕێیان، سەرەنجام توانیویانە مەدرەکی خوێندنی دواناوەندی، هونەرستان و یان زانکۆ بە دەست بێنن، دوو ساڵی تەمەنیشیان لە دەورەی سەربازیی بۆ ڕژیم تێپەڕ بکەن، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە و وا  هەست دەکەن کە هەموو ئاوات و ئارەزووەکانیان بە فیڕۆ چووە. حاڵ و ڕۆژی ئەو لاوانەی هەر بەم هۆکارەی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ، خۆیان بە سەرباری بنەماڵە دەبینن و تەنانەت توانایی دابینکردنی خەرج و مخاریجی زەماوەند و پێکهێنانی بنەماڵەشیان نییە، دەبێ چۆن بێت؟

لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لاوان نە لە شادی و نیشات و شوور و شەوقی سه‌رده‌می لاوێتی بەهرەمەندن و نە ئەو دەرفەتەیان دەبێت تا توانایی و لێهاتووییەکانیان گەشە پێبدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە دەبینین، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدان و تەمەنی مامناوەندی ئیعتیاد لە ئێران دابەزیوە بۆ خوار تەمەنی ١٣ ساڵی. ڕێژەی تێکچوونی ڕەوانی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، لەنێو لاواندا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

بەڵام وێنای ژیانی لاوان لە ئێران بەبێ جەخت کردنەوە لەسەر ڕاستییەکی هیوا بەخش، کامڵ نابێت. ڕژیمی ئیسلامی پرۆژەی جۆاروجۆری بۆ زاڵبوون بەسەر جەستە و ڕۆحی لاواندا بە کردەوە دەرهێنا، بەڵام گشت ئەو پرۆژانە لە بەرانبەر شەپۆلی حەرەکەتی ڕوو بە پێشی کۆمەڵگا بوونە بڵقی سەرئاو. لە ڕاستیدا هەموو سەرمایە گوزارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوو لەم بوارەدا بە فیڕۆ چوون. لەم ڕووەوە ئەم ڕژیمە بەردەوام خەریکی ئامادەکاری تۆڵە سەندنەوە لەو لاوانە بووە کە لە دەورانی مەدرەسە و دواناوەندیدا نەیتوانیوە ئەوان بە پێی ئۆلگوی خۆی، مل کەچ و بێ ئیرادە بار بێنێ.

لاوانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی سروشتی قۆناغی لاوی بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا، تەسلیمی بارودۆخی هەبوو نەبوون و ڕێگای خەباتیان لە دژی ئەم ڕژیمە گرتۆتەبەر. ئەم ڕاستییە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئەم لاوانە تا دەرفەتێکیان دەست ده‌كه‌وێ بنه‌ماكانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە له‌رزین.

لێرەدا دەبێ لەسەر ئەم ڕاستییەش جەخت بکرێتەوە کە هەرچەند لاوانی ئێران بە هۆی حاکمییەتی ڕژمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی، خاوەنی کێشە و گیروگرفتی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی وابەستەگی چینایەتی جیاواز، ڕەنج و ئازارەکانیان وەک یەک و یەکسان نییە. ئاشکرایە کە گرفتی لاوانی سەر بە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندیان لەسەرە جیاوازە، بەڵام پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار بە ژن و پیاو و گەورەساڵان و لاویەوە و هەروەها ڕزگاربوونی ئەم چینە لە چنگ ڕژیمی ئیسلامی و لەو نیزامە چەوسێنەرەی ئێستایە كه‌ ڕزگاربوونی لاوانیشی لەو بارودۆخە نامرۆڤانەی کە ئەم ڕژیمە بە سەریدا سەپاندوون، به‌شوێنه‌وه‌ دەبێت.

ئەو لاوانەی کە تواناییەکانیان لە لایەن ڕژیمێکی کۆنه‌پەره‌ستەوە كوێر بووه‌ته‌وه‌، ئەو لاوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە مەدرەسە و کۆلێژ و زانکۆدا لەژێر گوشاری ئاموزشی دژە زانستی و کۆنەپەرستانەدا تێپەڕێوە، ئەو لاوانەی کە تەنانەت ئازادی پۆشینیان لێ زەوت کراوە، ئەو لاوانەی کە لەبەر خاتری بچووکترین ناڕەزایەتی دەخرێنە زیندان و ئەشکەنجە دەکرێن و لاوێکی کە لە مافی سەرەتایی هەڵسوکەت لەگەڵ ڕەگەزی جیاوازی لێ زەوت کراوە، گشت ئەم لاوانە لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا خاوەنی دەرد و ئازارێکی هاوبەشن و ڕزگاربوونیان لەم دۆخە نا ئینسانییە لە ڕێگای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکارەوە مسۆگەر دەبێت.

ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە لاوانی ئێران بەرانبەر بەم بارودۆخە، سەریان دانەنەواندووە و تەسلیم نەبوون. ئەم خۆڕاگریی و بەرخۆدانەی لاوەکانمان لە شۆڕشی ژینادا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی گەیشتە لووتکە. ئەوبزووتنەوەیەبەهەموانینیشانداکەچپۆتانسێلێکیلەبننەهاتوویکۆمەڵایەتی

بۆئاڵوگۆڕیمێژوویی،لەناخیلاوانیئێرانداشاراوەیە. شۆڕشی ژینا نیشانیدا کە لاوانی ئێران هەرکات دەرفەتێک بە دەست بێنن چلۆن تەخت و بەختی ڕژیمی ئیسلامی دەخەنە لەرزین.