کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لاوانی بێبەش بەشوێن بەدیلەوەن

لە حەفتەی ڕابردودا ڕاپۆرتێک لەلایەن ” ئەنستیتۆی شاریی” و ” خۆراک لە ئامریکا” سەبارەت بە خۆراکی لاوانی ئامریکایی بڵاو بۆوە. ئەم دوو سازمانە کە ئەم ڕاپۆرتەیان بە یەکەوە ئامادە کردووە، بارودۆخی لاوانی ئامریکاییان لە دابین کردنی خۆراک و ژیانێکی گونجاو بۆ خۆیان بە پێشکەش کردنی چەندین فاکت موستەدل و بەڵگەمەند کردوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٥ دا نزیکەی ٤٠ میلیۆن لاوی کچ و کوڕی ئامریکایی بۆ دابین کردنی بەڕێچوونی خۆیان و بۆ یارمەتی بە دابین کردنی خۆراکی بنەماڵەکانیان توشی گەلێک گیروگرفتی جیددی هاتون. بنەماڵە کەم داهاتەکانی ئەم گوروپە لە لاوان تەنانەت توانایی کڕینی مادەی خۆراکی دەستی دووهەم و کۆنەبوی کافیشیان نەبووە کە ” فرۆشگا هەرزانەکان” ئەوان لە سوپێرماڕکێتی دەوڵەمەندەکان دەکڕنەوە.ئەم ڕاپۆرتە، کە دوای توێژینەوەیەکی ٣ ساڵە به‌ده‌ست هاتووه‌، نیشان ده‌دات کە منداڵان و تازەلاوان لەم بارەیەوە بارودۆخێکی خراپتریان لە بارودۆخی لاوان هەیە. گەلێک لەو لاوانەی کە وتووێژیان لەگەڵ کراوە بۆ دابین کردنی تێچووی بنەماڵە لە بازاڕدا بەشوێن دۆزینەوەی کارەوەبوون، بەڵام زۆربەیان بەرەو رووی وڵامی مەنفی خاوەنکاران بونەتەوە. ئەوان بە ناچاری لە بازاڕی ناڕەسمیدا هێزی کاری خۆیان بە هەرزانترین نرخ ئیرایە داوە.
لە وەها بارودۆخێکدا، کە شەرمەزاریەکە بە نێوچاوانی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوەیه‌ ، ئۆباما سەرۆک کۆماری ئه‌مرێكا، ژیانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ” جوان و شکۆدار” وەسف کردووە. ئەو لە ساڵەکانی ڕابردودا بە میلیارد دۆلار لە یارمه‌تی غەزایی دەوڵەتی بۆ هەژاران کەم کردۆتەوە و بۆ ئەمساڵیش داشکاندنی هێندێک کەمتر لە ٧ میلیارد دۆلاری لە یارمەتی خۆراکیی خستۆتە دەستوری کاریەوە.805

بێڕنی ساندرز، کاندیدی شکست خواردوی دەورەی یەکەمی تێکۆشانی هەڵبژرادنی ئامریکا، کە وێڕای هەبوونی بەرنامەیەکی سوسیال دیموکراتیک خۆی وەک سۆسیالیست ناوبرد، بە ئاماژە بەو نایەکسانیانەی كه‌ لە ئارادان و پێویستی خەبات کردن لە دژیان، لاوانی ناڕازی ئامریکایی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. لە ڕاپۆرتەکاندا وتراوە کە زیاتر لە ٦ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار لە لاوان لە ستادی هەڵبژارنیدا بە شێوەی خۆبەخش کاریان کردوە و لە کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵیدا چالاک بوون. ئەم لاوانە و کەسوکاریان كه‌ لە ئاماره‌کاندا خۆیان بە سۆسیالیست ناوبردوە و بەقەولی ساندرز لەدژی ” چینی میلیاردێرەکان” ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری گۆڕانی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی کریکاراندا بوون. ئێستا ڕاگەیەنەرەکانی خەتی ڕەسمی، سەرمایەداران و نوێنەرە سیاسیی و ئەمنییەتییەکانیان نیگەرانی ئەوەن کە ئەم لاوانە لەم قۆناغەی ئێستا تێپەڕبن و سەرجەم سیستمی سەرمایەداری بەرنە ژێر پرسیار و هەوڵبدەن خۆیان ڕێکبخەن.

عەینی ئەم نیگەرانیە، لە ئاستێکی قوڵتردا، لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێران سەبارەت بە شۆڕش و ئاخێزی لاوان چەندین جار دەربڕدراوە. ئەم ترسانە دوای ئاخێزی بوێرانەی لاوانی کچ و کوڕ لە ساڵی ١٣٨٨ دا زیاتر بووە. ترسی کاربەدەستان زیاتر سەبارەت بە ڕێژەی بێکاری لە نێو لاواندا باس کراوە.

هەواڵنێریی مێهر لە مانگی سەرماوەزی پارەکەدا نووسی کە لە سەد لاوی بەشوێن کارەوە لە ئێران ٣٣ کەسیان بێکارن. لەم ئامارەدا ئەو لاوانە لە نەزەر نەگیراون کە بەهۆی بێ ئومێدی لە ناو نووسین لە لیستی خوازیارانی کاردا خۆیان بواردوە و لە بازاڕی ناڕەسمیدا خەریکی کارێکی کەم داهاتن. لەسەر بنەمای ئەم بارودۆخە رۆحانی لە کۆتایی مانگی پوشپەڕی ٩٥ دا ڕێژەی بەرزی بێکاری لاوانی بە مەترسیەکی گەورە بۆ ڕژیم ناوبرد. جێگری وەزیری نێوخۆ و وەزیری کاریشی چەندینجار وتوویه‌تی کە بەم زوانە بەرەو رووی هاتنی لێشاوی ٥ میلیۆن لاوی خوێندەوار بۆ بازاڕی کار دەبینەوە و ژمارەی بێکارانی لاو دەگاتە ئاستی قەیراناوی و دەبێتە هۆی دروست بوونی مەترسی کۆمەڵایەتی. ئەم مەترسیانەی باسیان کراوە واقعین.

هەڵبەت لە ڕژیمی سەرتاپا گه‌نده‌ڵی کۆماری ئیسلامیدا نابێ چاوەڕوانی ئەوەت هەبێت کە ئاماری موسیبەتێکی بەرۆکی بە لاوان گرتوە بەشیوەیەکی ڕاست ئیرایە بدرێت تا بە هەڵسەنگاندنیان بارودۆخی لاوان بەرڕەسی بکرێت. زۆربەی ئامارەکان لە کۆماری ئیسلامیدا سڕڕین و ئەوانەشی کە بڵاو دەبنەوە وەها تێکدراون کە دەنگی ناڕەزایەتیی خامنەییشی بەرز کردۆتەوە.

هەژاری و بێکاری بۆ لاوان لە ئێران بە شێوەی موسیبەتی جۆراو جۆر لە لایەکەوە و کەڵەکە بوونی قین و توڕەیی لە لایەکی دیکەوە دەردەکه‌وێ. بەشێک لە لاوان لە ئێستادا بە هیوای کۆچ کردن بۆ رۆژئاوا و یان دروست کردنی گرانەوەیەک لە نەێوخۆدا لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا بەسەرئەبەن. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە لاوانیش بەشوین ڕێگا چارە و دۆزینەوەی ئاڵترناتیودان. لەم نێوانەدا هەم گرایشی “سۆسیالیستی” دەتوانێ بەدیلی خۆی جەماوەری بکاتەوە و هەم گرایشی لیبڕاڵی دتوانێ ئەم کارەبکات.

لەوێوە کە قەیرانی روو لە قوڵ بوونەوەی ئابووری و سیاسی مەوجود بەرهەمی قەیرانێکە کە لیبڕالیزمی بۆرژوازی بەدیهێناوە، بوارە عەینییەکان بۆ قەبول کردنی بەدیلی سۆسیالیستەکان لەنێو لاواندا فەراهەم ترە. بەڵام بە كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەم بەدیلە، پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی ماندویی نەناسانە، چالاکانە و هەموو لایەنە و پشت بەستن بە سۆسیالیزمی زانستی هەیە.

ئەم بارودۆخە بۆ لاوانی بێبەشی ئامریکاییش ڕاستە. ئەوان دوای سێ دەیە بێ تەفاوەتی سیاسیی، لە ئێستادا لە ئاستی میلۆنیدا هاتونەتە مەیدان و جۆرێک لە سۆسیال دیموکراسیان بە ڕێگا چارەی موسیبەتەکانیان زانیوە. بەڵام لەوێوە کە سۆسیال دیموکراسی سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک دەستکەوتی ڕیفاهی و مادی بەرچاو بەرەو رووی شکست بۆتەوە بوارە عەینیەکان بۆ بازدانی لاوانی ئامریکایی بەسەریدا و دۆزینەوەی بەدیلی سۆسیالیستی ئەگەری زیاتر بووە.