ڕۆژی شەممە ۱۲ی مانگی ئوت بەرامبەر لەگەڵ ٢١ی مانگی گەلاوێژ ڕۆژی جیهانی لاوانە. ڕۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، كۆبونهوهی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی لاوان ڕاگەیاند. ئەگەرچی وەها بۆنەیەک تا ئێستا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی لاوان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری نەکردۆتەوە، بەڵام لانیکەم دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە کێشەکانی لاوان لە وڵاتێکی وەک ئێران. ئەمڕۆ لە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بێکاری لە سەروی گشت کێشەکانی دیکەوەیە کە لاوانی دهرچووی زانكۆكان لەگەڵی دەستەویەخەن. لە ڕاستیدا بێکاری لاوان سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەیە کە لاوان و بە تایبەت لاوانی خوێندەواری سەربە چینە هەژارەکانی کۆمەڵ لەگەڵی بەرەوڕوون.
کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترینی دانیشتوانەکەی لاوە و هەر بەم پێیەش زۆرترین خەساری کۆمەڵایەتی بە نەسیبی ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەبێت. سهرهكی ترین گرفتی لاوانی ئێران بێکارییە. یەكێک لە تایبەتمەندییەکانی بێکاری لە ئێران بوونی لەشکری گەورەی بێکارانی خوێندەواری قۆناغەکانی زانکۆ و دەبیرستانییە. لاوانی تەمەنەکانی نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ یەک لەسەر سێی دانیشتوان و ژمارەیەکی نزیک بە ٣٢ ملیۆن کەس لەخۆی دەگرێت. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ڕژیمەوە، ئێستا زیاتر له ١٣ ملیۆن لە دانیشتوانی ئێران مەدرەکی خوێندنی زانکۆیان هەیە. بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ٥٠ لەسەد. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتودا دەستیان لە کارێکی باش گیربێت، ئهمڕۆكه دەبینن نە تەنیا ئەم ئامانجەیان دەستەبەر نەبووە بەڵکوو خوێندنی زانکۆشیان بۆتە کێشە و گرفت بۆ دۆزینەوەی کار.
بەڵام بێکاری و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر بە تەواوی بە یەکەوە پەیوەستن. کاتێک ئەو لاوانەی کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە دوای تێپەڕاندنی دەیان گرفت و کۆسپ کە ڕژیم و یان هەژاریی زۆری مادی خستوویەتە سەر ڕێیان، سەرئەنجام توانیویانە مەدرەکی خوێندنی دەبیرستان، هونەرستان و یان زانکۆ بە دەست بێنن، ٢ ساڵی تەمەنیشیان لە دەورەی سەربازی بۆ ڕژیمدا تێپەڕ بکەن، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە و خۆیان بە ڕەنج بەخەسار دەزانن. دەبێحاڵوڕۆژیئەولاوانەیکەهەربەمهۆکارەیبێکاریونەبوونیسەرچاوەیەکیداراییسەربەخۆ،خۆیانوەکسەرباریبنەماڵەدەبیننوتەنانەتتواناییدابینکردنیهەزینەیزەماوەندوپێکهێنانیبنەماڵەشیاننییە،چۆنبێت؟
لە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لاوان نە لە شادی و شوور و شەوقی سهردهمی لاوێتی بەهرەمەندن و نە ئەو دەرفەتەیان دەبێت تا بەهرە و تواناییەکانیان گەشە پێبدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە دەبینین، زیاتر لە ملیۆنێک لە گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵی دان و تەمەنی مامناوەندی گیرۆدەبوون لە ئێران دابەزیوە بۆ خوار تەمەنی ١٣ ساڵی. ڕێژەی تێکچوونی باری ڕەوانی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، لەنێو لاواندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەڵام وێنای ژیانی لاوان لە ئێران بەبێ جەخت کردنەوە لەسەر ڕاستییەکی هیوابەخش، کامڵ نابێت. ڕژیمی ئیسلامی پرۆژەی جۆاروجۆری بۆ زاڵبوون بەسەر جەستە و ڕۆحی لاواندا بە کردەوە دەرهێنا، بەڵام گشت ئەو پرۆژانە لە بەرانبەر شەپۆلی حەرەکەتی ڕوو بە پێشی کۆمەڵگا بوونە بڵقی سەرئاو. لەڕاستیدا هەموو سەرمایە گوزارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوو لەم بوارەدا بە فیڕۆ چوون. لەم ڕووەوە ئەم ڕژیمە بەردەوام خەریکی ئامادەکاری تۆڵە سەندنەوە لەو لاوانە بووە کە لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە مەدرەسە، نەیتوانیوە ئەوان بە پێی ئۆلگوی خۆی، کەللە وشک و مل کەچ و بێ ئیرادە بار بێنێ.
لاوانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەند بوون لە مافی سروشتی قۆناغی لاویی بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا، تەسلیمی بارودۆخی هەبوو نەبوون و ڕێگای خەباتیان لە دژی ئەم ڕژیمە گرتۆتەبەر. ئەم ڕاستییە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئەم لاوانە تا دەرفەتێکیان دەست دهكهوێ بنهماكانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە لهرزین. لێرەدا دەبێ لەسەر ئەم ڕاستییەش جەخت بکرێتەوە کە هەرچەند لاوانی ئێران بە هۆی حاکمییەتی ڕژمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی، خاوەنی کێشە و گیروگرفتی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەربە چین و توێژی جیاوازن، ڕەنج و ئازارەکانیان وەک یەک و یەکسان نییە.
ئاشکرایە کە گرفتی لاوانی سەربە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە لەژێر چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندان جیاوازە، بەڵام پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار بە ژن و پیاو و پیر و لاویەوە و ڕزگار بوونی ئەم چینە لە چنگ ڕژیمی ئیسلامی و لە نیزامی چەوسێنەرانەی ئێستایە كه دەبێتە هۆی ڕزگار بوونی لاوانیش لەو بارودۆخە نامرۆڤانەیەی کە ئەم ڕژیمە بە سەریدا سەپاندوون.
ئەو لاوانەی کە بەهرە و تواناییهکانیان لە لایەن ڕژیمێکی کۆنهپەرهستەوە كوێر بووهتهوه، ئەو لاوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە مەدرەسە و دەبیرستان و زانکۆ لەژێر گوشاری ئاموزشی دژە زانستی و کۆنەپەرستانەدا تێپەڕێوە، ئەو لاوانەی کە تەنانەت ئازادی پۆشینیان لێ زەوت کراوە، ئەو کچانەی کە تەنانەت مافی سەیرکردنی یارییە وەرزشییەکانیان نییە، ئەو لاوانەی کە لەبەر خاتری چکۆلە ترین ناڕەزایەتی بە موسیبەت و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە زیندان و ئەشکەنجە دەکرێن، لاوێک کە لە مافی سەرەتایی پێوەندی لەگەڵ ڕەگەزی جیاوازی لێ زەوت کراوە. ئەم لاوانە بەگشتی و لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا خاوەنی دەرد و ئازاری هاوبەشن و ڕزگاربوونیان لەم دۆخە نامرۆڤانەیە لە ڕێگای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکارەوە دەستەبەر دەبێت