کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لادان و هەڵەکاری لاوان ئاکامی دەسەڵاتدارێتی دز و تاڵانچییان و گەندەڵ و کۆنەپەرەستانە

5153822

سەعید ڕاستی جێگری پۆلیسی زانیاری تاران، باسی دابەزینی تەمەنی ئەو کەسانەی کرد کە لە ئێران تووشی کردەی تاوانکاری دەبن. بە وتەی ناوبراو لاوان و هەرزەکاران زیاتر لە جاران پەنا دەبەنەبەر کردەوەی تاوانکارانەی وەک دزی چەکداری، ڕێگری و شەڕ و توندوتیژی. بە وتەی ئەو، گەنجان و تەنانەت هەرزەکارانیش زیاتر لە جاران پەنا دەبەنەبەر کردەی تاوانکاری، بابەتێک کە لە ڕوانگەی پسپۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە بە یەکێک لە ئاڵنگارییە جددییەکانی کۆمەڵگای ئێران دەزانرێت.

ئامارە نافەرمییەکان باس لە زیادبوونی سەد لە سەدی لادان و هەڵەکاری گەنجان لە ماوەی ساڵەکانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣ دەکەن. ئەوەی کە لە ماوەی ساڵێکدا ئاماری قوربانیانی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان بەم شێوە خێرایە و بە ڕێژەی سەد لە سەد پەرە دەستێنێت، نیشانەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشە. زیادبوونی سەد لە سەدی ڕێژەی تاوانکاریی منداڵان لە پاڵ ئاماری منداڵانی سەر شەقام، کچانی هەڵاتوو لەماڵ، گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر، درۆزەکەر و هتد، تەنها گۆشەیەک لە کارەساتی ژیان لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا نیشان دەدات.

ئەمانە هەر ئەو منداڵانەن کە لەگەڵ دایک و باوکی هەژاری خۆیاندا لە کەپرێکدا لە پەراوێزی شارەکان، بەناو ژیان بەسەر دەبەن. ئەمانە هەر ئەو منداڵانەن کە لەسەر سفرەی ماڵەکەیان شتێک بۆ خواردن شک نابەن و بۆ تێرکردنی خۆیان ڕوو دەکەنە سەر شەقامەکان و تووشی تاوانیش دەبن. ئەمانە هەمان منداڵانی ماندووی شەقام و کارن. ئەو منداڵانەن کە چیدی ناتوانن دایک و باوکی گیرۆدەبوویان بە ماددە هۆشبەرەکان تەحەمول بکەن. ئەمانە منداڵانی تەڵاقن، منداڵانی هەژاریین، ئەمانە قوربانیانی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری و حکوومەتی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی ئایینین. بەڵام لەناو ئەم زیندانانە و یان ئەو بەناو  ناوەندانەیچاکسازی و پەروەردەدا چی بەسەر ئەم منداڵانە دێنن؟ ئایا کەسایەتی زیانلێکەوتوو و شکۆی تێکشکاو و ڕێزی پێشێلکراویان بۆ دەگەڕێننەوە یان وەک تاوانبارێک سەیریان دەکرێت و دەبێ تاوانی سزاکەیان بە بێبەشی و دیلێتی بدەنەوە؟ هەندێک لەم منداڵە تاوانبارانە بەمەبەستیسەرلەنوێ پەروەردە کردنەوەلەناوەندەکانی بەناو چاکسازی و پەروەردەدا زیندانی دەکەن و بە چاوی تاوانبارانێکی کەم تەمەن لێیان دەڕوانن کە دەبێت چاوەڕێ بکرێت تا بە قسەی خۆیان دەگەنە تەمەنی یاسایی و ئەوسا حیسابیان لەگەڵ دەکرێت و سزای خۆیان وەردەگرن؟

ئەسڵەن بۆچی ئەم بێچارانە لە زینداندا ڕادەگرن، بۆچی زیندانییان دەکەن، ئایا هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ چاکسازی ڕاستەقینە بوونی نییە، ئایا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیشدا بەمجۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵان دەکەن، ئایا ئەم ڕژێمە دوای ٤٦ ساڵ دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی دەیان ناوەندی لەمجۆرە، توانیویەتی تەنانەت یەک لە سەدیش لە ڕێژەی تاوانکاریی منداڵان کەم بکاتەوە،

ئەگەر ئەمجۆرە ناوەندانە کاریگەر بوون، بۆچی لە ماوەی ساڵێکدا بە ڕێژەی سەد لە سەد ئاستی تاوانکاریی منداڵان زیادی کردووە؟

ئایا ئەو منداڵەی کە لەبەر برسییەتی ساڵێک لەوەپێش دەستی بردووە بۆ گیرفانی کەسێک یان جانتایەکی ڕفاندووە و ئێستا لە زینداندایە، دوای ئەوەی کە گەڕایەوە ناو کۆمەڵگا، ئیتر برسی نابێت؟ ئایا ئەو منداڵەی کە کەوتووەتە داوی مافیای ماددە هۆشبەرەکانەوە و ئێستا لە ناوەندەکانی بەناو چاکسازی و پەروەردەی ڕژێمدا دەستبەسەرە، کاتێک کە دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا، چ گارانتییەک هەیە کە دووبارە ناکەوێتەوە داوی مافیای ماددە هۆشبەرەکان و گیرۆدە نابێتەوە؟ ئایا ئەو منداڵەی کە بەهۆی لێکترازانی شیرازەی ژیانی بنەماڵەکەی، سەرگەردان و دەربەدەر بووە و کارێکی خراپی ئەنجام داوە، دوای بەسەربردنی ماوەیەک لەم ناوەندانە و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمەڵگا، کێ یان چ ئۆرگانێک دەرگای لێ دەکاتەوە و  دەیپارێزێت؟ ئایا ئەو کچە گەنجەی کە هەڵاتووە و بۆ زیندوومانەوەی، ناچاربووە لەشی خۆی بفرۆشێت، هەر چەندەش لە ناوەندەکانی بەناو چاکسازی و پەروەردە کاری لەسەر بکرێت، کۆمەڵگا قبووڵی دەکاتەوە؟ کاری دەست دەکەوێت؟ ئایا بۆ ئەو منداڵانەی کە ئەمڕۆ لەم ناوەندانەدان و نە بنەماڵە و نە سەرپەناییەک و نە پشت و پەنا و نە شوێنێکیان هەیە ژیانی تێدا بەسەر ببەن، هیچ ناوەندێکی تایبەت بۆ چاودێریی بوونی هەیە؟ چ گەرەنتییەک هەیە منداڵێکی بێ سەرپەرشت کە فڕێ دراوەتە کەناری شەقام و هەر لەوێش شەو ڕۆژ دەکاتەوە و بۆ تێرکردنی سکی خۆی، پەنا دەباتەبەر تاوان، دوای ئازادبوون لە ناوەندی بەناو چاکسازی و پەروەردە، دووبارە بە

هەمان ڕێگادا نەڕواتەوە کە پێشتر پێیدا ڕۆیشتووە؟ ئاخۆ دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان، چ داوێکی دیکە لەسەر ڕێگای ئەم بەناوتۆمەتبارانە، دادەنرێت؟ ئەم دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟

ئایا ئەوەی کە زیادبوونی ئەمجۆرە زیانە کۆمەڵایەتییانە کە لە کۆمەڵگای بەڵالێدراوی ئێراندا هەروا بەردەوامە، دەرخەری ئەو ڕاستییە نییە کە ئەم ڕژێمە توانایی چارەسەرکردنی هیچکام لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نییە؟ ئایا هۆکاری بێتوانایی ڕژێم ئەوەیە کە ئیمکاناتی دارایی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەبەردەستدا نییە، یان ئەوەی کە نە ئیرادەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و نە هیچ هەوڵێک دەدرێت بۆ نەهێشتنیان؟ ئایا بێجگە لە ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە و دامەزراندنی نیزامێکی نوێ بە ڕێبەرایەتی کرێکارانی وشیار کە تێیدا ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک بڕیاردەر بێت، دەکرێت هیچ هیوایەکمان بە باشتربوونی دۆخی منداڵەکانمان و مسۆگەرکردنی داهاتوویان هەبێت؟