وەزیری تەندروستی توركییه رایگەیاندووه، ژمارەى ئەو کەسانەى كه لە رووداوى لادانی فڕۆکەیهكی گهشتیاری لە ئیستانبۆل له رێرهوی خۆی گیانیان لەدەستداوە بۆ سێ کەس بەرزبووەتەوە.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی توركییه ئاماژەى بەوەکردووە، تائێستا سێ گەشتیارى تورک گیانیان لەدەستداوە و ١٧٩ کەسیش برینداربوون کە برینى سێ کەسیان سەختە. ڕاشیگهیاندووه، بە کارمەندانی ناو فڕۆکەکەوە ١٨٣ کەس لە فڕۆکەکەدا بوون، دوو لە بریندارەکانیش منداڵن و شەش کەسیشیان کارمەندی فڕۆکەکەن. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن تورک، فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای پێگاسوسی تورکییە و لە ئیزمیرەوە بەرەو ئیستانبۆل گەشتی کردووە و لە کاتی نیشتنەوەیدا له ڕێڕەوی خۆی لای داوه و لە ئەنجامدا بووە بە سێ پارچەوە. به پێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی چوارشهممه ١٦ی ڕێبهندان، فڕۆکەیەکی گهشتیاری لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنی شاری ئیستانبۆلی توركییه، لەکاتی نیشتنەوەدا لە ڕێڕەوی خۆی لایدا و بوو بە سێ پارچەوە و به پێی زانیارییه سهرهتاییهكان کەسێک گیانی لەدەستدابوو و ١٥٧ کەسی دیکەش بریندارببوون. شایانی باسه، بەهۆی ئەو رووداوەشەوە، هێڵی ئاسمانی تورکییه سەرجەم گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن هەڵوەشاندووهتهوه.