کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كێشه‌ و گرفتی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە بەرنامەی دەوڵەتی رۆحانیدا نییە

 دژایەتی ئاشکرای ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مافی ژنان و ژێر پێنانی هەموو رۆژەی ئەم مافانە لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆریدا، بۆتە بەشێکی جیا نەکراوەی سیاسەت و کرداری ئەم رژیمە. رژیمێک کە بە دروشمی “یا رووسەری یان تووسەری” سەرکوتی شۆڕشی دەستپێکرد و گەیشتە دەسەڵات، درێژەی حاکمیەتی دژی خەڵکی خۆی هەروا لە دەرێژە پێدانی ئەم هێرشانەدا و داسەپاندنی بێ مافی توند بەسەر ژناندا پەیگیری دەکات. ئەم رژیمە نە تەنیا بە داسەپاندنی قانونی تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستانە، نەتەنیا بە توندکردنەوەی كه‌ش و هه‌وای خەفەقان و سەرکوت، بەڵکوو هەروەها بە پەرەپێدان بە فەرهەنگی پیاوسالاری لە هەوڵی نه‌هادینە کردنی پێگەی ژێردەستی ژن لە بنەماڵەدایە. ئەمرۆ ناوی کۆماری ئیسلامی لە ئەفکاری گشتی ئێران و جیهاندا، بە دروستی ئاوێتەی پێشێلکردنی مافی ژنان بووە. لە نێو جەماوەری ژنانی ئێراندا، ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە زومڕەی زۆرلێکراوترین و تەحتی گوشارترین بەشی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیەن. دوایین راپۆرتی بڵاوکراوە سەبارەت بە بارودۆخی دژواری ژیانی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە کە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی جۆراوجۆر بە رێژەیانەوە زیاد بووە، شاهیدی گۆشەیەک لەم راستیە پڕ ئازارەیە. ئەو ژنانەی سەرپەرستی بنەماڵە وه‌ئەستۆ دەگرن، هەم لەگەڵ بارودۆخی دژواری دابین کردنی ژیان و بەڕێچوونی بنەماڵدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن و هەم لەژێر گوشاری سوننەت و بیرو بۆچوونی دواکەوتووانە لە کۆمەڵگەدان. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری رژیم لە ئێستادا ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ژنی سەرپەرستی بنەماڵە لە کۆمەڵگەدا هەیە. لەم نێوانەدا تەنیا ١٨ لەسەدیان کاریان هەیە و ٨٢ لەسەدیان بێکارن. و ٣٠ لەسەدیان بەهۆی كێشه‌ و گرفتی جەستەیی ناتوانن کار بکەن.380

ئەوانەی کە دەتوانن کار بکەن ئەگەر شانسیان هەبێت و کاریان دەستکەوێ، حەقدەستی تەنانەت کەمتر لە نیوەی حەقدەستی پیاویان لە کاری هاوشێوەدا، ئەدرێتێ.دیارە ئاماری ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لەوە زیاترە. ئەم رەقەمە لە محاسباتی ناوەندی ئاماری ئێراندا قەت بەشێوەی دروست و دەقیق حیساب نەکراوە. وەک نمونە: سەرپەرستی زۆربەی ئەو بنەماڵانەی کە سەرپەرستە پیاوەکەیان گیرۆدەی داوی ئیعتیادە، بەشێوەی غه‌یره‌ رەسمی کەوتۆتە سەرشانی ژنی بنەماڵە. ئەمجۆرە حاڵەتانە لە ئامارە رەسمیەکاندا نایەن. بێجگە لەوە لە گەلێک حاڵەتدا گوشارە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە ژنان لە حاڵێکدا بەکردەوە سەرپەرستی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە، خۆیان بەم ناوە نەناسێنن. بەپێی ئامارە رەسمیەکان، ٥٥ لەسەدی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە، نەخوێندەوار و ١٩ لەسەدیان کەم سەوادن. هەر ئەم راستیە ئەوانی لە بەرانبەر ئەو موسیبەتانەدا کە کەوتۆتە سەر رێیان ئاسیب پەزیرتر کردوە.

“شەهیندوخت مەلاوێردی”، جێگری کاروباری ژنان و بنەماڵەی سەرۆک کۆماری دانی پێدا دەنێ کە “٨٢ لەسەدی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە بێکارن، زۆربەیان بەهۆی ساڵانێک تەحەمول کردنی سەختی گیرۆدەی هەموو جۆرە نەخۆشیەکی جەستەیی و دەروونی بوون.”

بەڵام رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دابین کردنی ژیانی ئەم بنەماڵانە چ بەرنامەیەکی هەیە؟ بەشێک لەم ژنانە بەناو لەژێر چەتری سازمانی بێهزیستی و یان کومیتەی ئیمداد دان. بەپێی راگەیاندنی کاربەدەستانی رژیم لەم ناوەندانەدا، بانترین رەقەمێکی یارمەتی مانگانە کە سازمانی بێهزیستی و یان کومیتەی ئیمداد دەیدا بە ژنانی سەرپەرستی بنەماڵەی ژێر چەتری ئەم ٢ ناوەندە، ٦٠ هەزار تمەنە بۆ بنەماڵەیەکی ٥ کەسی بۆسەره‌وه‌. ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە بە منداڵێکەوە نزیکەی ٣٢ هەزار تمەن وەردەگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لانیکەمی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەکی دانیشتووی تاران، رەقەمێکی نزیک لە یەک ملیۆن و ٢١٦ هەزار تمەنە. بەراورد کردنی ئەم رێژانه لەگەڵ نرخی کالا و هەزینەی مەسکەن بە واتای ژیانی بیست بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە. بەڵام تەنانەت ئەم بڕە پارە کەمەش بەشێکی بەرین لەم بنەماڵانە ناگرێته‌وه‌.

بارودۆخی دژاوری ژیانی ئەم بنەماڵانە، منداڵەکانیانیشی خستۆتە نێو مەترسی توندترین خه‌ساره‌ کۆمەڵایەتیەکانەوە. هەڵاتنی منداڵان لە ماڵ و بوونیان بە منداڵانی خیابانی، کاری منداڵان لە شوغڵی دژوار و بە حەقدەستی کەمەوە، بێبەش بوون لە خوێندن، کەوتنە داوی باندەکانی كڕین و فرۆشی مادەی هۆشبەر، لە زومرەی ئەو زیانانه‌ن کە لە کەمینی منداڵانی ئەم بنەماڵانەدان.

مەسەلەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە بەشێکە لە مەسەلەیەکی گەورەتری بێ مافی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، مەسەلەیەک کە تەنیا بە خەباتی بەردەوام و رێكخراو بۆ کۆتایی هێنان بە ئاپارتایدی جینسی لە ئێران و دابین کردنی مافی ئینسانی ژنان دەتوانێ وڵام وەربگرێتەوە. ژنانی سەرپرستی بنەماڵە مافی خۆیانە کە لە مافی تەواو لە هەموو مەیدانەکاندا بەهەرەمەند بن. خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستیان بگاتە کار و پیشەی گونجاو یان بیمەی کۆمەڵایەتی کافی، بە ئاموزش و بێهداشتەوە.

ئەو جۆرەی کە لە چوارچێوەی بەرنامە ئابووریە راگەیەندراوەکانی دوڵەت و بەتایبەت بودجەی ساڵی ١٣٩٤ی رژیمدا دەردەکەوێ، ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە، هەروا مەحکوم بە ژیان بەسەر بردن لە چنگ هەژاری و دەست کورتیدان.

ئەو موسیبەت و بێ مافیانەی کە رژیمی ئیسلامی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەیدا سەپاندووە، لەوە زیاتر شیاوی تەحەمول کردن نییە. رزگار بوون لەم بارودۆخە فەلاکەت بارە بێجگە بە پەرەپێدان بە خەبات و تێکۆشان بۆ رزگار بوون لە دەست رژیمی ئیسلامی هیچ رێگایەکی دیكه‌ی نییە. هەزینەی ئەم خەباتە زیاتر لە تەلەفاتێک نییە کە خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش و زۆرلێکراوی ئەم کۆمەڵگایە، لە ناخی ژیانی رۆژانەیاندا تەحەمولی دەکەن. ئامانجەکە ئینسانیە و رێگاکەش روونە. کەوایە با قۆڵی لێ هەڵماڵین بۆ پەرەپێدان بە خەبات لەدژی رژیمی کۆماری ئیسلامی. کۆمۆنیستەکان خەباتکارانی شێلگیر و وەفاداری ئەم رێگایەن.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-