ڕۆژی سێشه‌ممه ١٢ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، حیزبه سیاسیه‌كانی ئاڵمان به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ “نه‌رگیس ئه‌سكه‌نده‌ری” شاره‌داری فڕانكفۆرت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌هێزیان به مه‌به‌ستی پشتیوانی له خه‌ڵكی ئێران و ئیدانه‌كردنی سه‌ركوتی خوێناوی خۆپێشانده‌ران له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه به‌ڕێوه‌برد.
له‌و كۆبوونه‌وه‌دا كه به مه‌به‌ستی مه‌وحكووم كردنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه‌چوو، كه‌سایه‌تییه ناسراوه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی ئێران و ئاڵمان و هه‌روه‌ها شاره‌داری فڕانكفۆرت تێیدا به‌شداریان كرد و هه‌ر یه‌كه‌و بابه‌تێكی پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد، به‌شداربووان وێڕای ئیدانه‌كردنی كوشتنی“مه‌هسا ئه‌مینی” له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به‌بیانووی حیجابی زۆره‌ملێ و سه‌ركوتی دڕندانه‌ی خۆپێشانده‌ران خوازیاری كاردانه‌وی توندی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا دژ به‌و جه‌نایه‌ته بوون.