ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و له سه‌رووی هه‌موانه‌وه سپای پاسداران به‌هۆی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی داڕمانی ئابووری، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر به‌ڵێنییه‌كانی به‌رجام و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان به‌په‌له‌یه. حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی ئیسلامی، به‌یانیی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٤ی مانگی خاكه‌لێوه له دانیشتنی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌تدا وتی: “بۆ ئه‌وه‌یكه ته‌حریمی زاڵمانه به‌سه‌رمانه‌وه نه‌مێنێ، یه‌ك خوله‌كیش له‌ده‌ست ناده‌ین“. ناوبراو له درێژه‌دا ڕایگه‌یاند كه: “له ئێستادا نامانهه‌وێ باسی خه‌ساره‌ته‌كان بێنینه گۆڕێ و بڵێین كه له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا چه‌نده‌ی زه‌ربه لێداوین“. ڕووحانی هه‌روه‌ها وێڕای ئاماژه به وته‌كانی خامنه‌یی وتی: “باڵاترین به‌رپرسی وڵاتی ئێمه به‌ئاشكرا ڕایگه‌یاند كه ئه‌گه‌ر ئێوه به‌شێوه‌ی جیدی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر به‌ڵێنییه‌كان ئه‌وكات ئێمه‌ش ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بهڵێنییهكانمان. كه‌وابوو پێوه‌ری نێوان ئێمه و ئێوه به‌رجامه. ئێوه به‌گشت به‌رجام پێبه‌ند بن، ئێمه‌ش به گشت به‌رجام پێبه‌ند ده‌بین“.
ئه‌م وتانه‌ی ڕووحانی له حاڵێكدایه كه كادری ڕێبه‌ریی سپای پاسداران كه له پشت په‌رده‌وه سێناریۆی وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا داده‌ڕێژێ و پێشتریش شه‌رت و مه‌رجی وتووێژی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ڕاگه‌یاندبوو. به پێی ئه‌م شه‌رت و مه‌رجانه كه پێشتر له ڕۆژنامه‌ی “جه‌وان“ی سه‌ربه سپای پاسداران‌دا چاپ كرابوو، مه‌ودای سنووردار كردنی توانای پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕژیم كه تا ساڵی ٢٠٢٣ دیاری كراوه نابێ دووباره بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان، قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ساره‌تانه‌ی كه به‌هۆی تهحریمهكانهوه له ئێران دراوه، په‌یوه‌ست نه‌كردنی ته‌وه‌ری گه‌شه‌ی مووشه‌كه بالستیكهكان و سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌كانی ڕژیم به وتووێژه‌كانی پێوه‌ندیدار به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌رجام، له باقی پێش مه‌رجه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی سپای پاسداران بووه. له‌و كاته‌دا سپای پاسداران سه‌ره‌ڕای دیاری كردنی ئه‌م مه‌رجانه، وه‌ك هه‌نگاوی نیهایی ڕاگرتنی به‌ڵێنییه هه‌سته‌ییه‌كان، به‌ربه‌ستی ژماره‌ی سانتریفیوژه‌كانی وه‌لانا و قۆناغێكی تازه‌ی له پیتاندن له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی گازی هێگزا فلۆرایدی ئۆرانیۆمهوه ده‌ستپێكرد. له لایه‌كی دیكه‌وه باڵی ئۆسوولگه‌رای مه‌جلیس به په‌سند كردنی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له‌ژێرناوی “هه‌وڵی ستراتێژیك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان“، ئۆڵتیماتۆمی دا كه ئه‌گه‌ر تا ڕێكه‌وتی ٥ی ڕه‌شه‌ممه گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان هه‌ڵنه‌وه‌شێنه‌وه و ئیزنی فرۆشی نه‌وت به ڕژیم نه‌درێت، ده‌وڵه‌تی ڕووحانی ئه‌ركی سه‌ر شانییه‌تی كه به‌كرده ده‌رهێنانی پرۆتۆكۆلی ئێلحاقی ڕابگرێت. ئه‌م په‌سندكراوه‌ی مه‌جلیس له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری كورتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ ئێران بێ ئێعتبار بوو و به‌رپرسانی ئه‌م ئاژانسه به‌رده‌وام ده‌توانن به‌شێوه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو سه‌ردانی ناوه‌نده هه‌سته‌ییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بكه‌ن. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵانه، گه‌وره كردنه‌وه‌ی توانای هه‌سته‌یی ئێران و وته‌كانی خامنه‌یی سه‌باره‌ت به توانای ڕژیم له ئه‌نجامی پیتاندنی ٦٠ له‌سه‌دیی ئۆران‌یۆم، هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوو بۆ ده‌وڵه‌تی بایدێن كه مه‌ودایه‌كی زه‌مانیی بێ‌سنوور بۆ ئه‌م موعامه‌له‌یه بوونی نییه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشكرا بوو كه ئه‌م ئیدیعایانه بێ ناوه‌رۆكن. له ڕاستیدا سپای پاسداران به ڕاگه‌یاندنی پێشمه‌رجی نه‌گونجاو و هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ندبوونی به به‌ڵێنییه‌كانی به‌رجام و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی تازه له پیتاندنی ئۆران‌یۆم، به‌نیاز بوو تا توانای مانۆری خۆی بۆ چه‌نه‌لێدان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆسه‌ر مێزی وتووێژ تاقی بكاته‌وه. ئه‌وه‌یكه ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌نجام دانی سازشێكی قاره‌مانانه‌ی دیكه پێویسته پاشه‌كشه‌ی زیاتر بكات. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌رجام و ڕه‌واندنی به‌شێك له گه‌مارۆكان، ڕێگا بۆ پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌تر خۆش ده‌كات. ڕژیم ناچار ده‌بێت كه له ده‌ست تێوه‌ردانی نیزامی له ناوه‌نده قه‌یراناوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست هه‌ڵگرێ و له بردنه‌سه‌روه‌ی توانای نیزامی و به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌كه دوورهاوێژه‌كانی خۆی كه ده‌توانێ بۆ ئه‌منییه‌تی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه مه‌ترسیدار بێت پاشه‌كشه بكات. ئه‌وه‌یكه كۆماری ئیسلامی له وه‌ها پێگه‌یه‌كدا گرفتار بووه، ترسی له په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزهكانه كه له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا دوو جار خۆفی مه‌رگیان خسته ناو دڵی ڕژیمه‌وه. هه‌ڵبه‌ت قه‌بووڵ كردنی ئه‌م باروودۆخه سه‌رشۆڕانه‌یه بۆ هێنێدێك له مه‌حفه‌له ئۆسوولگه‌راكان و یان ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده‌كانی سپا دژواره. هه‌ر بۆیه هێندێك له ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له به‌ره‌ی ئۆسوولگه‌راكان له لایه‌كه‌وه بۆ دوور خستنه‌وه‌ی شه‌ڕی ئه‌مریكا سازش و پاشه‌كشه به حه‌تمی ده‌زانن و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌پێناو پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندی دیپلۆماتیكی نیزامی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ڕووسیه و چین هه‌وڵ ده‌ده‌ن. ئه‌وان به‌نیازن كه ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ چین و ڕووسیه له فازی شه‌ریكی بازرگانییه‌وه بۆ فازی هاوكاری له‌سه‌ر ته‌وه‌ره ستراتێژیكهكان به‌هێز بكه‌ن. بێگومان ئه‌م سیاسه‌ته‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندی ئابووریی ده‌وڵه‌تی ڕووسیه و چین له‌گه‌ڵ ڕه‌قیبه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تێكههڵكێشرانی به‌رژه‌وه‌نده ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئۆرووپا و ئه‌مریكا، هیچ داهاتوویه‌كی نییه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌وڵه‌تی بایدێن ئه‌گه‌رچی سیاسه‌تی چوونه‌ده‌ره‌وه له به‌رجامی ترامپ و “گوشاری زۆرینه”ی ئه‌و بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی به‌رنامه هه‌سته‌ییه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی، به سیاسه‌تێكی شكست خواردوو ده‌زانێ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یكه له كه‌مپه‌ینه تهبلیغاتییهكاندا ئیدیعای ده‌كرد، بۆی ده‌ركه‌وتووه كه گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رجام كارێكی ئاسان نییه. بایدێن ناچاره بایه‌خ به گوشاری هاوپه‌یمانه ستراتێژیكهكانی خۆی له‌وانه ئیسرائیل و عه‌ره‌بستان بدات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆر به‌هێزه كه ده‌وڵه‌تی بایدێن به‌له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانكارییه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو و به‌قه‌ولی خۆیان گۆڕانكاریی جوگرافیای سیاسی و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ده‌كات، نه‌خشه ڕێگایه‌كی نوێ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بگرێته به‌ر. ئه‌مجاره‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رجام ده‌بێته ده‌ستپێكێك بۆ ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سێ ده‌سه‌ڵاتی ئۆرووپایی ئه‌ندامی به‌رجام، ته‌وه‌ری وتووێژ و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر سنوورداركردنی به‌رنامه مووشه‌كییه‌كان و ده‌ست تێوه‌ردانه نیزامییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ناوه‌نده قه‌یراناوییه‌كانی ناوچه‌كه وه‌ك گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ته‌كمیلی به‌رجام بێنێته گۆڕێ.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، ئامانجی ستراتێژیكی ئه‌مریكا نه‌ك ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی به‌ڵكوو گۆڕینی ڕهفتارێتی. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا نایهه‌وێ كه داهاتووی كۆمه‌ڵگای ئێران كه پۆتانسیه‌لی شۆڕشی تێدایه به چاره‌نووسێكی نادیار بسپێرێت، به‌ڵكوو به‌نیازه كۆماری ئیسلامی به‌جۆرێك ڕام بكات كه هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له ناوچه‌كه نه‌مێنێت. كه‌وابوو هه‌ر دوو لایه‌نی ئه‌م كێشمه‌كێشه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی كۆدهنگن. ئه‌وه‌یكه كێشه‌ی له‌سه‌ره به‌هایه‌كه كه كۆماری ئیسلامی بۆ وه‌گرتنی زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی ده‌بێ بیدات. به‌هاكه‌شی قه‌راره له جه‌رگه‌ی ئه‌م گرژی و كێشمه‌كێشانه‌دا دیاری بكرێت.