وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ئێران ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٧ی مانگی گه‌لاوێژ ڕایگه‌یاند كه به شناسایی نزیك به ٤٠ هه‌زار حاڵه‌تی نوێی تووش بوون به كۆرۆنا و مه‌رگی ٥٤٢ نه‌خۆش له ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێكۆردێكی نوێ له ئاماری ڕۆژانه‌ی تووش بوون و مه‌رگی ئه‌م ویرووسه له وڵات‌دا تۆمار كراوه. عه‌لیڕه‌زا زالی فه‌رمانده‌ی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا له تاران باسی له باروودۆخی قه‌یراناویی گشت شاره‌كانی ئه‌م پارێزگایه كرد و ڕایگه‌یاند كه پتر له ٩ هه‌زار و ٤٠٠ نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌كانی تاران‌دا به‌سته‌ری كراون. ئه‌وه‌ش له حاڵێك دایه كه مه‌سعوود یونسیانی ئێپیدێمیۆلۆژیست، وێڕای ئاماژه به هاتنه خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی تێسته‌كانی “پی سی ئار“، ته‌ئكیدی كرد كه ئاماری واقعیی تووش بوون و مه‌رگی كۆرۆنا له ئێران یه‌كجار له ئاماری ڕه‌سمی له‌سه‌رتره.
حكوومه‌تی ئیسلامی كه یه‌كێك له ناكارامه‌ترین و نه‌شیاوترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیهانه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیی كۆرۆنا و ڕێگری له مه‌رگی هاووڵاتییان، وێڕای چه‌ند مانگ حاشالێكردن له‌م نه‌خۆشییه به پیلانگێڕی پێناسه‌ی كرد و به هیچ كام له پێشنیاره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی و كۆمه‌ڵگه‌ی زانستی و پزیشكیی ئێران بایه‌خی نه‌دا.
به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و ڕه‌ونه‌ق دان به هه‌ڵبژاردنی بێڕهمهق و وه‌ڕێخستنی ڕێوڕه‌سمی مه‌زهه‌بی، له‌به‌رچاونه‌گرتنی مه‌ودادانانی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌بوونی به‌رنامه بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی خێرا، ده‌خاڵه‌ت دانی سپا له كاروباری پزیشكی و گاڵته‌جاڕیی درووست كردنی ماشێنی ویرووسیاب و یان دژایه‌تیی گێلانه‌ی خامنه‌یی و شه‌ریكه‌كانی له‌گه‌ڵ زانستی پێشكه‌وتووی جیهانی سه‌باره‌ت به واكسیناسیۆن، وه‌دواخستنی واكسینه كردنی خه‌ڵكی ئێران تا ئاماده‌بوونی به‌رهه‌می ناوخۆیی و ئیسلامی، كه بوو به‌هۆی گیان له‌ده‌ست دانی نزیك به ١٠٠ هه‌زار كه‌س و تووش بوونی ملیۆنیی خه‌ڵك به‌م نه‌خۆشییه، ته‌نیا گۆشه‌یه‌كه له نابه‌رپرس بوونی سه‌رانی حكوومه‌تی ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر گیان و سڵامه‌تی خه‌ڵكدا.
هاوكات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلی پێنجه‌م، وه‌زیری ته‌ندرووستی داوای كرد كه له ده‌وره‌ی عهزادارییهكانی مانگی موحه‌ڕه‌مدا بۆ ماوه‌ی دوو حهفهته كه‌سب و كار ته‌عتیل بكرێت و قه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت. به‌ڵام ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا نه ته‌نیا ته‌عتیل كردن و قه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ریی قه‌بووڵ نه‌كرد به‌ڵكوو ڕێگه‌ی به به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه و به‌رنامه‌كانی موحه‌ڕه‌میش دا. دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دوو حه‌فته ته‌عتیلیی سه‌رانسه‌ری له باروودۆخێكدایه كه ڕه‌وتی واكسیناسیۆن به خاوی ئه‌نجام ده‌درێت و ڕێژه‌ی مه‌رگ به‌خێرایی ده‌ڕواته سه‌رێ. ساڵی ڕابردوو هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا، موجهوز دانیان به ڕێوڕه‌سمه‌كانی موحه‌ڕه‌م، شه‌پۆلی سێهه‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنای لێكهوتهوه. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدابوو كه ساڵی ڕابردوو جۆری دێڵتای ویرووسی كۆرۆنا كه چه‌ند به‌رابه‌ر توانای گیرۆیی له‌سه‌رتره، هێشتا سه‌ری هه‌ڵنه‌دابوو.
هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێران نه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتوو به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا له بواری واكسیناسیۆن، ئاستی نابه‌رپرس بوون و بێ كهفایهتیی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیمان پێ نیشان ده‌دات.
ڕۆژنامه‌ی ئێعتماد نووسیی: “به پێی دوایین چارتی جیهانی له وه‌زعییه‌تی واكسیناسیۆنی كۆویدی ١٩، ئێران له بواری ژماره‌ی جهمعییهتێك كه واكسیناسیۆنی كامڵ واته دوو دۆز واكسێنیان لێدراوه، له پله‌ی ١٤٤ و له بواری ژماره‌ی جهمعییهتێك كه ته‌نیا یه‌ك دۆز واكسێنیان به‌ركه‌وتووه، له پله‌ی ١٢٨ی جیهانی دایه”.
ئاماری مه‌رگی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له ئێران ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕپێكراو نییه و ئاماری واقعی یه‌كجار له ئاماری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌رتره، به‌ڵام جه‌معییه‌تی ٨٢ ملیۆن كه‌سی و مه‌رگی پتر له ٩٥ هه‌زار كه‌س، ڕه‌قه‌می سه‌رووی نۆرمی هه‌زار و ١٦٠ كه‌س له هه‌ر یه‌ك ملیۆن جهمعییهتمان پێ نیشان ده‌دات كه ئه‌م ڕێژه‌یه نزیك دوو هێنده و نیوی ئاماری مه‌رگی وڵاتی توركییهیه.
ئه‌مڕۆ سه‌دان و هه‌زاران كادری پزیشكی و ده‌رمانی شاره‌زا و به‌ئه‌زموون له ده‌ره‌وه‌ی ئێران له وڵاتانی ڕۆژئاوا خه‌ریكی كارن كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه نه‌یانتوانیوه و یان نه‌یانویستووه له ئێران كار بكه‌نن، توانا و زانستی خۆیان له هه‌موو ڕێگه‌یه‌كه‌وه له‌وانه له ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه خستووه‌ته ئیختیار خه‌ڵكی ئێرانه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌تی ئیسلامی و كاربه‌ده‌ستانی بێ كه‌فایه‌تی ده‌رمانی له ئێران هیچ كات حازر نه‌بوون گوێڕایه‌ڵی پێشنیاری زانستی و به‌رپرسانه‌ی ئه‌وان بن.
حكوومه‌تی ئیسلامی شاره‌زای سه‌ركوتی خه‌ڵك له ناوخۆ و تیرۆریسم له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته. كارایی ڕژیم له ته‌سلیم بوون له به‌رامبه‌ر ویشكهساڵی، له پێكنه‌هێنانی پیشه و نه‌دانی بیمه‌ی بێكاری، له ئه‌شكه‌نجه و زیندان دایه و كاتێك نۆره‌ی سڵامه‌تی خه‌ڵك و ڕێفاه و ئاسایشی گشتی دێت، یه‌كێك له بێكهفایهت ترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیهانه. ڕژیمێك كه له‌گه‌ڵ زانست، ئه‌گه‌ر له خزمه‌ت سه‌ركوت و پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا نه‌بێت، دوژمنایه‌تییه‌كی ئاشكرای هه‌یه و له حاڵێكدا كه سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه خۆیان له باشترین ئیمكاناتی ده‌رمانی و پزیشكی جیهان به‌هره‌مه‌ندن، نابێ له‌ئاست چاره‌نووس و ژیانی جه‌ماوه‌ریی ملیۆنی خه‌ڵكی بێبه‌ش و ڕه‌نجدیتوو به‌رپرس و بڕیارده‌ر بێت تا مه‌رگی زیاتر و نه‌خۆشیی و نائه‌منیی به‌رینتریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.