به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز، “ئاران تیباش، حسێن عوسمانی، دارا ڕەشیدی، ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، جەواد یووسفی، بێهزاد عەباسی قەراگوز، مۆحسین مەحاڵی، فاروق لواشلوویی، سالار سدیق هەمەدانی، ئیبراهیم خەلیل سدیق هەمەدانی، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلامزادە، تۆفیق عەبدوڵڵاهی و محەممەد حسێنپوور” لە زیندانی ورمێ لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی دادوەریی ئەو شارە بهمهبهستی جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکهیان هێنا.
بە پێی ئهم ڕاپۆرته، دادوەری چاوەدێری زیندانی ورمێ و دادوەری لقی ١٩ی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکان، لەگەڵ زیندانییانی مانگرتوو چاوپێکەوتنیان کردووه و بەڵێنیی داوه کە داواکارییەکەیان جێبەجێ بكهن. شایانی باسه، نامەی هاوبەشی ئەو ١٤ بهندكراوە سیاسی و مەزهەبییە بۆ دادگوستەری و دادستانی ورمێ ڕەوانە کراوە و پاش ئەو چاوەپێکەوتنە، ئهم بهندكراوانه کۆتاییان بە مانگرتنەکهیان هێنا. جێگهی ئاماژهیه، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ١٤ بهندكراوی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لهئاست جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی سزای زیندان و ئاسانکارییەکان دەستیان دابووە مانگرتن لهخواردنی وشک.