ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه ماوەیەکە بەشێک لە چالاکانی ئەنجومەنە ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆستییەکان دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی هاوبەشی بڵاوکردنەوەی خواردن و دروستکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران.
لە درێژەی ئەم چالاکییانەدا بە مەبەستی هاوکاری و ئامادەکردنی خواردن بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران، ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “سروشتی شارەکەم بۆکان” کەمپەینێکی لەژێر ناوی “کۆکردنەوەی خواردن و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران” ڕاگەیاندبوو. ئەم کەمپەینە کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، لە قۆناغی یەکەمدا بە هاوکاریی بەشێک لە کوشتارگەکانی ئاژەڵان و پەلەوەران توانیان ڕێژەیەکی زۆر لە گۆشت و وردەنان و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران کۆ بکەنەوە.
لە قۆناغی دووەمی کاری کەمپەینەکەدا بە هاوکاریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی ئەنجومەنەکان و خەڵکی ژینگەدۆستی ئەمشارە، هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی خواردن و دانەوێڵەکانیان لە شاردا بەڕێوە برد. ئهمه له كاتێكدایه کە ماوەیەکە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەران لە بەشی زۆری شارەکانی کوردستان بووە بە نەریت و ژینگەپارێزان مەبەستیان لەو هەوڵانە ئەوەیە کە بڵێن هەموو ئاژەڵ و بوونەوەرێک مافی ژیانی هەیە و ئەرکی مرۆڤە ئەو مافەیان بپارێزێ.