كرێكارانی “بام”ی خۆڕه‌م ئاباد له ئۆستانی لۆرستان، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٤ی سه‌رماوه‌ز، بۆ دووهه‌مین جار له ناڕه‌زایه‌تیی به كه‌مبوونه‌وه‌ی ٨٠ له‌سه‌دی و دواخرانی ٤ مانگه‌ی حقووقه‌كانیان، له به‌رامبه‌ر ئۆستانداری لۆرستان ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
به‌وته‌ی كرێكارانی ناڕازیی، شیركه‌تی “بام” خۆڕه‌م ئاباد له ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوودا ته‌نیا یه‌ك ملیۆن تمه‌نی پێ داون و له‌م بارودۆخه ناله‌باره ئابوورییه‌ی ئێستا به‌م لانیكه‌می حه‌قده‌سته ناتوانن پێداویستییه‌كانی ژیانیان دابین بكه‌ن و ده‌شڵێن: زۆربه‌یان كرێ نشینن. كرێكارانی ناڕازیی ڕاشیانگه‌یاندووه: كارفه‌رما به جێگه‌ی وه‌ڵام دانه‌وه به كێشه‌وگرفته‌كانیان، هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردوون كه ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مۆتاڵباته‌كانیان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌رن، له‌سه‌ر كار ده‌ریان ده‌كات.