به پێی ڕاپۆرتهكان، بەشێك لە هاوڵاتییانى سنوری چەمچەماڵ، ڕۆژی شهممه ١٩ی ڕێبهندان دژى نەبونى خزمەتگوزارى سەرەتایی و نەبونى هەلی کار دهستیاندایه كۆبوونهوه.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، هاوڵاتییانى سنوری چەمچەماڵ و دەوروبەرى دژى نەبونى خزمەتگوزاريیە سەرەتاییەکانى وەک کارەبا، سوتەمەنی، ئاو، ڕێگاوبان و تەندروستی و نەبونى هەلی کار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هاوکات چەند ڕۆژێکە چالاکوانانى قەزاى چەمچەماڵ، لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئاگادارییەکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە دانیشتوانى چەمچەماڵ، تەکیە، شۆڕش و ئاغجەلەر كردووه كه بەشداربن لە كۆبوونهوهی دژى پەراوێزخستنى ناوچەکەیان. شایانی باسه، بەهۆى بڵاوەپێکردنى هێزێکى زۆرى ئەمنى لە ناوچەکە، کۆتایى بە خۆپیشاندان و كۆبوونهوهكه هێنرا. ئەوەش لەکاتێکدایە، كه سهرلهبهیانی ڕۆژی شەممە ژمارەیەک گازفرۆشی سنوری چەمچەماڵ دژى کەمبونەوەى گاز لەسەر رێگای چەمچەماڵ- سلێمانی كۆبوونهوهی ناڕهزایهتییان بهڕێوهبردبوو و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک رێگەیان بە رۆیشتنى تەنکەرەکانى گواستنەوەى گاز گرتبوو.