ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٩ی خه‌رمانان، كۆمه‌ڵێك له ئاودێرانی شارستانی خان میرزا له ئۆستانی چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاریی، بۆ دووهه‌مین جار له ناڕه‌زایه‌تیی به په‌رداخت نه‌كرانی حه‌قده‌ست و مه‌زایاكانیان، له حه‌ساری فه‌رمانداریی ئه‌مشاره ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.
ئه‌م كرێكارانه كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه حه‌فته‌ی ڕابردووش ده‌ستیان دابووه كۆبوونه‌وه، به‌دوای به‌ڵێنی فه‌رماندار سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌وگرفته‌كانیان، كۆتاییان به ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان هێنابوو. ناڕازییان ده‌ڵێن، له‌و ڕۆژه‌وه هه‌تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان هه‌ڵنه‌گیراوه. ناڕازییان خوازیاری په‌رداختی بڕی ١٠ مانگ حه‌قده‌ستی دواخراو و هه‌روه‌ها بڕی ٢ مانگ حه‌قی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان بوون.