به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٣ی مانگی سه‌رماوه‌ز موعه‌لیمانی شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خوازیاری پێڕاگه‌یشتنی به‌رپرسان به خواسته‌كانیان بوون.
موعه‌لیمان ناڕازی له تاران، له به‌رامبه‌ر مه‌جلیس و له ئۆستان و شاره‌كانی دیكه له به‌رامبه‌ر بینای ئامووزش و په‌روه‌رشی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه. گرینگ‌ترین داخوازییه‌كانی موعه‌لیمان به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی نیزامی ڕیزبه‌ندی به‌پێی ٨٠ له‌سه‌دی مووچه‌ی هه‌یئه‌تی زانستیی زانكۆكان و هاوسانسازیی مووچه‌ی خانه‌نشینكراوانه. گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی كه یه‌كێك له گرینگ‌ترین خواسته‌كانی موعه‌لیمانی ئێرانه له ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردووه‌وه له مه‌جلیس درایه به‌ر لێكۆڵینه‌وه و له مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا به‌شێوه‌ی گشتی په‌سند كرا به‌ڵام به بیانووی جۆراوجۆره‌وه هه‌تا ئێستا ورده‌كارییه‌كانی په‌سند نه‌كراوه. شایانی باسه له گرته ویدیۆیه‌كدا كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه مه‌ئموورانی ئه‌منییه‌تی هێرشیان كردووه‌ته‌وه سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی موعه‌لیمان له به‌رامبه‌ر مه‌جلیس و به هه‌ڕه‌شه و توندوتیژیی هه‌وڵیان داوه كۆتایی به‌م كۆبوونه‌وه‌یه بێنن.
