بەشێک لە کاسبکارانى بازاڕى لەنگە لە هەولێر دهستیاندایه كۆبوونهوه و داوایان کرد، رێگەیان پێ بدرێت دوکانەکانیان بکەنەوە.
ئەو کاسبکارانە رایانگەیاندووه، ماوەى ٣٦ رۆژە دوکانەکانیان داخراوە و کرێی دوکان و چەندین خزمەتگوزارییان لەسەرە و ناتوانن بەوشێوەیە بژێوى رۆژانەیان دابین بکەن. باسیان لەوەشکردووە، ئامادەن لەژێر هەموو مەرج و رێنماییە تەندروستییەکاندا دوکانەکانیان بکەنەوە و ئەگەر دووکانەکانیان نەکەنەوە، ناچاردەبن خۆیان بیکەنەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە، لەگەڵ کەمبوونەوەى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێم، لە پارێزگاکانى هەرێم ئاسانکاریی لە رێکارەکانى قەدەغەى هاتوچۆ کراوە و بەشێک لە کاسبکاران رێگەیان پێدراوە دوکانەکانیان بکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایی کاسبکارانى دیکەى لێکەوتووەتەوە و داوادەکەن جیاوازی نەکرێت لە نێوانیاندا. هاوكات شۆفیرانى پاسى ناوشارى سلێمانى و بەشێک لە شۆفیرانى هێڵەکانى دەرەوەى شار، لەبەردەم قائیمقامیەتى سلێمانى دهستیاندایه كۆبوونهوه و داوایان كرد لەگەڵ دەستپێکردنەوەى قۆناغى دوەمى ئاساییکردنەوەى ژیان ئەوانیش هێڵەکانى پاسیان بۆ بکرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان. شایانی باسه، لەگەڵ بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆدا، سەرجەم هێڵەکانى گواستنەوەى گشتى لە شارى سلێمانى بەمەبەستى خۆپارێزى لە ویرووسی کۆرۆنا و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەى لە شارى سلێمانى داخرا و لە ئێستاشدا شۆفران داوا دەکەن کە هێڵەکانى پاس بکرێنەوە تا بتوانن ژیانى ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە.