ڕۆژی هه‌ینی ١٧ی مانگی پووشپه‌ڕ، به هه‌زاران پزیشك و كادری ده‌رمان له شاره‌كانی “شڕنا‌خ”، “دێرسیم”، “مێرسین”، “دیاربه‌كر”، “جزیر”، “ئادانا” ،”ماردین”، “ئۆرفا”، “باتمان”، ئانتالیا” و “ئیستانبوول”، دژبه كوشتنی یه‌كێك له پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له شاری “قوونییه” و نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی، ڕژانه سه‌ر شه‌قام و كۆبوونه‌وی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٦ی ئه‌م مانگه، پزیشكی یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری “قوونییه” به‌ناوی “ئه‌كره‌م قه‌ره‌كایا” له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی یه‌كێك له نه‌خۆشه‌كان به‌شه‌ڕ هات و له‌لایه‌ن خزمانی ئه‌و نه‌خۆشه‌وه درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و گیانی له‌ده‌ستدا. پاش ڕووداوه‌كه ئیتحادییه‌ی پزیشكان و په‌ره‌ستارانی توركیا بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ مانیانگرت و له ناڕه‌زایه‌تی به نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و محاكمه نه‌كردنی تاوانباران، ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام هێزه‌كانی پۆلیس به گازی فرمێسك‌ڕێژ هێرشیان كرده سه‌ر خۆپێشانده‌ران. جێگای ئاماژه‌یه كه ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه ڕووداوی له‌و شێوه‌یه له توركیا ڕووده‌دات و ئه‌نجومه‌نی پزیشكان و كادری ده‌رمانی توركیا داوای دابینكردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و محاكمه‌ی تاوانباران ده‌كه‌ن.
