ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٧ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٤ی هه‌تاوی، بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوانی مه‌حكوم به سێداره به مه‌به‌ستی پشتیوانی له به‌ندكراوانی مانگرتووی زیندانی قزڵحه‌ساری كه‌ره‌ج، له به‌رده‌م بینای پارله‌مانی ڕژیم كۆبوونه‌وه.
به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه به به‌رپایی ڕێپێوانێك، وتنه‌وه‌ی درووشمی “نا بۆ سێداره” و هه‌ڵكردنی پلاكارد، دژ به سه‌پاندنی حوكمی سێدراره به سه‌ر به‌ندكراوان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمی سێداره‌ی هه‌موو به‌ندكراوان و ئازادی ده‌ستبه‌جێ هه‌موو زیندانیانی سیاسی و عه‌قیده‌تی بوون. له به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربووان جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه گیانله‌ده‌ستدانی هه‌ر به‌ندكراوێكی مانگرتووی زیندانه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ئه‌ستوی ئه‌و ڕژیمه‌دایه و جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه تا كاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمی سێداره‌ی به‌ندكراوان به‌رده‌وام ئه‌بن له ناڕه‌زایه‌تی. شایانی باسه هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌وڵی بڵاوه پێكردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان دا و هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی، به‌ڵام به هۆی خۆڕاگری خه‌ڵك، ناچار به پاشه‌كه‌شه بوون.