ڕێكخراوی مافی مرۆڤی شاری عه‌فرین له ڕاپۆرتێكدا باس له سه‌ر كوشتنی ٦ هاوڵاتی و ڕفاندنی ٩٥ كه‌سی دیكه‌ی شاری عه‌فرین له لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی توركیه ده‌كات و ڕایگه‌یاندووه زیاتر له ٣ هه‌زار داری زه‌یتوونیش به‌ده‌ستی ئه‌و چه‌كدارانه بڕاونه‌ته‌وه.
“ڕۆشین هیدۆ” یه‌كێك له ئه‌ندامانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی شاری عه‌فرین ڕایگه‌یاندووه له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوو ٦ هاوڵاتی مه‌ده‌نی شاری عه‌فرین به‌ده‌ستی چه‌كدارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی توركیه كوژراون و زیاتر له ٩٥ هاوڵاتیش بێسه‌روشوێن كراون. له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی “ڕۆشین” ئاماژه به‌وه كراوه سه‌ره‌ڕای كوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتیانی عه‌فرین، چه‌كدارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی توركیه به‌زه‌ییان به داره زه‌یتوونه‌كان و ئاسه‌واره مێژوویی و فه‌رهه‌نگیه‌كانی ئه‌و شاره‌ش نایێته‌وه و وه‌ك نموونه دوو شوێنی مێژووی به‌ناوی “نه‌بی حووری” و “قیبار”یان به‌ته‌واوه‌تی ڕووخاندووه و زیاتر له ٣ هه‌زار داری زه‌یتوونیش به‌مه‌به‌ستی فرۆشتن و سووتاندن بڕاوه‌ته‌وه. شایانی باسه ئه‌م تاوانا‌نه‌ی چه‌كدارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی توركیه له پێش چاوی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جێهان ڕووئه‌دات و هه‌موویان چاویان له سه‌ر داخستووه.