شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕۆژی دووشهممه ١٨ی خاكهلێوه رایگەیاند، سێ موشەکى کاتیۆشا لە نزیک کۆمپانیایەکى نەوتى کەوتنەخوارەوە، بهڵام هیچ زیانێکى لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوكات ئاماژەى بەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکانى بەسرە بەدواداچوونیان بۆ ئەو مووشەکانە کردووە کە لەلایەن کەس و گروپى نایاسایی ئاراستەکراون و لە نزیک کۆمپانیای “هاڵبرتۆن”ى نەوتى لە ناوچەى بەرجیسیە کەوتنە خوارەوە. ڕاشیگهیاندووه، لەسەر رێگاى “زوبێر ـــ شەعیبە”، سەکۆى هەڵدانى ئەو موشەکانەیان دۆزیوەتەوە کە ١١ موشەکى تێدابووە و پوچەڵیان کردوونهتهوه. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕوویتێرزیش لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە پۆلیس و کۆمپانیاکانی نەوتەوە، بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە، موشەکەکانیش کەوتوونەتە ناوچەیەکەوە کە نوسینگەی کرێکارانی عێراقی و بیانی کۆمپانیاکانی نەوتی لێن، بەڵام بەهۆی ویرووسی کۆرۆناوە نزیکەی تەواوی کرێکارە بیانییەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا کشاونەتەوە.