ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو، “فابین روسل“، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حیزبی كۆمۆنیستی فه‌ڕانسه، هاوڕێ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له به‌رپرسانی پله به‌رزی ئه‌م حیزبه، له به‌رامبه‌ر مه‌قه‌ڕی شیركه‌تی ده‌رمانسازیی فایزێر، له پاریس ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه و داوایان له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م شیركه‌ته كرد كه بۆ ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی له چنگ ویرووسی كوشنده‌ی كۆرۆنا، فۆرمولی واكسێنی كۆویدی ١٩ و تێكنۆلۆژیی درووست كردنه‌كه‌ی بخه‌نه ئیختیار شیركه‌ته دهرمانسازییهكانی دیكه‌ی جیهانه‌وه. ئه‌م باسانه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رینی بوو. به وته‌ی ڕێبه‌ری حیزبی كۆمۆنیستی فه‌ڕانسه، “قه‌رار نییه، له سه‌رده‌مێكدا كه جیهان له‌گه‌ڵ قه‌یرانێكی گشتگیر و بێ وێنه، به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه و نزیك به دوو ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه، شیركه‌ته‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌رمان، هه‌روا بیر له به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی خۆیان بكه‌نه‌وه”.
له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك نموونه بۆ سه‌لماندنی نامرۆڤانه بوون و پرتووكاوبوونی نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویست بێت، ئه‌وه شێوازی هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌م نیزامه‌یه له به‌رهه‌مهێنانی واكسێنی كۆرۆنادا. ئه‌و شیركه‌تانه‌ی كه فۆرمولی واكسێنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌یان دیتووه‌ته‌وه، گیانی خه‌ڵكی جیهانیان، بۆ وه‌ده‌ست هێنانی قازانجی زیاتر، به بارمته گرتووه. ئه‌گه‌ر ئامانجی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م واكسێنه، نه‌ك وه‌ده‌ستهێنانی سوود به‌ڵكوو ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی له چنگ ئه‌م نه‌خۆشییه كوشنده‌یه بوایه، ئه‌وكات جیهان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی به‌رهه‌مهێنانی واكسێن به‌ره‌وڕوو نه‌ده‌بۆوه و به خێرایی و به شێوه‌ی پێویست به‌رهه‌م ده‌هات. ئێستا كه ده‌وڵه‌ته‌كان ناچار بوون واكسێن به‌خۆڕایی بخه‌نه ئیختیار خه‌ڵكه‌وه، ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س بوو كه بۆ نموونه شیركه‌ته ده‌رمان سازییه‌كان، فۆرمولی به‌رهه‌مهێنانی واكسێنهكهیان وێڕای تێكنۆلۆژیی پێویست، خستبایه ئیختیار ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه و ڕێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانیش چاوه‌دێری چۆنییه‌تیی به‌رهه‌مهێنان بوایه، تا هه‌موان به شێوه‌ی پێوسیت ده‌ستیان به‌م ده‌رمانه ڕاگهیشتبایه. به‌ڵام ئه‌وه ڕوو نادات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه، بنه‌مای سه‌ره‌كیی مانه‌وه‌ی ئه‌م نیزامه، واته به‌رهه‌مهێنان، به ئامانجی وه‌ده‌ستهێنانی قازانجه نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی پێداویستیی ئینسانه‌كان. ئه‌وان ڕه‌مز و ڕازی وهدهستخراوهكانیان، به توندترین شێوازی ئه‌منی له ڕقیبهكانیان ده‌شارنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه به پێی یاسای كێبه‌ركێی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی، شیركه‌ته‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌رمان، مافی خۆیانه كه لانیكه‌م تا ٢٠ ساڵ، فۆرمولی به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان نهێنی بهێڵنه‌وه. ئه‌وان هه‌ر به‌وه‌نده ڕازی نه‌بوون و كێبه‌ركێیه‌كی بێبهزهیانهیان له‌سه‌ر گیانی مرۆڤه‌كان خسووه‌ته ڕێ. له حاڵێك دا كه پتر له ٢٦ ملیۆن مرۆڤ له ئاستی جیهاندا تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه بوون، له پشت په‌رده‌دا، له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م واكسێنه و وه‌ده‌ست هێنانی قازانجی زیاتر، ههراوهۆریایهكی به‌رین له ئارا دایه. ده‌زگا تهبلیغاتییهكان ده‌كه‌ونه كار تا ئاكامی تاقیكردنه‌وه‌كانی یه‌كتر بێ ئیعتبار بكه‌ن. له كێبهكێی درووست كردنی واكسێنی كۆرۆنادا، شه‌ڕی زانیاری‌یان خستووه ڕێ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له شیركه‌ته‌كانی تێكنۆلۆژی و زانكۆكان، زانیاری بدزن. سیرویسی زانیاریی ئه‌مریكا و بریتانیا ئیدیعای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه شوێنی چه‌ندین چالاكییان گرتووه كه نیشانی ده‌دات هێندێك وڵات به‌نیازن له‌ئاست لێكۆڵینه‌وه‌كانی كۆویدی ١٩، سیخوڕی ئه‌نجام بده‌ن. ویرووسی كۆویدی ١٩، هه‌تا ئێستا، جه‌سته‌ی پتر له ٢٦ ملیۆن مرۆڤی له سه‌رتاسه‌ری جیهان داگرتووه. به‌ڵام هه‌زاران بواری جۆراوجۆری به‌رهه‌مهێنان، ته‌ماع و قازانجپه‌ره‌ستیی ئه‌م شیركه‌تانه پڕ ناكاته‌وه ، به‌ڵكوو لێره‌شدا ده‌بێ كایه به گیانی ئینسانه‌كان بكه‌ن تا له ڕهقبهكانیان جێ نه‌مێنن. مه‌گه‌ر نه‌ده‌كرا له ناو هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه بۆ پاره وه‌سه‌ر یهكنان، بۆیان هه‌ڵده‌كه‌وێ، ته‌نیا له یه‌ك نموونه‌دا، گیانی مرۆڤه‌كان به بارمته نه‌گرن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه ته‌نانه‌ت خودی ئه‌م نیزامه بۆ چه‌وساندنه‌وه‌یان، پێویستی به ته‌ندرووستییانه.
ئه‌م باروودۆخه بۆ جارێكی دیكه نیشانی دا كه مرۆڤایه‌تی تا چ ڕاده‌یه‌ك پێویستی به سۆسیالیسمه وه‌ك ئالتێرناتیڤێكی ڕزگاریبهخش له چنگ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌درای. له‌م نیزامه‌دا، زانست و تێكنۆلۆژی، دیلی ڕه‌قابه‌ت و كێبهركێیه. هه‌ر بۆیه له پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی واكسێنی كۆرۆنادا، ده‌بینین كه چلۆن، ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌رمان، ئاكامی لێكۆڵینه‌وه زانستیه‌كان، له یه‌كتر دهشارنه و یان له یه‌كتری ده‌دزن. به نه‌مانی ئه‌م سیستمه، ئاستی به‌رهه‌می كار و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی به خێراییه‌كی سه‌رسوورهێنه‌ر، ده‌ڕواته سه‌رێ. سۆسیالیسم، دابین كردنی پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك، ژیانی خۆشبژێو و شیاوی مرۆڤ، ده‌كاته ئامانجی به‌رهه‌مهێنان و گشت خزمه‌تگوزاری و پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، له ئاستێكی به‌ریندا به‌رهه‌م دێت و گشت پێداویستییه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی مرۆڤ دابین ده‌كات. له كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی‌دا، مرۆڤه‌كان له ئیمكانی یه‌كسان و فراوان بۆ گه‌شه‌ی توانا كه‌سییه‌كانیان به‌هره‌مه‌ندن و هه‌موو ئه‌م تواناییانه له بانترین ده‌پشكوێن. له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ئازادی و ڕێفاهی هه‌ر مرۆڤێك، مه‌رجی ئازادی و ڕێفاهی هه‌مووان ده‌بێت و گشت مرۆڤه‌كان هه‌نگاو ده‌نێنه ناو باروودۆخێكی به‌ڕاستی ئینسانییه‌وه.