له درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه جیهانیه‌كان له‌ئاست ئێعدامی “حه‌بیب ئه‌سیوه‌د” شارۆمه‌ندی دوو تابعه‌یتی ئێرانی سویدی له‌لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمه‌وه، ڕۆژی شه‌ممه ١٦ی مانگی گوڵان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید باڵیۆزی ئێرانی له‌و وڵاته بانگهێشت كرد و یه‌كێتی ئورووپاش له به‌یاننامه‌یه‌ك دا ئه‌و كرده‌وه‌ی به توندی شه‌رمه‌زار كرد.
“تۆبیاس بیلستڕۆم” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ڕۆژی ڕابردوو ڕایگه‌یاند: “ده‌وڵه‌تی سوید و یه‌كێتی ئورووپا ئێعدامی “حه‌بیب ئه‌سیوه‌د” به توندی ئیدانه ئه‌كه‌ن و ئێعدام وه‌كوو سزایه‌كی نامرۆڤانه و قه‌ره‌بوو نه‌كراو ده‌زانن”. یه‌كێتی ئورووپا وێڕای شه‌رمه‌زاری كردنی ئه‌و كرده‌وه جه‌نایه‌تكارانه‌ی ڕژیم، خوازیای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای ئێعدام له ئێران بوو.
