کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی بێ ئاوی و بێ لیاقەتیی دەسەڵاتدارانی ئیسلامیی ئێران

photo 2021 11 09 11 14 43

حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی ئێران لەگەڵ قەیران و دژواریی نوێ بەرەوڕوو دەکاتەوە و لەئێستادا قەیرانی ئاو لە بەشێکی بەرین لە ئێران، بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات کە خەڵکی هێندێک لە ناوچەکان لە ئاستێکی بەریندا کۆچ بکەن و ئەم ناوچانە چیتر جێگای ژیان نەمێنن. لە هەمان حاڵدا ڕژیم بەشێوەی فریوکارانە هەوڵ دەدات خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکان بەرەوڕووی یەکتر بکاتەوە.

ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی فراوان سەبارەت بە گۆڕانکاریی ژینگە و بەتایبەت کەم ئاوی و بێ ئاوی لە ئێران بڵاوکراوەتەوە کە هەموویان باسی سیاسەت و کردەوەی کارەساتباری سەران و بەرپرسانی گەندەڵ و نالایقی حکوومەتی ئیسلامی لە پێکهێنان و توندکردنەوەی قەیرانی ئاو دەکەن. با پانتایی ئەم کارەساتە لە زمانی کەسایەتی، میدیا و ناوەندەکانی سەربە ڕژیم ببیستین:

هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران، بە پێی دوایین ڕاپۆرتی ڕەسمیی شیرکەتی بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، باسی لە کەمبوونەوەی ٢٧ لەسەدیی پاشەکەوتی ئاوی بەندئاوەکانی ئێران لەچاو ساڵی ڕابردوو کرد. لە ئێستادا ئاستی پاشەکەوتی ئاوی بەندئاوەکان لە سەرتاسەری ئێران گەیشتووەتە کەمتر لە ٤٠ لەسەد.

بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری زانیاری و داتاکانی ئاوی ئێران هۆشداری داوە کە ئاوی پشت بەندئاوەکان تەنیا بەشی وەرزی پاییز دەکەن. هەواڵنێریی ئیسناش لەسەر زاری محەممەد شەهریار، لە بەڕێوەبەرانی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی تاران، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە باروودۆخی سەرچاوەکانی ئاوی پێتەخت “لەوەیکە گومان دەکرێ قەیراناویترە و ئەگەر لە ئێستاوە عیلاجێکی بۆ نەدۆزرێتەوە، لە داهاتوودا گەلێک کێشە و گرفت بەرۆکمان دەگرن. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بەلەبەرچاوگرتنی هاتنەخوارەوەی ٩٧ لەسەدیی بارین لە چاو ساڵی ڕابردوو، پاشەکەوتی ئاوی پێنج بەندئاوی تاران تا کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ ٣١٤ ملیۆن میتری سێجا کەمیان کردووە و پێتەخت لە یەک قەدەمیی بێ ئاوی دایە.

سەبارەت بە توندکردنەوەی بەئانقەستی ناکۆکی لە نێوان خەڵک، بە پێی ڕاپۆرتەکان بۆ پێنجەمین جار لەم مانگەدا، هێرش بۆسەر هێڵی گواستنەوەی ئاوی یەزد لە شەرقی ئیسفەهان بوو بە هۆی خراپ بوونی حەوزچەی ٣٠٨ و قەتع بوونی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی یەزد. کەشاوەرزانی ئیسفەهان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار لە ناڕەزایەتی بە دابین نەکرانی “حەق ئابە”، دەستیان داوەتە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان. قەتع کرنی هێڵی گواستنەوەی ئاو بۆ یەزدیش بەردەوام لە ماوەی ساڵانی پێشوودا ڕوویداوە.

حەمیدڕەزا جانباز، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران وتوویەتی کە  دابین  کردنی ئاوی خواردنەوەی نزیک بە ٥٠٠ شار بە ئاوی بەندئاوەکانەوە بەستراوەتەوە و ئاستی چوونی ئاو بۆ ناو بەندئاوەکان لەمساڵدا نیسبەت بە مامناوەندی ساڵی ڕابردوو ٦٠ لەسەد و ئاستی ئاوی سەدەکانیش ٣٤ لەسەد هاتوونەتە خوارێ. ناوبراو هەروەها وتی کە بە پێی لێکدانەوەکانی ئێستا، لە ساڵی ١٤٠٠دا پتر لە ٣٠٠شار لەبەردەم گیروگرفتی ئاو دان و لەناو ئەم ژمارەیەدا ١٠١ شار لە وەزعییەتی سووری دابین کردنی ئاو دان. جانباز تەئکیدی کرد کە لە هاوینی ئەمساڵدا هەشت هەزار و ٤٠٥ گوند لە لایەن ماشێنەکانی ئاوگەیاندنەوە ئاویان پێدەگات.

ئه‌گه‌رچی وشكه‌ساڵی دیارده‌ و به‌ڵایه‌كی سرووشتییه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا، له‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌هه‌ڵگره‌وه‌ كردوویه‌ته‌ كاره‌ستاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. كارگێڕانی ڕژیم بۆ كه‌مبوونی ئاو له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، دوو ده‌لیل دێننه‌وه‌:

یه‌كه‌م، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی بارین و دووهه‌م به‌كارهێنانی زۆری ئاو بۆ كاری كه‌شاوه‌رزی. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر دووكیان واقعین، به‌ڵام ته‌نیا به‌شێك له‌ واقعییه‌ته‌كه‌ن. ئه‌وان گرینگرین هۆكاری كه‌مبوونی ئاو واته‌ گه‌نده‌ڵیی ڕیشه‌داری ناو ئۆرگانه‌كانی ڕژیمیان له‌ قه‌ڵه‌م خستووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ده‌لیلی یه‌كه‌م پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكرێت كه‌ چ كه‌سانێك به‌ نه‌زانم كاری و قازانج په‌رستی، بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ كه‌مبوونی بارین، به‌مجۆره‌ وڵاتی ئێران له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی كه‌م ئاوی به‌ره‌وڕوو بكاته‌وه‌؟ با سه‌ره‌نج بده‌ینه‌ دوو نموونه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی هۆكاری مرۆیی له‌سه‌ر كه‌مبوونی ئاو:

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان هه‌ڵێنجانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئاوه‌كانی ژێرعه‌رزه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ بارینیش قه‌ره‌بوو نه‌كراوه‌ته‌وه‌‌. به‌ پێی ئاماره‌كانی ده‌وڵه‌ت، نزیك به‌ یه‌ك ملیۆن چاڵاو له‌ ئێراندا بوونی هه‌یه‌ كه‌ ٧٥٨ هه‌زاریان له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵكه‌ندراون. له‌و نێوه‌دا ٢٠٠ هه‌زار چاڵاو به‌ بێ به‌ڵگه‌ و جه‌وازن و زۆربه‌یان بۆ ویلا و باغ و سه‌یرانگه‌ی كه‌سیی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داران لێدراون.

لەڕاستیدا تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت و نان، کار، مەسکەن و ئازادی و ژینگەی خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کە بەرۆکی زۆربەی خەڵکی ئێرانیان گرتووە، بوونی نییە. ئەو دەزگا ئیدارییە گەندەڵەی کە ڕژیم پەروەردەی کردووە، توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ بەڵا سرووشتییەکانی وەک ویشکەساڵی و چارەسەرکردنی ڕیشەیی کەم ئاوی نییە. بۆ ڕژیم ئەولەوییەت، بەردەوام سەرکوتی خەباتی دادخوازانە و ئازادیخوازانەی خەڵک و بە بەندکێشانی نەیارانی بووە. ئەم ڕژیمە هیچ خواستەیەک بە بێ ئەوەیکە لە لایەن خەڵکەوە هەست بە مەترسیی جیددی نەکات، وەدیناهێنێت. ئێران لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سرووشتییە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بگەڕێتەوە دەستی خاوەنانی بەرحەق و توانای واتە کرێکاران و شۆرای سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵک، لە وەها وڵاتێکدا بەم ئاستە لە سەروەتی بەرین و هێزی داهێنەری لەبن نەهاتووی، بێگومان هەموو ئەو کێشانەی کە ژیانی ئەمڕۆی زۆربەی خەڵکیان بەمجۆرە بەفیڕۆ داوە، چارەسەر دەکرێن.