قەیرانی بێهداشت و دەرمان لە ئێران
سیستەمی بێهداشت و دەرمانی هەر وڵاتێک ئاوێنەی باڵانوێنی تەندروستی کۆمەڵگا و ئەولەویەتەکانی دەوڵەتە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، گیان و تەندروستیی ملیۆنان هاووڵاتی لە لەگەڵ مەترسیی گەورە بەرەوڕووە. هەر لە گرانبوونی نرخی دەرمان و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و باری قورسی هەزینە پزیشکییەکانی سەرشانی خەڵکەوە بگرە تا کەمبوونەوەی بەردەوامی بودجەی کەرتی تەندروستی، هەموویان ئاماژەن بۆ بوونی قەیرانێکی قووڵ کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابووریی و ئەولەویەتە دژە خەڵکییەکانی ڕێژیم. یەکێک لە دیارترین کێشەکانی سیستەمی بێهداشت و دەرمان لە ئێران بریتییە لە گرانبوون و کەمبوونی بەردەوامی دەرمانە گرنگ و پێویستەکان. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، نرخی هەندێک دەرمان لەمساڵدا بەڕێژەی ٤٠٠ لەسەد بەرزبووەتەوە. جگە لە گرانی، کەمیی دەرمانە گرنگ و پێویستەکان بۆتە گرفتێکی جددی. سیاسەتی کەمکردنەوەی هاوردەکردن، دەرمانەکانی دیالیز، هیمۆفیلیا، تالاسیمیا، ئێم ئێس، و دەرمانی شێرپەنجە دەگرێتەوە کە ژمارەکەیان لە ١٢٢ جۆرەوە بۆ ٣٥ جۆر کەمیکردووە. ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە شەش ملیۆن نەخۆش لە ئێران بوونیان هەیە کە بەشێکیان گیرۆدەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، ئیم ئێس، شەکرە و نەخۆشییە چارەهەڵنەگرەکانی دیکەن. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی ئێم ئێس، زۆرێک لەو ٧٠ هەزار نەخۆشەی ئێم ئێس ناچارن بڕی ١٠٠ هەزار تمەن قەرز لە بانکەکان وەربگرن بۆ کڕینی دەوا و دەرمان.
یەکێک لە ڕاستییە تاڵەکان، بریتییە لە دابینکردنی هەزینە پزیشکییەکان لەلایەن خودی خەڵکەوە. وەزیری تەندروستی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ پەرلەمان دان بەوەدا دەنێت کە خەڵک ٧٠ لەسەدی هەزینە پزیشکییەکانیان لە گیرفانی خۆیان دابین دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی پلانی چوارەمی گەشەپێدان، پێویستە ٧٠ لەسەدی ئەو هەزینانە لەلایەن حکوومەتەوە و ٣٠ لەسەدی لەلایەن خەڵکەوە دابین بکرێت. ئێران دووەم وڵاتی جیهانە کە خەڵکەکەی زۆرترین هەزینەی پزیشکییان لە ئەستۆیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ١٦ لەسەدی خەڵک لە هیچ خزمەتگوزارییەکی بیمە بەهرەمەند نین. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکانی وڵات لە پێوەرە جیهانییەکان کەمترە. لە حاڵەتە شەڕ و فریاگوزارییە خێراکانی ئەم دواییەدا، نەشتەرگەرییە غەیرە فریاگوزارییە خێراکان دواخران بەمەبەستی ئازادبوونی توانایی پێویست بۆ بەهاناوەچوونی فریاگوزاریی کتوپڕ. پارێزگا بێبەشەکانی وەک سیستان و بەلوچستان لەگەڵ بارودۆخێکی کارەساتبار بەرەوڕوون.
ڕێژەی پەرستار بەپێی نەخۆش بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێت یەک پەرستار بێت بۆ چوار نەخۆش، بەڵام ئەم ستانداردە لە زۆرێک لە نەخۆشخانەکاندا جێبەجێ ناکرێت. هەروەها کەمیی حەقدەست و بارودۆخی دژواری کار، ویستی کارمەندانی کەرتی پزیشکی بۆ کارکردن کەمکردووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاستی تەندروستی لە ئێران لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە. ڕیزبەندی تەندروستی ئێران لە کۆی ١٩٢ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٢٣دایە و ڕیزبەندی گشتیی ئەدای سیستەمی تەندروستی لە پلەی ٩٣دایە. هێرشی ڕژیم بۆسەر بواری تەندروستی جەماوەری بێبەش، سیاسەتێکی ناسراوە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕێنماییە نیولیبراڵییەکانی ناوەندە داراییە جیهانییەکان، کە لە درێژەی بەرنامەکانی تری سکهەڵگوشین و بە بیانووی گەمارۆکانەوە بەڕێوە دەچێت. سیاسەتی خۆبژێویی نەخۆشخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەژار لە نەخۆشخانەکان وەرنەگیرێن، چونکە توانای دابینکردنی هەزینەی چارەسەرکردنیان نییە. بۆ نموونە هەندێک لە نەخۆشەکان کاتێک پزیشکەکان پێنج پاکەت دەرمانیان بۆ دەنووسن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەزینەکە داوای ٢ پاکەت دەکەن.
لە کۆمەڵگایەکدا کە گیانی مرۆڤەکان بەلای دەسەڵاتدارانەوە بێ نرخە و جێگە و پێگەی ناوەندەکانی پەرەپێدەری جەهل و خورافات و هێزەکانی سەرکوت لە هەموو دام و دەزگا و ئۆرگانێکی خزمەتگوزاری گشتی باڵاترە، سروشتییە کە سیستەمی تەندروستی پشتگوێ بخرێت. بێگومان بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر مافی بێ ئەملاو ئەولای هەر هاوڵاتییەکە. نابێت کەس بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکان ئازار بچێژێت. دابینکردنی بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر بۆ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا بەردەوام یەکێک بووە لە ویست و داواکارییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران. تاکە ئامرازی مومکین بۆ پاشەکشەکردن بە ڕێژیمی سەرمایەداریی مەزهەبی ئێران، بریتییە لە هاوپشتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و پەرەسەندنی خەبات لەدژی ئەم ڕێژیمە. کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران دەتوانن بە پشتبەستن بە خەباتی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی خۆیان، داواکاریی بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر بەسەر ئەم ڕێژیمەدا بسەپێنن تا بەشێک لە حەقدەستی وەدواکەوتووی کرێکاران و بەشێک لە سامانی تاڵانکراوی خەڵک، لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستییەوە بگەڕێنێتەوە بۆیان. خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان قوربانی سەرەکی ئەو سیاسەتانەن. بەبێ خەباتی ڕێکخراو بۆ مافی بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر، ئەم قەیرانە هەروا بەردەوام دەبێ و گیانی جەماوەرێکی زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.