کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی بیمەی کۆمەڵایەتی و سندوقەکانی خانەنشینی لە ئێران

image

ناڕەزایەتی خانەنشینان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دوای وەستانێکی کورت لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە و یەک دوو هەفتە دوای ئەو شەڕە، کە کۆمەڵگا لە شۆکی ئەو شەڕە هاتەدەر، سەرلەنوێ دەستی پێکردۆتەوە. کەمتەرخەمی بەرپرسانی دەوڵەت سەبارەت بە داواکارییە ڕەواکانی خانەنشینان هەروا بەردەوامە و لە ڕاستیدا پشتگوێ دەخرێن. بەم هۆیەوە دروشمی خانەنشینان چوارچێوەی داواکارییە پیشەییەکان تێدەپەڕێنێ و لە کۆڕ و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا دروشمی دژ بە سزای لەسێدارەدان و ئازادی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵێک داواکاری گشتی دێموکراتیکی تریش بە داواکارییە تایبەتەکانی خانەنشینان زیاد دەبێت. بیمەی کۆمەڵایەتی و لەوانە مووچەی خانەنشینی، لە زومرەی پایەی بنەڕەتییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتییە لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە یارمەتی چین و توێژە لاوازەکان، بەتایبەتی کرێکاران و هەژاران دەدەن. نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی نەک هەر کاریگەری لەسەر داهات و بژێوی کرێکاران هەیە، بەڵکوو دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان سنووردار دەکات. ئەم دۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە تەندروستییەکان و دابەزینی کوالێتی ژیانی کرێکاران.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، زۆرێک لە کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بە هۆکاری جۆراوجۆری وەکوو کار و پیشەی نافەرمی، تۆمار نەبوون لە سیستەمی بیمە و یان بێکاری، لە پاڵپشتییە بیمەییەکان بێبەشن. بێبەشبوونی ئەم توێژە لە ئیمکاناتی بیمە، دەبێتە هۆی نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەوان لە کۆمەڵگادا. بێکاری و هەژاری و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تاوانکاری و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و پەرەسەندنی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا. بەڵام ئێستا قسە لەسەر توێژێکی کۆمەڵگا دەکەین کە بەڕواڵەت سندوقەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە. سیستەمی بیمە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی کەمی سەرچاوەی دارایی و بێتوانایی لە دابینکردنی داواکاری و ئیفلاسی سندوقەکانی بیمە و خانەنشینی، بووەتە قەیرانێکی جددی. ئەم دۆخە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کرێکاران و چینە لاوازەکانی لەگەڵ مەترسییەکی جددی بەرەوڕوو کردۆتەوە. چاوخشاندنێک بەسەر هۆکار و سەرچاوەی ئەو قەیرانە، ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەو کێشەیە ئاشکرا دەکات کە خانەنشینان وەک بەشێک لە بیمەکراوان، هەموو هەفتەیەک بەهۆیەوە دێنە سەر شەقامەکان.

سیستەمی بیمەی ئێران بەگشتی لە ١٧ سندوقی خانەنشینی پێکهاتووە کە چوار سندوقی سەرەکی و سێزدە سندوقی تایبەت و پیشەیی لەخۆ دەگرێت. سندوقە سەرەکییەکان بریتین لە: ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە خاوەنی گەورەترین سندوقە و نزیکەی ٤٦ ملیۆن کەس لەژێر چاودێری ئەو سندوقەدان، سندوقی خانەنشینی جوتیاران، سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی جووتیاران و گوندنشینان و عەشایرەکان و هەروەها سندوقی ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هێزە چەکدارەکان. لەم نێوەندەدا ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەی سندوقەکانی دیکەوە، بەپێی یاسا و ڕێساکەی، وابەستەی بودجەی گشتی نییە و داهاتەکەی لە حەقی بیمە دابین دەکرێت. میکانیزمی پێدانی حەقی بیمە بەم شێوەیەیە: ٧ لەسەدی لەلایەن موچەخۆران، ٢٠ لەسەدی لەلایەن خاوەنکار و ٣ لەسەدیش لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت. بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە حکومییەکان نزیکەی ٤٠ ساڵە دەوڵەت پشکی خۆی بەو سندوقە نەداوە. هەروەها هەندێک لە خاوەنکاران، لەوانە سپای پاسداران وەک گەورەترین خاوەنکار لە ئێران، بە هەزار فێڵ و فریو خۆیان لە پێدانی پشکەکەیان دەدزنەوە یان بە نیوە و ناتەواوی دەیدەن.

بەڵام ڕۆڵی دەوڵەت لە ئیفلاس پێهێنانی سندوقەکان هەر بەوەوە کۆتایی نایەت. دەوڵەت و سپای پاسداران لەبری ئەوەی پشکی خۆیان بدەن، پشکی کۆمپانیا و کارگە زەرەرمەندەکان بەو سندوقانە دەفرۆشن. هەربۆیە لە ڕاستیدا بەشێک لە سەرمایەی سندوقەکانی بیمە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئەو کۆمپانیایانەدا بەکاردەهێنرێت کە خۆیان لە لێواری ئیفلاسدان. قەیرانی سندوقەکانی خانەنشینی و بیمە قووڵ و فرە ڕەهەندە. ئەم قەیرانە ڕەگ و ڕیشەی لە دەیان ساڵ دزی و گەندەڵی دەوڵەت و خراپ بەڕێوەبردن و جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی دەوڵەت بەرامبەر بەم سندوقانە و ئیفلاسی ئابووری ئەو کۆمپانیایانەدایە کە ئەم سندوقانە وەبەرهێنانیان تێدا کردووە. ئەم قەیرانە نەک هەر هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ئابووری ملیۆنان کەسی بیمەکراو و خانەنشین، بەڵکوو تەواوی داهاتووی سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئێران دەخاتە مەترسییەوە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی کە تادێت زیاتر پەرەدەستێنێ، گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن پێویستن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی کە تێیدا گرفتار بووە، نە دەیەوێت و نە دەتوانێت جێبەجێی بکات. ئەگەر دەوڵەت و سپای پاسداران وەک گەورەترین خاوەنکار، بە پێدانی بەردەوامی پشکی خۆیان بە سندوقەکانی بیمە پابەند بوایەن و ئەو پارەیە بەشێوەی کاش هاتبایەتە ناو ئەو سندوقانە نەک بە شێوەی ڕادەستکردنی پشکی کۆمپانیاکان، ئەگەر سندوقەکانی بیمە و خانەنشینیان لە داوی خاوەندارێتی و بەڕێوەبەرایەتی ناوەندە ئابوورییە زەرەرمەندەکان ڕزگار کردبایە، ئەگەر نوێنەری کرێکاران و خانەنشینان بەشداری بڕیارەکان بوایەن و سەرەنجام ئەگەر ئەو بنەمایەیان قبوڵ کردبایە کە سندوقەکانی بیمە، دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتین نەک کۆمپانیای بەدەستهێنانی قازانج، ئەوا دەکرا بیر لە ئەگەری کەمکردنەوە یان چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بکرێتەوە. بەڵام قەیرانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەشێکە لە قەیرانێکی قووڵتر و فرە ڕەهەندی کە چارەسەرەکەی تەنیا بە نەمانی ئەم ڕژیمە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران، مومکین دەبێت.