کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی ئاو و قەیرانی ژینگە لە ئێران

نزیک بە ساڵێکە کەشاوەرزانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئوستانی ئیسفەهان، لە ناڕەزایەتیی بە وەرنەگرتنی حەقی ئابەی خۆیان لە ڕوباری زایەندەروود، لە خیابانەکانی ئەوشارەدا ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی بەڕێوەدەبەن. ئەم ناڕەزایەتیانە کە لە چەند هه‌فته‌ی ڕابردوودا توندتر بۆتەوە، تا ئیستا لە لایەن ڕژیمەوە وڵامیان وەرنەگرتۆتەوە، ٣٥٠ هەزار کەس لە حەوزەی زایەندە روود دا لە ئیسفەهان، لە ڕێگای کەشاوەرزیەوە بەڕێدەچن. به‌رێوه‌بردنی پرۆژه‌ی کارناسی نەکراوی ناردنی ٤٠٠ ملیۆن میتری موکەعەب ئاو لە حەقی ئابەی ئوستانی ئیسفەهان بۆ یەزد، هەم ئەو کەشاوەرزانەی لە حه‌ق ئابەی خۆیان بێبەش کردوە و هەم نەیتوانیوە کەمبوودەکانی ئاو لە ئوستانی یەزد چارەسەر بکات.

قەیرانی ئاو لە ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ توند تر دەبێتەوە و کۆماری ئیسلامیش هیچ ڕێگا چارەیەکی بۆ بەرەنگار بوونەوەی نییە. به‌رێوه‌چوونی گەڵاڵە کار ناسی نەکراوەکان لە دەزگای گەندەڵی ئیداری ڕژیمدا تەنیا نەبوونەتە هۆکاری پەرەسەندنی قەیران، ئەم قەیرانە لە عەینی حاڵدا بەشێک لە قەیرانی گشتی ژینگەیە لە ئێراندا، کە لە بەرانبەریدا هیچ بەرپرسیاریەتێک قەبوڵ ناکات. لە ڕاستیدا ئەم ڕژیمە لەگەڵ ئێستا و داهاتوی ئەم کۆمەڵگایەدا وەها بێگانەیە کە بێجگە لە مانەوەی تەنانەت هه‌ر ئەم نه‌وه‌یه‌ش لە سەرانی حکومەت، لە دەسەڵاتدا بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە.

ئەو زیانانەی کە بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە ژینگە و سەرمایە ژێر زەویەکانی داوە، بە هاسانی قەرەبوو ناكرێنه‌وه‌. چاوگێڕانێک بەسەر چەند نمونەی حاشا هەڵنەگردا، ئاستی کارەساتەکە بە روونی پیشان ئەدات:

دەریاچەی ورمێ کە گەورە ترین دەریاچەی ئێرانە، لە به‌رده‌م وشک بوونی بە تەواوەتی دایە. هەر ئێستا ٣٥٠ هەزار هێکتار لە زەویەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ بۆنه‌تە شۆرەکات. وشک بوونی دەریاچەی ورمێ نەک بابەتێکی ژینگەیی درێژ ماوە، بەڵکوو مەترسیەکە کە هەر ئێستا هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی سەرجەم خەڵکی ئەو ناوچەیە، بە تایبەت لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ئاسەواری درێژ ماوەی ئوستانەکانی ده‌وروبەریش دەگرێتەوە. بۆ دەستەبەر کردنی ئەرزیابیەکی عەینی لەم مەترسیە پێویست نییە بەشوێن توێژینەوەیەکی پسپورانه‌ی زانستیدا بچین، هەر ئێستا ئاسەوارەی پاشکشەی ئاوی دەریاچەی ورمێ له‌ سوێر بوونی ئاوی چاڵاوەکان و وشک بوونی باخەکانی دەوروبەری ئەو دەریاچەیەدا بە روونی دەبیندرێت. به‌ده‌یان ئاوایی ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ هه‌ر ئێستا لە دانیشتیوانی چۆڵ بووە. بای خوێوایی لە داهاتودا دەبێته‌ هەڕەشەیەکی جیدی لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە دەخیل بوونی هۆکاری ئینسانی لە ڕەوتی وشک بوونی دەریاچەی ورمێدا، هیچ گومانێک نییە. توێژینەوە زانستیەکانی لە زانکۆی تەورێزیش نیشانی ئەدەن کە ڕاندمانی ئاوداشتن لە ئوستانەکانی ئازەربایجان و کوردستان گەلێک لە خوارەوەیە و لە ئاکامدا ئاوی پاشەکەوت کراو لە پشت سەدەکانەوە بە بازدەیەکی ٥٠ لە سەدیەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. لە حاڵێکدا کە هەر ئەم ئاوه‌ی كه‌به‌م شێوه‌یه‌ بە هەدەر ده‌چێ ئەگەر بڕێژێتە دەریاچەی ورمێوە دەتوانێ لە هێور کردنەوەی ڕەوتی وشک بوونیدا گەلێک کاریگەر بێت. ئەم توێژینەوانە نیشانی ئەدەن کە دروست کردنی بێ سەرەو بەرەی سەدە گەورەکانی گلدانەوەی ئاو، لە حاڵێکدا کە ناکرێت لە ئاوی زەخیرە کراو لە پشتیانەوە بە بازدەیەکی ٥٠ لەسەدی کەڵک وەربگرن، لەو پڕۆژانە بوون کە لە دەزگای ئیداری دواکەوتو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا تەڕاحی و خراونەتە بواری جێبەجی کردنەوە. گەورە ڕێگای کەڵانتەری کە لە بنەڕەتدا بە ئامانجی جەنگی و نیزامی لەم دەریاچەیەدا دروست کراوە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ڕەوتی وشک بوونی دەریاچەی ورمێی خێراتر کردوە.

کۆماری ئیسلامی سەد سازی بە یەکێک لە شانازیەکانی دەزانێ، لە حاڵێکدا کە توێژینەوە زانستی و کارناسی نیشانی ئەدات کە ئەو سەد سازیە حیساب بۆ نەکراوانەی کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی ئەو کردارانە بوون کە خەسارەتی زۆریان بە ژینگەی ئێران گەیاندوە. وەک نمونە یەکێک لە تەرحەکانی کەڵانی بێ پشتیوانی زانستی کە لە لایەن شیرکەتەکانی سەربە سپای پاسدارانەوە، دروست کراوە، سەدی گەورەی گتوەند ە. ئەم سەدە نە تەنیا بۆ خەڵکی ئەم ئوستانە ئاوەدانی و بەرەو پێش چوونی نە هێناوە، بەڵکو خوزستانی لە کارەساتێکی ژینگەیی نزیک کردۆتەوە. ئەم بەنداوە کە لەسەر رووباری کارون دروست کراوەم بەرز ترین بەنداوی خاكی ئێرانە. سەدی گتوەند لە لایەن شیرکەتی” سیاسەند” ی سەربە سپای پاسدارانەوە دروست کراوە. دەریاچەی پشتی ئەم بەنبداوەش دووهەمین دەریاچەی دەست کردیی ئێرانە دوای ده‌ریاچه‌ی کەرخە. كێوه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ سه‌ر چاوه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتووی خوێ كه‌ ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌یان سوێر كردووه‌. ئاوی سوێر هەزاران هێکتار لە زویە بە پیتەکانی پشتی ئه‌وسه‌ده‌ی له‌ ئوستانی خوزستانی کردۆتە شۆرەکات و نە شیاو بۆ کشتوکاڵ.

تەرحی کارناسی نەکراوی ئاوی زایەندە روود بۆ ئوستانی یەزد یەکێکی تر لە نەزان کاریەکانی ڕژیمە کە هاواری کەشاوەرزانی ئەو ناوچەیەی بەرز کردۆتەوە. تا ئیستا چەند جار خەڵکی ناڕازی هێڵی لولەی گواستنه‌وه‌ی ئاوەیان شکاندوە. به‌رێوه‌چوونی ئەم گەڵاڵەیە لە عەینی ئەوەدا کە ژیانی چەند سەد هەزار کەشاوەرزی خستۆتە مەترسیەوە، لە هەمان حاڵدا نەیتوانیوە نیازمەندیەکانی ئاوی خواردەنەوە و کەشاوەرزی ئوستانی یەزدیش چارەسەر بکات. و هاوكات بۆتە هۆی دروست کردنی دووبەرەکی لەنێو خەڵکی ئەو دوو ئوستانەدا.

لە ڕیزی ئەم کارانەدا دەکرێت ئاماژە بە پڕۆژەی لولەی نەوت و گاز لە ئوستانی گیلان بکرێت کە ٣٠٠ هێکتار لە تاڵاوەکانی بەندەر ئەنزەلی گەیاندۆتە ئاستی وشک بوون.

لەم ساڵانەی دواییدا و بە زیاتر بوونی نیگەرانیەکان سەبارەت بە وێران بوونی ژینگە لە ئێران، چالاکی مەدەنی تا ڕادەیەکی بەرین دەستی پێکردوە. ئەم چالاکیانە لە هەمان سەرەتاوە بەرەو رووی دژایەتی و کارشکێنی دامودەزگا ئیداری، ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیم بوونەوە. لەم بوارەدا بە تایبەت سپای پاسداران کە خۆی زۆر ترین دەوری لە دروست کردنی کارەساتی ژینگەییدا هەبووە، ڕاستەخۆ دەست بەکار بووە. هەر ئێستا دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی ژینگەیی خراونەتە زیندان و شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکانی هەڵوراوانی ژینگەیی هەروا درێژەی هەیە. ئەم شەپۆلە لەم دواییانەدا گەیشتۆتە شارەکانی کوردستانیش، دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی ژینگەیی لەم پیوەندەدا لە شارە جۆراو جۆرەکان گیراون و پەروەندە سازی بێ ناوەرۆک و بێ بنەما لەدژی گیراوەکان لە ئارادایە. ته‌نیا به‌ رزگار بوونی كۆمه‌ڵگای ئێران له‌ ده‌ست ڕژیمی ئیسلامییه‌ كه‌ ژینگه‌ و دانیشتووانیشی رزگاریان ده‌بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-