کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  قەتڵە ناموسیەکان و کۆماری ئیسلامی

09dd0000 0a00 0242 9df7 08d9ea63fe96 w1080 h608 s

رۆژی ٥ ی مانگی جوزەردانی ١٤٠٢ کۆمەڵێک لە هەڵسوراوانی ژنانی گیلان و بیدارزەنی لە ساڵیادی ئەسپەردەکردنی پەیکەری ڕومینا ئەشەڕەفی، کۆبوونەوە تا یادی ئەو و سەرجەم قوربانیانی قەتڵە ناموسیەکان ڕێز لێبگرن و لەسەر ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە خەبات دژبە بکەرانی ئەم قەتڵە ناموسیە مەترسیدارە جەخت بکەنەوە. ڕومینا لە یەکەمی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩ لە لایەن باوکیەوە بە بیانوی دیفاع لە شەڕەف کوژرا. قاتڵ وێرای گەڵاڵە دانان بۆ کوشتنی ڕومینا لە زاوەکەیانی پرسی، کە وەکیلی دادگوستەریە، ئەگەر کچەکەی بکوژێت قەساس دەکرێت؟ وڵامی وەرگرتوە کە بەپێی مادەی ٣٠١ ی یاسای مجازاتی ئیسلامی، باوک لە پیگەی وەلی قەهریی دا لە ئەگەری کوشتنی کچەکەیدا قەساس ناکرێتەوە.

لەم ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی ژنی مه‌ریوان لەسەر گڵکۆی فریشتە نەجاتی ئامادە بوون. ئەوانیش وێرای ڕێزگرتن لە یادی ئەم قوربانیە بێ دیفاعە و سەرجەم قوربانیانی قەتڵە ناموسیەکانی توندوتیژی سیستماتیک دژبە ژنانیان مەحکوم کرد.

فریشتە نەجاتی خەڵکی مەریوان بوو. ١٨ ساڵ تەمەنی بوو وە دایکی لە ئاسایشگای ڕەوانی بەستەری کرابوو. دوو ڕۆژ بەر لە مردنی بە پاڕانەوە داوای لە بەرپرسانی ئاسایشگا کرد پەنای بدەن دەنا دەکوژرێت. کەس باوەڕی بە قسەکەی نەکرد. فریشتە ماڵئاوایی لە دایکی کرد، جلەکانی خستە نێو ساکەکەیەوە و بەژنی هاسێکەیانی وت بۆ ماڵئاوایی چووە، ئەو جلانەش یادگاری بێت بۆتۆ، ژنی هاوسێیان زۆر گرنگی بە قسەکانی نەدا. ڕۆژی دواتر باوکی فریشتە بە تاوانی ئەوەی کە ئەو لەگەڵ کوڕێکدا پەیوەندی هەبووە سەری بڕی. بەڵام دواتر پزیشکی یاسایی وتی: فریشتە کچ بووە!

  هەڵسوڕاوانی ژنی گیلان، چالاکانی ژنی مەریوان و بیدارزەنی وێرای کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی ئەو قوربانیانە رۆژی هەینی ٥ ی مانگی جوزردان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. ئەوان نووسیان:

  لەمڕۆدا، ئێمە لەسەر مەزاری رومینا، بە ڕێزگرتن لەو و سەرجەم قوربانیانی قەتڵە ناموسیەکان لە سەرتاسەری دنیادا، پەیمان ئەدەین تا لە بەرانبەر هەر جۆرە قەتڵ و جەنایەت و بێدادی و هەڵاواردن و ئاپاڕتایدێکدا بوەستینەوە و تا گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەدوور لە هەر چەشنە زوڵم و نا یەکسانیەک لە خەبات نەوەستین.

دیارە تا کاتێک کە ناکۆکی کار و سەرمایە، چەرخەی بەرهەمهێنانی نایەکسان و هەڵاواردن و ئەسڵی لە پچڕان نەهاتوی سەرمایەداری لە ئارادا بێت، ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە تراژیدی و جەنایەتە چارهەڵنەگرانە لە ئارادایە، کەوایە، دەبێ بۆ ڕیشەکێش کردنی ئەو جۆرە جەنایەتە ڕێکخراوە هەموو توانایی خۆمان بۆ خەبات دژبەم ساختارە دژی ئینسانیە بەکار بێنین وبە وشیاری خۆمان و ئەوانی تر دژبە هەر جۆرە ستەمێک بوەستینەوە و بۆ دامەزراندنی دنیایەکی باشتر و دنیایەکی بەدوور لەهەر چەشنە توندوتیژیەک، لە هەموو ئامارازەکان بۆ ڕێکخستنی سەرجەم زۆرلێکراوان و چەوساوان کەڵک وەربگرین.”

توێژینەوەکان دەری دەخەن کە لە هەر دوو ژن کە لە ئێران دەکوژرێن یەکێکیان قەتڵی ناموسیە. کۆماری ئیسلامی بە یاساکانیەوە بە کردوە هاندەری ئەم جەنایەتەیە. فەرهەنگی پیاوسالارانە، کە لە ئیسلامدا نیهادینە بووە و ناوەندی یاسا دانانە لە کۆماری ئیسلامیدا دەوری سەرەکی هەیە لە ڕەواجدان بەم جۆرە وەحشیگەریانە. ئەگەر هەژاری، کۆمەڵگەی قەیران لێدراو، زیاتربوونی نەزانی و خورافەی مەزهەبی، فەرهەنگی خێڵگەری و شتی لەم چەشنە لە دروست کردنی فەزای دژبە ژن لە کۆمەڵدا دەوریان هەیە، بە گشتی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دروست کراون و پەرەیان پێدراوە. بەڵام ئەم ڕژیمە سەرمایەدارییە مەزهەبیە بە شێوەی ڕاستەخۆتر دەستی هەیە لەو هۆکارانەی دەبنە سەرچاوەی قوربانی بوونی ژنان.

هەڵسوڕاوان و بەشداران لە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا، بە دروستی خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامین وەک ڕێگە خۆشکەری ڕێگای هاتنە ئارای کۆمەڵگایەک کە شۆڕاکانی پێکهاتو لەو ژن و پیاوانەی بەڕێوەی دەبەن. حاکمیەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەر کۆمەڵدا ئیجازە ئەدات تا دەستی چەوسێنەرانی عەمامەدار و بێ عەمامە ئێرانیەکان لە بڵاوکردنەوەی خورافە کورت بکرێتەوە، ئەو چەوسێنەرانەی کە تەنیا لە بارودۆخی بوونی دواکەوتویی، چەند بەرەکی و دیکتاتۆڕیدا ئیماکانی تاڵان کردنی دەستکەوتەکانی هێزی کار و سەروەتی کۆمەڵگایان هەیە. یادی سەرجەم قوربانیانی دژە ژنی نا مرۆڤانە بەرز و بەڕیز بێت. ئەم یادانە دەستمایە و توێشه‌ی ڕێگای خەباتێکن کە ئەم مشەخۆرانە و فەرهەنگەکەیان لە ئاستی کۆمەڵگای ئێراندا دەسڕیتەوە.