ئاخوندەکان و لە سەرەویانەوە خومەینی بە دەستبەسەردا گرتنی ئامانجە دادپەروەرانەکانی شۆڕشی خەڵکی ئێران، یەکێک لە گەندەڵترین، جەنایەتکارترین نیزامە سیاسیەکانی دنیای ئەمرۆیان بە فێڵ و فریو وبە وەحشیانە ترین سەرکوتەکان بەسەر خەڵکدا داسەپاند. لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە حاکمیەتی ئەم ڕژیمە، ئاخوندەکان کۆنترۆڵی سەرجەم ئۆرگانەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بەدەستەوە گرت و بوون بە سیبۆلی درۆ، ڕیاکاری، گەندەڵی، توندوتیژی و دزی.
مەلا شیعەکان کارتێل و شیرکەتی میلیارد دۆلارییان دامەزراند و بە خەرج کردنی بەشێک لە داهاتەکانیان مەدرەسە و حەوزەی مەزهەبییان دروست کرد و دەستیاندایە پەروەردە کردنی نزیکەی نیو ملیۆن ئاخوند و تەلەبە. بۆ هەر ئاخوند و تەلەبەیەک مزگەوت و مینبەرێک، پیشەیەکی دەوڵەتی، ڕەسانە و میکڕۆفۆنێکیان بۆ تەبلیغات فەراهەم کرد. لەمڕۆدا هیچ بوار و مەیدانێکی دەوڵەتی و گشتی بەدوور نییە لە دەستێوەردانی ئاخوندەکان. لە ژووری نەشتەگەری نەخۆشخانەکانەوە تا ئەشکەنجەگا ئیسلامیەکان، لە ئاموزش و پەروەرشەوە تا ڕاگەیەنەرەکان، لە هێزی نیزامی و ئەمنیەتیەوە تا ئیدارە دەوڵەتیەکان، لە شیرکەت و ناوەندە کرێکاریەکانەوە تا زانکۆ و ناوەندە زانستیەکان، لە گشتیاندا ئاخوندەکان سەرپەرستی سەرەکی کاروبارەکانن.
دەزگای دەوڵەت، کابینەکان، مەجلیسی ئیسلامی، ناوەندەکانی دەسەڵاتی حکومەتی، گوزینشی ئیدارەکان هەموویان حەزەی دەسەڵاتی ڕۆحانیەتی شیعەن. کار گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت قوتابخانە سەرەتاییەکان و پاخچەکانی مناڵانیش لە حوزوری سەنگین و پڕ ڕەنگی ئاخوندەکان پارێزراو نین. تاسەی لەبن نەهاتوی ئاخوندەکان ئەوانی گەیاندە جێگیر و قایم کردنی دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیە.
حکومەتی ئیسلامی بە نێوخۆی وڵات بۆ پەرەدان بە نفوز و دەستێوەردانی ئاخوندەکان ڕازی نەبوو وە بە تەرح و پلانی هیلالی شیعە لە ناچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە بڵاو کردنەوەی شیعەگەری لە تەواوی دنیادا، دەستی دایە دروست کردنی مزگەوت، حسەینیە و ناوەندی مەزهەبی.
ئاخوندێکی کە لەگەڵ زانست و زانیاریدا ناکۆکی و دژایەتیەکی بنچینەیی و جەوهەری هەیە، وڵاتی لە ڕوانگەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ژینگەییەوە توشی وەرشکستە بوون کرد.
لەگەڵ کارنامەی کارەساتباری بەڕێوەبردن و حکومەت کردن، ئاخوندەکان بوونە سەرچاوە و هیمای گەندەڵی، ڕیاکاری، نەزانی، دەمشڕی و ڕەزالەتی ئەخلاقی و توندوتیژی. لەشفرۆشی ئیسلامی لەژێر ناوی سیغەیان ڕێکخست، بەڵام ژنانی وڵات و بە تایبەت کچانی لاویان بەرەو ڕووی توندوتیژی مەرگ کردەوە، ئەویش بە بیانوی گەمژانەی بە دەرەوەی بوونی چەند تاڵێک لە قژی لە شوێنێکی گشتیدا! شەو و ڕۆژ لەدژی پەیڕەوانی مەزهەب و دینەکانی تر تەبلیغ و جنێویاندا، ژیانیان لە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک تاڵ و دژوار کرد. ئاخەندەکان وەها سەرمەستی دەسەڵات بوون کە نەیارەکانی خۆیان تیرۆر، ئەشکەنجە، ئێعدام و یان ناچار بە هەڵاتن لە وڵات کرد.
ئێستا کە دوای پەنجا و چەند رۆژ خەبات و تێکۆشان هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک گۆڕاوە، ئاخەندەکان زیاتر لە پێشو بەرەو رووی قین و توڕەیی خەڵک بوونەتەوە. عەمامە فڕێدان نوکی کێوی سەهۆڵی نەفرەتی خەڵکە لە جەماعەتی ئاخوندەکان و دەمودەزگای مەزهەبی.
لە سبەی رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشدا دەستی ئاخوندەکان لە گشت کاروبارەکانی حکومەت کورت دەکرێتەوە. هەمو ئەو سەروەت و سامانەی بە تالان بردویانە بە قازانجی گشتی لێیان ئەسەندرێتەوە. هەزینەی ناوەندە مەزهەبیەکان و نیو ملیۆن ئاخوند بە خێرایی ڕادەگیرێ. دین دەبێتە ئەمرێکی تایبەتی خەڵک و دەستی مەزهەب لە ئاموزش و پەروەرش کورت دەکرێتەوە. ئاخوندەکانی حاکم کە دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە و گەندەڵی ماڵی زۆریان کردوە لە دادگا بە تاوانی جەنایەت محاکەمە دەکرێن. تازە بوونەوە و ڕێنیسانسێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە ئێراندا لە ئارادایە پێگەی سەدان هەزار ئاخوند و مەلای مشەخۆر، نەفەرت لێکراو و کۆنەپەرستی لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا خستۆتە مەترسیەوە.
دەورانی قەدەر قودرەتی ئاخوندەکان لە ئێران کۆتایی هاتوە و ئێستا لە سەر شەقامەکان بە گاڵتەوە بەرەو رووی مەندیل فڕێدان دەبنەوە! لەمڕۆدا مەندیلی مەلاکان لەسەریان دادەگیرێ و لە سبەی رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشیشدا دەبێ وڵامدەرەوەی جەنایەت و گەندەڵیە زۆر و زەوەندەکانیان بن. خەڵکی ئێران کە نزیک بە نیو سەدە لەوپێش نیزامی دیکتاتۆڕی سەڵتەنەتییان ڕوخاند، ئێستا بەرەو ئەوە دەچن تا ئەم حکومەتە مەزهەبیەش لە گۆڕ نێن.