کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قینی سروشت یان ئاکامی وێران بوونی ژینگە

نزیک بە دوو حەفتەیە کە مێدیای جیهانی وێنەی ئەو سێڵاوانەی لە تێگزاس و دواتر ئەو گێژەڵوکانەی کە بە جەزیرەکانی کارایێبدا تێپەڕین و ئێستا بەرەو ویلایەتی فلوریدا لە ئەمریکا لە ڕێدایە، بڵاو دەکەنەوە.

لە ماوەی یەک حەفتەی نزیک لە یازدەی مانگی خه‌رمانان تۆفانی ” هاروی” لە ویلایەتی تێگزاس و بە تایبەت شاری بوستون سێڵاوێکی قوڵ و بەرینی وەڕێخست کە بە هۆی ئەم تۆفانە و ئاسەوارەکانی زیاتر لە چل کەس گیانیان لەدەستدا. فەرمانداری ویلایەتی تێگزاس ڕایگەیاند کە بۆ بنیاد نانەوەی وێرانیەکانی ئەم باهۆزە چەندین ساڵ و ١٢٥ ملیارد دۆلار بۆ نۆژەنکرانەوەی پێویستە. لانیکەم ٩٠ هەزار ماڵ لە تێگزاس بەهۆی ئەم باهۆزەوە زیانیان وێکەوتوە و یان بەتەواوەتی وێران بوون. ٣٢ هەزار کەس لەم ویلایەتەدا ماڵەکانیان لەدەست داوە.

هێشتا وێنەکانی ئەم سێڵاوە لە زەینی خەڵکدا نەسڕابوونەوە کە گیژەڵوکەی بەهێزی ” ئیرما” بوو بە سەردێڕی هەواڵەکان. گێژەڵوکەیەک کە لە چوارشەممە ١٥ی مانگی خه‌رماناندا جەزیرەکانی کارایێبی تێپەر کرد و ئێستا گەیشتۆتە ویلایەتی فلوریدا، لە مەسیری خۆیدا کۆمەڵێکی زۆر وێرانی بەدی هێناوە. دەوترێت لە ناوچەکانی کارایێبدا تا ئێستا ٢٠ کوژراو هەیە. ٩٥ لەسەدی دورگەی سن ماڕتین لەنێوچووە. ئاستی وێرانیەکان لە کۆماری دۆمۆنیکه‌ن، هائیتی و باهاما هێشتا بەراورد نەکراوە. ئەم زریانە لە حەرەکەتی خۆیدا بایەکی بەهێزی بە خێرایی ٢٩٥ کیلۆمیتر لە کاتژمێرێکیدا لەگەڵدا بووە و تا ٣٣ سه‌عات بەردەوام بووە. دەوترێت لە کاتی دەست پێکردنی ئەندازە گیری بەهێزی باهۆزەکان لە دەیەی ١٩٧٠وە تا ئێستا هیچ باهۆزێک خێراییەکی لەم شێوەیە و لە ماوەیەکی زەمه‌نی ئاوادا نەبووە. لە کوبا نزیکەی ١ ده‌هۆمی جەمعیەت ماڵەکانیان بەجێهێشتوە و خۆیان گەیاندۆتە نێو پەناگا گشتیەکان. ” ئیرما” توندترین باهۆزی دەریاییە کە لە ئوقیانووسی ئەتڵەسدا شکڵی گرتبێت. فیدڕاسیۆنی جیهانی خاجی سور و مانگی سور ڕایانگەیاندوە کە ئەم تۆفانە تا ئێستا زیانی ماڵی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس گەیاندوە و بە ڕۆیشتنی بەرەو ناوچەکانی دیکە هەڕەشەیە بۆسەر چەندین ملیۆن کەسی دیکەش. کاربەدەستانی ویلایەتی فلوریدا داوایان لە ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی بەشە باشوریەکانی ئەم ویلایەتە کردوە تا ماڵەکانیان بەجێبێڵن و بەرەو شوێنێکی ئەمن بڕۆن. فەرمانداری فلوریدا تەنانەت لە هۆشدارێکی گشتیدا ڕایگەیاند کە سەرجەم ٢٠ ملیۆن خەڵکی ئەم ویلایەتە دەبێ ئامادەی چۆڵکردنی ماڵەکانیان بن. 217

بەرەبەیانی رۆژی ١٧ی مانگی خه‌رمانان لە بومە لەرزیەکی گەورەدا کە سەرۆک کۆماری میکزیک ئەوەی بە گەورەترین بومەلەرەزەی سه‌د ساڵی ڕابردوو وەسف کرد دەیان کەس کوژران. گشت ئەم وێنانە و هەواڵەکانی پێوەندیدار پێیەوە بێ گومان لە زەینی ئەو کەسانەدا کە لە خەمی مرگ و میر و بێ ماڵ و حاڵی ئینسانەکاندان، بێ کاریگەری نابن. لەم نێوانەدا بەڵام ئەو کارەساتەی کە لە باشوری ئاسیا چەندین حەفتە لەئارادا بوو جێگایەکی ئەوتۆی لە مێدیاکاندا نەبوو. لەم مێدیایانەدا وێنەی توریست مەنشانەی ترامپ لە هوستون دەبیندرا. کەسێک کە واژۆی ئەمریکای لە ژێر تەوافوقی ئیقلیمی پاریس سڕیەوە. بەڵام هەواڵی پێوەندیدار بە کارەساتی باشوری ئاسیا تەنانەت لەم دیدارە توریستیە لە مێدیاکاندا کەمتر گرنگی پێدرا و ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە بە پێی ڕاگەیاندنی خاجی سور، نزیک بە ٤١ ملیۆن کەس بەهۆی بارینی بارانی وەرزیەوە لە هیند، به‌نگلادێش، نیپاڵ و پاکستان بێ ماڵ و حاڵ بوون و زیاتر لە ٢ هەزار و ١٠٠ کەس کوژران. بەرپرسی ئەم ناوچەیەی سلیبی سور رۆژی ٢٧ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە ” ئەم بارانە وەرزیانە لە مەودایەکی زۆر کەمدا بوونەتە قەیرانێکی گەورەی ئینسانی و پێویستی بە دخاڵەتێکی خێرا و چالاکانە هەیە کە لانیکەم بڕێک لە دادپەوروەری سەبارەت بە ملیۆن ئینسان کە بەرەو رووی وەها کارەساتێک بوونەتەوە، بە کردەوە دەربێنێت”. سێڵاو لە زیاتر لە یه‌ك سێهه‌می نیپاڵ و بنگلادێش چەندین رۆژ بەردەوام بوو. لە ٧ی مانگی خه‌رماناندا شاری بەمبەئیی بە جەمعیەتی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەسیەوە بەهۆی بارینی بارانی زۆرەوە جوڵەی تێدا وێستا. ڕێژه‌ی بارینی باران لەم رۆژەدا بەو ڕادەیە بوو کە بە شێوەی ئاسایی لە مانگێکدا ئەندازە دەگیرێ، بارانە وەرزیەکان بەردەوام لەم ناوچەیە لە جیهان لە مەودای مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رماناندا وێرانی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەڵام لانیکەم نیپاڵ، هیند، و به‌نگلادێش دەیان ساڵ بوو کە بەرەوڕووی وەها بارانێکی بەخوڕ نەببوونەوە.

مێدیای گشتی لە حاڵێکدا کە چەندین رۆژی بەردەوام وێرانیەکانی سێڵاوی ” هاروی”یان لە تێگزاس وێنا دەکرد، بەڵام هاوکات بە پاڵ کارەساتەکەی باشوری ئاسیادا بە هاسانی بە بێدەنگی تێدەپەڕین. ئەو کاتەی کە رۆژی ٧ی مانگی خه‌رمانان شاری بەمبەئیی وەک گەورەترین ناوەندی دامەزراوە ماڵیەکان و کۆمپانیا بان نەتەوەییەکان لە کارکەوت، ئەو کاتە بوو کە وێنای وێرانی و کارساتێکی گەورە لە باشوری ئاسیا هاتە نێو مێدیای تەسویری و نووسراوەوە.

بەرپرسی ناوچەیی یۆنیسێفی سەربە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداری دا کە لە چوار وڵاتی نیپاڵ، هیند، به‌نگلادیش و پاکستان ” لانیکەم ١٦ ملیۆن منداڵ بەهۆی ئەم سێڵاوەوە زیانیان وێکەوتوە. ئەوان ماڵ، مەدرەسە، هاوڕێ و خزم و کەسی خۆیان لە دەستداوە.” بەپێی ئامارەکان لە هێندوستان یەک ملیۆن مەدرەسە بە تەواوەتی وێران و یان زیانیان بەرکەوتوە. لە به‌نگلادێش ئەم ڕەقەمە نزیک بە ٢ هەزار و ٣٠٠ قوتابخانەیە. ئەوە تەنیا بنەماڵەکان نین کە بێ ماڵ و حاڵ بوون بەڵکوو بەشێکی بەرین لە زەویە كشتوکاڵیەکانیش وێران بوون. کەمترین ئاکامی وێران بوونی ئەو زەویە کشتوکاڵیانە توشی هەژاری بوونی کەشاوەرزان، کەم بوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و پەرەگرتنی نەخۆشی عوفونی سەرچاوە گرتوو لە پیسبوونی سەرچاوە ئاویەکان و لە کۆتاییدا زیاد بوونی مەرگ و میرە.

ئەگەرچی بڵه‌ندگۆ گشتیەکانی سەرمایەداری تەنیا باسی کارەساتی سروشتی دەکەن، بەڵام بەردەوام بوونی باهۆز و سێڵاوەکان و زیاتر بوونی توانایی وێرانگەرییان بێگومان لەگەڵ گۆڕانی ئیقلیمیدا پێوەندیەکی ئۆرگانیکیان هەیە. چەندین ساڵە کە داکۆکیکارانی ژینگە بە ئامار و داتا ئاکامی کارەساتباری وێران بوونی ژینگە ڕادەگەیەنن.

حیزبی کومونیستی ئێران بە دروستی لە قەتعنامەی کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ ڕایگەیاندوە کە “لەماوەی ئەم چەند دەیەی دواییدا ئاسەوارە وێرانگەرەکانی موناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەسروشت و ژینگەدا ئاستێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە گرتووە. تەقریبەن هیچ ژینگە و شوێنێکی ژیانی سروشتی لە ئاستی زەویدا بوونی نییە کە لە ژێر کاریگەری قازانج پەرستی نیزامی حاکمدا بە دەست لێنەدراوی مابێتەوە. گۆی زەوی بە شێوەیەکی کارەساتبار کەوتۆتەبەر مەترسی لەنێوچوون. لەژێر ئەم بارودۆخەدا بابەتی وێران بوونی ژینگە و پیسبوونی هەوا و زیانەکانی سەرچاوە گرتوو لێیەوە و چۆنیەتی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵی بۆتە چەشنێک لە دڵەڕاوکێ و گیروگرفتەکانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.”