قیمه‌تی بۆشكه‌یه‌ك نەوتی خاوی برێنت ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاكه‌لێوه لە بازاڕەکانی جيهان، به ٢٧ دۆلار و ٩٨ سێنت و نرخى هه‌ر بۆشكه‌یه‌ك نەوتی خاوی ئەمريکاش به ١٩ دۆلار و ٩٢ سێنت بازه‌رگانی پێوه‌كرا.
سەرەڕای رێککەوتنی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام جارێکی تر قیمه‌تی نەوت بە نزیکەی ٥ له‌سه‌د نرخەکەی لە دەستدا و ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ش بڕێكی دیكە لە نرخەكەی دابەزی. لە ماوەی هەفتەی رابردووودا نرخى نەوت بەرزبووەوە بە جۆرێک قیمه‌تی بۆشكه‌یه‌ك نەوتی برێنت گەیشتووه‌ته سەروی ٣٣ دۆلار، بەڵام لە ئیستادا سەرەڕای رێککەوتنی رێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی لەسەر کەمکردنەوەی ١٠ له‌سه‌دی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لە خوار ٣٠ دۆلارەوە مامەلەی پێوەدەکرێت. دووبارە دابەزینی قیمه‌تی نەوت لە کاتێکدایە، لە سەرەتایی ئەم مانگەدا، قیمه‌تی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمترين ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ تۆمارکرد بە جۆرێک قیمه‌تی یەک بۆشكه نەوتی خاوی برێنت لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی خواستی جيهانی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بوو.