شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی شاره‌كان و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له شوێنه جۆڕاوجۆره‌كانی جیهان، شه‌پۆل ئاسا كه‌وتووه‌ته ڕێ و پانتا و به‌رینایه‌كه‌شی له ئاستێك دایه كه سه‌ردێڕی یه‌كه‌می زۆربه‌ی میدیاكانی جیهانیانی له‌خۆگرتووه. ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له خواست و موتالباتی ئابووریه‌وه ده‌ست پێده‌كات و زۆر به خێرایی گشت هێزی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار له وڵاته‌كان ده‌كاته ئامانج. بۆ ناسینی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وانه پێویسته تیشك بخه‌ینه سه‌ر بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت له جیهاندا كه ڕۆژبه‌رۆژ په‌ره‌ده‌ستێنێ.
به پێی ئامارێك كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له لایه‌ن ڕێكخراوی غه‌یره ده‌وڵه‌تی “ئۆكسفام” بڵاو كراوه‌ته‌وه، سه‌روه‌تی ٢٦ كه‌س له ملیاردێره‌كانی جیهان به‌رابه‌ره له‌گه‌ڵ هه‌موو داراییه‌كانی ٣ مڵیارد و ٨٠٠ ملیۆن كه‌س، واته به‌قه‌د سه‌روه‌تی نیوه‌ی دانیشتووانی سه‌ر گۆی زه‌ویه. به پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی ساڵانه‌ی گۆڤاری “فۆربێس” چاپی ئه‌مریكا، زۆرێك له سه‌رمایه‌داره‌كان له سه‌عاتێكدا پتر له یه‌ك ملیۆن دولار داهات به‌ده‌ست دێنن. ئه‌مه‌ش له حاڵێكدایه كه زیاتر له نیوه‌ی خه‌ڵكی جیهان ڕۆژانه ٥ دۆلار و نیو ده‌رئامه‌دیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م بۆشاییه گه‌وره‌یه له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ ئه‌وه ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری زانستی ئابووریه كه “هه‌موو سه‌روه‌تی جیهان، به‌رهه‌می كاری كرێكاره”. به بێ كاری كرێكار نه سه‌روه‌تێك له دڵی زه‌وی دێته ده‌ر، نه بینایه‌ك ساز ده‌كرێت، نه به‌رهه‌می كشت و كاڵ به‌ده‌ست دێت، نه چه‌رخی كارخانه‌یه‌ك ده‌سووڕێ و نه ته‌نانه‌ت هیچ بازرگانییه‌كیش ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌وه حاسڵی ڕه‌نجی كرێكارانه كه به تاڵان ده‌بردرێ. به‌شێكی بچووك له ئه‌رزشی كاری كرێكار بۆ ژیانه هه‌ژارانه‌كه‌ی واته بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هێزی كار وه‌ك حه‌قده‌ست ده‌درێته كرێكار و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی ئه‌و كاره بێ حه‌قده‌سته‌یه كه به شێوه‌ی سه‌روه‌تێكی یه‌كجار گه‌وره له لای سه‌رمایه‌دار كه‌ڵه‌كه ده‌كرێت. ده‌وڵه‌ته‌كانیش ئه‌ركی پاراستنی ئه‌م سیستمه چه‌وسێنه‌ره‌یان وه‌ئه‌ستۆیه.
هه‌ر بۆیه به‌رده‌وام یاسای نوێ له پارله‌مانه‌كان به قازانجی سه‌رمایه‌داران و بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی زیاتری سه‌رمایه په‌سند ده‌كرێت. بۆ نموونه ماڵیاتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام كه‌م ده‌بێته‌وه و له هه‌مان كاتیش‌دا ماڵیاتی كرێكاران و كه‌سانێك كه حقوق وه‌رده‌گرن به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و یان ناڕاسته‌وخۆ به‌رده‌وام ده‌درێته ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام هاتنه خواره‌وه‌ی ماڵیاتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، نزم بوونی داهاتی ده‌وڵه‌تیش به‌دوای خۆیدا دێنێت. له لایه‌كی دیكه‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی داهاتی ده‌وڵه‌تیش ده‌بێته هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی ئاستی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌ك بێهداشت و ده‌رمان و ئاموزش و په‌روه‌رش و خزمه‌تگوزاریی شاری و چاوه‌درێری به‌ساڵداچوان و… ڕوون و ئاشكرایه كه زیانه‌كانی نزمبوونی ئاستی خزمه‌تگوزاری له ئه‌ساسدا وه‌به‌ر كرێكاران و توێژه كه‌م داهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌وێ.
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌مرۆ له گۆشه و كه‌ناری جیهان شایه‌دی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی به‌رینی خه‌ڵكین دژبه باروودۆخی خۆڵقاوی ئێستا. ئه‌م شه‌پۆله چ له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان و چ له وڵاتاته دواكه‌وتووه‌كانی سه‌رمایه‌داری كه‌وتووه‌ته ڕێ. له ئێكوادۆر و شیلی و ونێزۆیلا له ئه‌مریكای لاتین تا فه‌ڕانسه له ئۆرووپا و عێراق و لۆبنان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێران له ئاسیا، شایه‌دی ده‌ربڕینی نه‌فره‌تی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ین له دژی تاقمی ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌ژاری و نابه‌رابه‌ری. له هه‌موو شوێنێك درووشم به ناوه‌رۆكی ئابووری و به مه‌به‌ستی باشتر كردنی باروودۆخی ماددی ژیان ده‌وترێته‌وه. قووڵ بوونه‌وه‌ی بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، نزمبوونی ئاستی خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتداران، ناوه‌رۆكی یه‌كسانی زۆربه‌ی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م قۆناخه‌یان له گۆشه و كه‌ناری جیهان پێكهێناوه.
بزووتنه‌وه‌ی جلیقه‌زه‌رده‌كان له فه‌ڕانسه ڕێك ئه‌م ڕه‌وه‌نده ناعادڵانه‌یه‌ی كردووه‌ته ئامانج. ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه به‌وپه‌ڕی سه‌رسه‌ختیه‌وه و به قیمه‌تی ڕشتنی خوێنی ئه‌م چالاكانه، له به‌رامبه‌ریاندا ڕاده‌وه‌ستێ. له ئێكوادۆر ده‌وڵه‌تی بورژوازی ده‌سه‌ڵاتدار به پێشنه‌یاری سه‌ندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ، چاوی ته‌ماعی له سڕینه‌وه‌ی ئه‌و بڕێك سۆبسیده‌یه كه بۆ به‌شی سووته‌مه‌نی ته‌رخانی كردووه و له به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵك یه‌خه‌ی ڕژیمییان وه‌ك خۆڵقێنه‌ری هه‌ژاری و سه‌رجه‌م نابه‌رابه‌ریه‌كان له هه‌موو بواره‌كانه‌وه گرتووه. له شیلی كه یه‌كێكه له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین، كاتێك كه ده‌وڵه‌ت هه‌زینه‌ی گواسته‌وه‌ی گشتی برده‌سه‌ر، یه‌ك ملیۆن كه‌س له ڕۆژێكدا و له یه‌ك شاردا ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له درووشمه‌كان و خواسته‌كانیاندا بێ عه‌داڵه‌تی ئابووری و مه‌ودای ڕوو له زیادبوونی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌تیان كرد به ئامانج. له لۆبنانیش خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو، گشت سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار كه هۆكاری سه‌ره‌كی خۆڵقاندنی هه‌ژاری و نایه‌كسانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه كردووه‌ته ئامانج. ئه‌وان ده‌وڵه‌تێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاریی ئایینی و تایفه‌یی پێكهاتووه به سه‌رچاوه‌ی بێبه‌شی و هه‌ژاری ده‌زانن و خوازیاری ئاڵوگۆڕ له گشت سیستمی سیاسی ئه‌م وڵاته‌دان. له عێراقیش واته وڵاتێك كه له‌سه‌ر ده‌ر‌یایه‌ك له سه‌روه‌ت و سامانی سرووشتیه و دوو ڕووباری پڕئاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زه‌ویه پڕحاسڵه‌كانی به‌رهه‌م دێنن، خه‌ڵكه‌كه‌ی له زومره‌ی هه‌ژارترین خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن و دزی و گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپێی ڕژیمی ئه‌م وڵاته‌ی ته‌نیوه. خزمه‌تگوزاریی گشتی له نزمترین ئاستی خۆیه‌تی و ته‌نانه‌ت خه‌ڵك بۆ دابین كردنی به‌رق و ئاوی خواردنه‌وه‌ش كه‌وتوونه‌ته ژێر گوشار و مه‌نگه‌نه‌وه. بێزاری و نه‌فره‌ت له ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار تا ڕاده‌یه‌كه كه سه‌ره‌ڕای كوژراون و برینداربوونی هه‌زاران كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، خه‌ڵك هێشتا نه‌سره‌وتوون. ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بۆ بوون به ناوه‌ندێكی شۆڕشگێڕانه له ناوچه‌كه، گه‌لێك توانای به‌رچاوی تێدا ده‌بیندرێ. ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری و كرێكاری له مانگی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٦وه به‌ملاوه، هه‌ڵوێستێكی ئاشكرای دژبه هه‌ژاری و نابه‌رابه‌ری و چه‌وسانه‌وه گرتووه‌ته‌به‌ر. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه ئێستاش هه‌روه‌ك ئاگری ژێر خۆڵه‌مێش، هه‌موو ساتێك ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی بڵێسه‌كانی له‌ئارا دایه.
به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وانه له هه‌مان كاتدا بۆ كۆمۆنیسته‌كان كه نیزامی سۆسیالیستی ته‌نیا به‌دیلی ڕاسته‌قینه‌یانه، بۆ كۆتایی هێنان به هه‌ژاری و نایه‌كسانی سیستمی زاڵمانه‌ی سه‌رمایه‌داری و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و به‌دوور له سته‌م و چه‌وسانه‌وه، ده‌رفه‌تێكی خۆڵقاندووه تا به‌سه‌ر كه‌م و كوڕیه‌كانیان له بواره جۆراوجۆره‌كاندا زاڵ بن و خه‌سڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به چالاكیه‌كانیان ببه‌خشن.