کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قووڵتر بوونەوەی کەلێنەکان و قەیرانی ئەمنییەت

ڕووداوەکانی حەفتەی ڕابردوو جارێکی دیكه‌ نیشانیدا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو بەشە لە جوغڕافیای دنیایە کە لە ئانوساتێکدا بەرەوڕووی کەلێن و مەسایلی نوێ دەبێتەوە. هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك کە تا دوێنێ کارایی هەبوو، ڕۆژی دواتر لێکهەڵدەوەشێت و جێگای خۆی ئەدات بە هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كی نوێ. بارودۆخی ناوچەکە گەلێک نا سەقامگیرە و ناکۆکی و بەرژەوەندی هێزە دەرگیرەکان بەردەوام ئەوان پاڵ پێوەدەنێت بەرەو ئاڕاستە گرتنی تازە.

لە ناخی ڕژیمێکدا کە بڵیندگۆکانی لە بەیانییەوە تا ئێوارە ” ئەمنییەت”ی زاڵ بەسەریدا بە ڕووی خەڵکدا دەدات، تێرۆریستە دەستە ڕاستییەکان عەمەلیاتی تێدا ئەنجام دەدەن. ئەو دەوڵەتانەی کە بە ڕادەی جیاواز شەڕە لەجیاتیەکانیان لە وڵاتانی جیراندا بەرەوپێش دەبەن، زاڵەیانە بەدەست دخاڵەتگەری وڵاتانی دراوسێیانەوە. ئەوانەی کە تا دوێنێ هەموو جۆرە ڕەوتێکی تێرۆریستی ئیسلامییان لە قاعیدەوە گرتویەتی تا تالیبان، لە بەرەی نوسرەوە تا داعش لە حەشدی شەعبیەوە تا ” ئەڕتەشی ئازادی سوورییە”یان پشتیوانی ماڵی و لۆجستیکی دەکرد، خۆیان ئێستا بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئەم دەستە و تاقمە تێرۆریستیانە و هاوکات خۆیان وەک پاڵەوانانی خەبات لەدژی تێرۆریزم پێشان ئەدەن. ئەو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ی کە بە ڕێبه‌ری عەڕەبستان و لە کاتی هاتنەسەر کاری ترامپ بە ڕێبه‌ری ئامریکا بۆ پەڕاوێز خرانی کۆماری ئیسلامیی پێکهاتبوو لە کورت ترین ماوەی مومکیندا بەرەوڕووی کەلێنی جیدی بویەوە. قەتەر لە شوڕای هاوکاری کەنداو وەلانراوە، گەمارۆی ئابووری خراوەتەسەر و تاوانبارە بە پشتیوانی کردن لەو گوروپە تێرۆریستیانەی کە ” ناوچەکەیان ناسەقامگیر” کردووە، کۆماری ئیسلامی فەزای ئاسمانی خۆی دەخاتە ئیختیار قەتەرەوە. حەماس لە نێوان ئێران و قەتەردا خەریکی بەندبازییە. پاکستان خۆی لەگەڵ عەڕەبستان بە هاوجیهەت دەزانێ، ئێران تانک دەنێرێتە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەی، میسر بەکردەوە بە بەرەی عەڕەبستانەوە پەیوەست بووە، تورکیە لە نێوان کورسیە جۆراو جۆرەکاندا جێگا بۆخۆی دەکاتەوە. بەگشتی هەموویان خەریکی زیاد کردنی تواناییە نیزامیەکانیانن. لە سێ دەیەی ڕابردوودا وڵاتانی ناوچەکە بوددجەی نیزامی خۆیان ٢٥٠ لەسەد زیاد کردووە. بوددجەی نیزامی عەڕەبستان لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە پلەی چوارەمی دنیادایە. بوددجەیەکی نیزامی ئێران هەر لەم ساڵەدا بە بەراورد بە ئاخرین ساڵی شەڕی ئێڕان و عێڕاق بەرز بوونەوەیەکی ٢٥٠ لەسەدی نیشان دەدات. تورکییە بوددجەی نیزامی خۆی بۆ دوو هێندەی بوددجەی نیزامی ئێران بەرز کردۆتەوە.145

هەرکام لەمانە هۆکاری خۆیان هەیە. عەڕەبستان خۆی بە وڵاتێک دەزانێ کە دەبێ سەنتەریەتی دنیای ئیسلام بکاتە هی خۆی. دۆلارە نەوتییەکانی یارمەتی ئەدەن کە ئەم ستراتێژیەی بکاتە ئەمری واقع. ئه‌ردۆغان بۆ بە واقعی کردنی ڕوئیاکانی ئیمپڕاتۆڕییە عەسمانیەکەی پێویستی بەم زیاد بوونی دەسەڵاتی نیزامی و بازه‌رگانییه‌ی بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک عێڕاق و سوورییە هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ شکڵدان و وڵامدانەوە بە نیازە ناوچەیی و بەرەوڕوو بوونەوەکانی داهاتوی. کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە نیزامی بانتر خوازانەکەی لە ناوچەکەدا و بە سەف کردنی جەریاناتی کۆنەپەرستی شیعە و بە بیانوی مەترسی دوژمنی دەرەکی ئەم دەرفەتەی دەبێت کە ” ئەمنیەتێکی گوڕستانی” لەنێوخۆدا دامەزرێنێ. ئاشکرایە کە ئەم کێبەرکێ تەسلیحاتیانە لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیری و لەنێو بردنی داعش نییە، بەڵکوو لە خزمەت بە ئامادەکاری بۆ ئەو شەڕ و بەرەوڕوو بونەوە لەجیاتیانەدایە کە لە ساڵانی داهاتوودا قەرارە ڕوو بدەن. لە ڕوانگەی عەڕەبستانەوە قەتەر تاوانبارە کە پشتیوانی لە گوروپە تێرۆریستیەکانی وەک ئێخوانۆلمۆسلێمین، قاعیدە و داعش کە هۆکاری نا سەقامگیرین لە ناوچەکەدا، دەکات. بەڵام قەتەر پارویەکی چەورە بۆ گشت یاریکەرانی ناوچەکە. قەتەر گەورە ترین هەناردەکاری گازی سروشتییە لە دنیادا و بە تەنیایی سێ لەسەدی سەرجەم مەسرەفی گازی شلی دنیا هەناردە دەکات و بەم جۆرە دورێکی یەکلا کەرەوەی لە نرخی گازدا هەیە. لەخۆڕا نییە کە ئێران و تورکییە بە خێرایی دەبنە پشتیوانی. ئێران نەتەنیا فەزای هەوایی خۆی نایە ئیختیار قەتەرەوە، بەڵکوو بە خێرایی ئامادەگی خۆی بۆ ناردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بۆ قەتەر ڕاگەیاند. بەڵام پشتیوانی تورکیە لە قەتەر هۆکاری گەلێک بەرینتری هەیە. ئه‌ردۆغان وێکچوونێک لە نێوان کردارەکان لەدژی قەتەر و موڕسی ڕێبەری ئێخوانۆلمۆسلێمین لە ساڵی ٢٠١٣ دا لەمیسر دەبینێ. تورکیە کرداری عەڕەبستان و هاوپەیمانەکانی بە هێرشێکی چڕ کراوە و ڕێکخراو لەدژی ئێخوانۆلمۆسلێمین و پشتیوانەکانی دەبینێ. ڕەوتێکی کە ئه‌ردۆغان خۆی لە باری ئیدئۆلۆژیەوە لێی بە نزیک دەزانێ. چالاک بوونەوەی تورکییە لەم ماجەرایەدا تەنیا بەم هۆکارە نییە کە تورکیە سەرۆکایەتی دەورەیی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی لە ئەستۆیە، بەڵکوو سه‌رتر لەوە قەتەر یەکێک لە نزیک ترین هاوپەیمانانیەتی لە ناوچەکەدا. ئه‌ردۆغان لە جەریانی سەفەری مانگی فیوریەیدا بۆ هێندێک لە وڵاتانی عەڕەبی- ئیسلامیی ڕایگەیاندبوو کە تورکییە و قەتەر سەبارەت بە گرنگترین بابەتەکانی ناوچەکە وەک یەک بیر دەکەنەوە. و هەڵبەت هەردووکیان لە زومڕەی ئەو هێزانەن کە لە جەریاناتی نزیک لە قاعیدە لە سوورییە پشتیوانی دەکەن و هەروەها ئەوەی کە دانی یارمەتی ماڵی قەتەر بە تورکییە جوڵەیەکی ڕێژەیی لە ئابووری چەقبەستوی تورکیەدا بەدی هێناوە. لە هەمانحاڵدا نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا تورکییە پێگەیەکی نیزامی لە قەتەر درووست کرد کە خۆی ئیمکاناتێکی نوێ بۆ عەمەلیات لە دەریای سوور و کەنداوی فارسدا بەدی دێنێ.

ڕاست لە ناخی ئەم کێشمەکێشانە و جێگۆڕکێیانە دایە کە مەجلیسی ڕژیم و گۆڕی خوومەینی دەبێتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی. خامنەیی ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیەی ناو نا ” تەرەقە بازی”، بەڵام کێیە کە نەزانێ ئەم تەرەقە بازییە ئاسەواری قەیرانێکە کە سەرتاسەر ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاستی گرتۆتەوە و ئەوەش کە کۆماری ئیسلامیی خۆی یەکێک لە یاریکەرانی سەرەکی ئەم قەیرانەیە. ساڵانێکە کە سەرانی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ ” ئەمنییەت”ی مەوجود لە ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خەریکی تەبلیغات و ئەفکار سازین. باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم لە ڕاستای ئەم ئەفکار سازیەدا پەنا دەبەنە بەر هەموو شگردێک. ئەوان کە هەنگاوێک لە ئومەتی دنیای ئیسلام پاشەکشە ناکەن، لە ساڵیادی لەوحی کوروش دا سینەیان دادڕی و لە حاڵێکدا کە بە هەزاران بەند بە دامەزراوە ماڵییە جیهانیەکانەوە گرێدراون لە هێرش بۆسەر سەنەدی ٢٠٣٠ ی یۆنسکۆ لەپڕدا وەبیری ئیستقلالی ئێڕان دەکەونەوە لە حاڵێکدا خۆیان پایەکی دەخاڵەت و داگیرکارییە نیزامیەکانن بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە.

بەم هێرشە تێرۆریستیە ئەویش لە نێو دڵی ڕژیمدا ” حیماسەکانی” پاراستنی ” ئەمنییەت” کاڵ دەبنەوە هەڵبەت کاتێک ڕژیم باس لە ئەمنییەت دەکات مەبەستی ئەمنییەتێکی گۆڕستانییە کە دایمەزراندوە. ئەوەندە بەسە چاوێک بەسەر لیستی زیندانی كردنی چالاکانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕین، کافیە چاوێک لە ژیانی پڕ لە ئازاری ئەو کرێکارانە بکەین کە بۆ دەستەبەر کردنی پارویەک نان لەژێر داروپەردوی کانەکاندا دەفن دەبن. باس لە کام ” ئەمنییەت” دەکەن کاتێک کرێکاران شه‌لاقکاری دەکرێن، کاتێک ژنان لە ئاگری ئاپاڕتایدی ڕەگەزیدا دەسوتێن، کاتێک وێبلاگ نووسەکان ئێعدام دەکرێن، کاتێک بە میلیۆن ئینسان لە کەمترین ئەمنییەتی پیشەیی بەهرەمەند نین. له‌ڕاستیدا ئەم بارودۆخە قەراناوییە ناکرێ بە خزینە ژێر چەتری کۆماری ئیسلامیەوە و دەربڕینی ڕەزامەندی لە ” ئەمنییەت”ی حاکم لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەمنییەت ناکرێ بە بێدەنگ بوونی گۆڕستانی و ماجەراجویی لە دەرەوەی سنوورەکان بەدی بێنی. نابێ بێڵین ئەم ژووری فکرانە ئەفکاری خەڵک لە ڕاستای مل کەچ بوون بۆ بارودۆخی ئێستا شکڵ پێبدەن. بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە پێویست بە هاتنی هێزێکی سێهەم، هێزێکی شۆڕشگێڕ بۆ گۆڕەپانی کۆمەڵگا هەیە.