لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ درێژەی هێرشەکان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان دەکەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شاری کامیاران ژاراوی بوونی سەرچاوەکانی ئاو بۆتە هۆی نەخۆشبوونی سەدان هاووڵاتی کە بە ئازاری توندی سک و کێشەی هەرس گواستراونەتە نەخۆشخانەکان، کە لە هەندێک حاڵەتدا پێویستیان بە نەشتەرگەری بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە هەمان کاتدا تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی پارچین و دەوروبەری تاران تۆمار کراوە، کە بەهۆیەوە نیگەرانییە ئەمنییەکان پەرەی سەندووە. هەروەها، هەواڵەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی منداڵان وەک قەڵغانی مرۆیی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەن، کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و نیگەرانییەکی گەورەی درووست کردووە. لە هەمان کاتدا، باس لە تەقینەوەیەکی تر لە نزیک زیندانی ئێڤین بڵاوکراوە، هەرچەندە زیندانەکە بە ڕاستەوخۆ نەکراوەتە ئامانج، بەڵام دۆخی ئەمنی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
