کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

قوربانی بوونی ده‌یان كه‌س له‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان

قوربانی بوونی ده‌یان كه‌س له‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا

ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ فڕۆكه‌كانی ئه‌رته‌شی توركیا ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان به‌ چڕی بۆردوومان ده‌كه‌ن و تا ئێستا ١٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٣٤ شارومه‌ند بریندار بوون.

به‌پێی زانیارییه‌كان، فڕۆكه‌كانی ئه‌رته‌شی فاشیستی تورك بنه‌كه‌كانی ئاسایشی ناخۆ و ناونده‌كانی خزمه‌تگوزاری وه‌كوو كۆگای سووته‌مه‌نی و سایلۆی گه‌نم بۆردوومان ده‌كه‌ن. له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردوو بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، منداڵێك له‌ منبج گیانی له‌ده‌ست داوه‌ و دوو منداڵی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌روه‌ها ١٢ كه‌س له‌ شاره‌كانی كۆبانێ و قامیشلوو گیانیان به‌خت كردووه‌ و ٣٠ كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون كه‌ ٩ كه‌سیان كرێكار بوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی پاراستنی شه‌نگال له‌ هێرشی په‌هبادی توركیا گیانی له‌ده‌ست داوه‌ و دوو ئه‌ندامی دیكه‌ی ئه‌و هێزه‌ بریندار بوون. هاوكات فڕۆكه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك، قه‌ندیل، شارباژێر و قه‌زای ماوتیان به‌ چڕی بۆردوومان كردووه‌، به‌ڵام زیانی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌. به‌ وته‌ی به‌رپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان، هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیك بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و گرووپه ئیسلامگه‌راكانیان كردووه‌ته‌ ئامانج و قه‌ره‌بووی هێرشه‌كانی توركیایان به‌ كوژران و برینداركردنی ده‌یان تیرۆریست كردووه‌ته‌وه‌.