رۆژی هەینی ٥ی مانگی ڕێبەندان، ٢٥ی ژانویە دۆناڵد ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی خهبهریدا ڕایگەیاند کە ئەو و سەرانی حیزبی دیموکرات پێکهاتون کە بۆ ٣ ههفته دەوڵەت بەکراوەیی بێڵنەوە. لەکارکەوتنی چەند بەشێک لە دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەمریکا ٣٥ رۆژە بەردەوامە و ئەمە درێژ ماوە ترین تەعتیلیی چەند بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵ لە مێژووی ئەمریکا دایە. داخرانی ئیدارە دەوڵەتیەکان ئاکامی هاوسەنگی هێزێکە کە لە زۆرینە بوونی نوێنەرانی حیزبی دیموکرات کە لە مانگی نوامبرەوە لە کۆنگرەی ئەمریکادا بەدی هاتوە، کەوتۆتەوە. لەوێوە کە پەسەند کرانی بوجەی پێشنیار کراوی سەرۆک کۆمار لە ئەستۆی مەجلیسی نوێنەرانە لەبەر ئەوە بەردەوام دەرفەتێکە بۆ تەسویە حیسابی باڵەکانی هەیئەت حاکمەی ئەمریکا.
کێشەی ئێستای نێوان ئەم دوو ئۆرگانە لەسەر یەکێک لە گرنگ ترین وەعدەکانی هەڵبژاردن و حهیسیەتی ترامپە. ئەو وەک ڕاسیستێکی بە تەواو مانا، وەعدەی دابوو کە یەکێک لە یەکەم هەنگاوەکانی دوای چوونە نێو کۆشکی سپی دروست کردنی دیوارێک دەبێت لە نێوان مێکزیک و ئەمریکادا و ئێستا بۆ پاراستنی پایە کۆمەڵایەتیەکانی لەنێو توێژی مامناوەند و تەنانەت بەشێک لە چینی کرێکاردا دەبێ ئەم بەڵێنەی بە کرداری بکات. ئەو گەلێک جار لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا بەمانەی وتبوو کە هۆکاری پەراوێز خرانی ئەوان، هۆکاری ترسیان لە داهاتو، وە هۆکاری قەیرانی ئابووری ئێستا، هێرشی کۆچبەرانە لە ئەمریکای لاتین و موسڵمانان لە لایەکەوە و سیاسەتی بازرگانی ڕەقیبەکانی ئەمریکا لەوانە چین و ئاڵمان لە لایەکی دیکەوەیە. ئەو گەلێک جار وتویەتی کە دیوارێک پێویستە تا بەر بە “هێرشی” بە بۆچوونی ئەو “باندەکانی مادەی هۆشبەر، قاچاقچیانی منداڵ، تیرۆریستان و هەڵگرانی نەخۆشیە واگیردارەکان” بگیریت. هەمان ئەو ڕستانەی کە لە زمان گشت ڕاسیستەکانەوە لە پانتایی جوغڕافیای دەنیادا دەیبیستین. ترامپ پێویستی بە پاراستنی پایە کۆمەڵایەتیەکانی دژی کۆچبەری خۆی هەیە. ئەگەر شەڕی بازرگانی ئەو لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕەقیبەکانی هێشتا بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە و بەرەوپێش چوونی ئەم شەڕەش زۆر هاسان نییە، بەڵام دەتوانێ بە دروست کردنی دیوارێکی مەرزی و تەبلیغات لە بارەیەوە مەیدان بۆ مانۆڕی ڕاسیست و فاشیستەکان بکاتەوە. ترامپ خوازیاری پەسند کرانی پێنج میلیارد و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە لە لایەن کۆنگرەوە بۆ دروست کردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لەسەر سنورەکانی ئەمریکا و مێکزیک، تا بە خەیاڵی خۆی بەر بە درێژەی” قەیرانێکی ئینسانی و ئەمنیەتی” بگرێت. ئەم داخوازیەی ئەو بەرەو رووی خۆڕاگری کۆنگرە بۆتەوە. نوێنەرانی حیزبی دێموکرات بەوە تاوانباری دەکەن کە کەلێنە کۆمەڵایەتیەکانی قوڵتر کردۆتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی دیمەکرات لە سەنا روو بە ترامپ دەڵێت کە “هێمای ئەمریکا دەبێ پەیکەری ئازادی بێت و نەک دیوارێکی ١٠ میتری”. ئەو هەڵبەت فریوکاری دەکات لەبەر ئەوەی کە هیچ کاتێک هێمای ئەمریکا بۆ دنیا پەیکەری ئازادی نەبووە. هێمای ئەمریکا بۆ جیهان هاوسان بووە لەگەڵ شەڕی داگیرکارانە، کودتای نیزامی و کوشتنی ئازادیەکان لە دەرەوەی سنورەکانی ئەمریکا و ستەمگەری و هەڵاواردن لەدژی خەڵکی خۆجێی و ڕەنگین پێستەکان لەنێوخۆی ئەمریکا دا. ئەم سیناتۆڕە دیموکراتە عەوامفریوی دەکات مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە خۆشیان خوازیاری دروست کردنی دیوارێکی هەرزان قیمەت نەک لە بێتۆن بەڵکوو لە میلەی ئاسنن و مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە لە ساڵەکانی دەسەڵاتداری ئۆبامادا زیاتر لە ٣ ملیۆن کۆچبەر گەڕێندراوەنەتەوە بۆ وڵاتەکانیان لە ئەمریکای باشور. کە وایە بەتەواوەتی روون و ئاشکرایە کە کێشەی دێموکراتەکان لەگەڵ ترامپ نەک لەسەر دیفاع لە کۆچبەران، داکۆکی لە خەڵکی خۆجێی و ڕەنگین پێستەکان، بەڵکوو بەر لە هەمووان توشی شکست کردنی پڕۆژە حهیسیەتیەکەی ترامپە لە لایەکەوە و سوار بوونی شەپۆلی نارەزایەتیی جەماوەری لەدژی سیاستی ڕاسیستی، دژ به ژن و فاشیستی ئەو.
ترامپ رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی خەبەریدا جارێکی تر وەبیری هێنایەوە کە لە ماوەی سێ ههفتهدا “ئەگەر لەگەڵ کۆنگرە پێکنەیەن دەوڵەت لە ١٥ی مانگی فێوریەوە دادەخرێت و لەگەڵ ئەوەی کە لە حەوزەی ئیختیاراتی خۆی کەڵک وەردەگرێت و بارودۆخی نا ئاسایی ڕادەگەیەنێت”. بەڵام رۆشنە کە وەها کردارێک تەنیا دەتوانێ قەیرانی سیاسی مەجود لە هەیئەت حاکمەی ئەمریکادا قوڵتر بکاتەوە و کۆمەڵگا بەرەو جەمسەربەندی زیاتر پاڵ پێوەبنێت. درێژ بوونەوەی ماوەی داخرانی چەند بەشێک لە دەوڵەت تا ئێستاش دەرخەری بە ئاشکرای قەیرانێکی سیاسیە لە سەرەوە. لە لایەکەوە ترامپ دەبێ پایە کۆمەڵایەتیەکانی لەسەر ئەم بابەتەی کە کۆچبەران هۆکاری سەرەکی لەبەین چوونی پیشەسازی ئەمریکان، لە سەحنەدا بێڵێتەوە و لە لایەکی دیکەوە دیموکراتەکان دەبێ بە خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشەکانی کۆشکی سپی و کۆماریخوازەکاندا بۆسەر حقوق بگیران، لە نەخشی داکۆکی کارانی ئەواندا دەرکەون. ئەوان هیوادارن لەم ڕێگایەوە ئەو بەشە لە پایە کۆمەڵایەتیەکانی حیزبی دیموکرات کە لە جەریانی هەڵبژاردندا لە هەڵوێستێکی ڕادیکاڵەوە لەدەوری “بێرنی ساندێز” کۆببوونەوە، بپارێزن.
ئێستا مەسەلەی کۆچبەران بۆتە جەقی کێشەکان سەبارەت بە بودجەی ساڵانەی ئەمریکا. نەک لەم روەوە کە ترامپ خوازیاریەتی بەڵکوو ئەم بابەتە سەرچاوە گرتوو لە قەیرانی دنیای سەرمایەداری و ئاسەواری تاڵانچیانەی، بۆتە گرفتێکی جیهانی. کۆچ کردنی بە هەزاران کەس لە مانگەکان و حەفتەکانی ڕابردوودا لە هێندوراس و باقی وڵاتانی ئەمریکای باشورەوە بەرەو سنوری مێکزیک لەگەڵ ویلایەتی تێگزاس دەرخەری بە ئاشکرای ئەم گرفتە جیهانیەیە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی کە بەرەو رووی هێرشی وەحشیانەی پۆلیسی سەرسنور، لەگەڵ گازی فرمێشک ڕێژ و تەنانەت جیاکرانەوەی منداڵەکانیان و کەوتنە زیندان دەبنەوە، چارەیەکیان بێجگە لەم کۆچ کردنە نییە. ئەوان بەشێک لە قوربانیانی نەزمێکن کە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن ئاوارە و کۆچبەری بەرهەمهێناوە.
ئەگەر قەیرانی سیاسی لە سەرەوە بەشێک لە وێنای کۆمەڵگای ئەمریکایە، مانگرتنی مۆعهلیمان لە رۆژانی ڕابردوودا، هاتنە مەیدانی سەرلەنوێی بزوتنەوەی ڕەنگین پێستەکان و جۆڵەیەکی هیوا بەخش لە بزوتنەوەی ژناندا وێنایەکی دیکە لە کۆمەڵگای ئەمریکا پیشان ئەدات. بە ملیۆن کەس لە موزد و حقوق بگیران کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی دیواری ڕاسیستی ترامپ، هێزێکی ئامادەن کە دەتوانن لە بارودۆخی قەیرانی سیاسی مەوجود لە سەرەوەدا ڕێگا چارەیەکی تر بنێنە بەردەم گۆمەڵگا.