کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قوربانیانی شوێنی کار، زیاترە لە قوربانیانی شەڕە وێرانگەرەکان

قوربانیانی بارودۆخی دەژوار و نا ئەمنی کار لەژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا رۆژانە زیادتر دەبێت. ئەگەرچی ئەو ڕاگەیەنەرە هەواڵیانەی کە لە لایەن هەڵسوڕاوانی کرێکاریەوە بەڕێوەدەچن، بە شێوەی رۆژانە گۆشەیەک لە رووداوەکانی شوێنی کار بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دابین نه‌بوونی ئیمنی شوێنی کار لە لایەن خاوەنکارانەوە، بە ڕادەیەک بەرینە کە ئامارێکی دەقیقی تایبەت بە رووداوەکانی شوێنی کار لەبەر دەستدا نییە. بەڵام پشت بەستن هەر بەم ڕاپۆرتانەش ئاستی کارەساتباری رووداوه‌كانی شوێنی كار ئاشکرا دەکات.ئاماری ڕەسمی دەوڵەتی کە هەواڵنێری ئیسنا بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ رۆژانە ٤ کەس بە هۆی رووداوی شوێنی کارەوە گیان لەدەست ئەدەن. ئەم هەواڵنێریە دەنووسێ:” لەنێو ٦٥٨ کەسدا کە لە ساڵی ٩٤ بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆریان هیچ ئامرازێکی ئیمنی پێویستیان بۆ پاراستنی گیانیان پێنەبووە.” ئەم هەواڵنێریە لە درێژەدا دەنووسێ:” لە ساڵی ڕابردودا ئاماری بریندارانی رووداوی کار کە سەریان لە ناوەندە پزیشکیە قانونیەکانی وڵات داوە ٢٧ هەزار و ٥١٠ کەس بووە.بەپێی ڕاپۆرتەکانی سازمانی بێهداشتی جیهانی و سازمانی نێونەتەوەیی کار بە هۆی نەخۆشیەکانی سەرچاوە گرتوو لە مادەی ژەهراوی لە شوێنی کار و نا ئەمنیەکانی شوێنی کارەوە، ساڵانە ٢٧٠ ملیۆن رووداو لە ئاستی دنیادا روو ئەدەن. لە ئاکامی ئەم رووداوانەدا، ١٦٠ ملیۆن کەس توشی نەخۆشی سەرچاوەگرتوو لەکارەوە ئەبن و ٧ ملیۆن کەسی تریش توشی ژەهراوی بوونی توند و لەکار کەوتویی دێن. بەپێی ئاماری پێشکەش کراو لە لایەن ئەم سازمانە نێونەتەوەییانەوە: ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن کرێکار گیانی خۆیان بە هۆی نەخۆشیەکانی سەرچاوە گرتوو لە مەوادی سەمی و رووداوی رۆژانەی شوێنی کارەوە لە دەست ئەدەن.433
بەم جۆرە دەبینین کە یەکێک لە گەورە ترین ڕەقەمەکانی تەلەفات و خەسارە ئینسانیەکان لە پاڵ شەڕەکاندا، تەلەفات و خەساری ئینسانی سەرچاوە گرتوو لە شوێنی نائەمنی کار لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدایە. ئەگەرچی شەڕ بە جارێک هەزاران کەس دەکاتە قوربانی، بەڵام کار و بەرهەمهێنانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەداری بە شێنەیی، ئارام ئارام بەڵام بە شێوەی بەردەوام و رۆژانە قوربانیەکانی دەستێنێ. وای لێهاتووه‌ كه‌ قوربانی و له‌م مەیدانەدا پێویستە ئاستێکی نا ئاسایی بگرێتە خۆی تا بتوانێ سه‌رنجی بیروڕای گشتیی بۆ لای خۆی رابكێشێ.

له‌راستی دا چینی کرێکار نەوەی دوای نەوەی قوربانی کار و بەرهەمهێنانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەدارین. توانایی سەرمایە لە گیان و هێزی جەستەیی کرێکاراندایه‌. سەرمایە هێزەکەی لە گیان و جەستەی کرێکار دەردەکێشێ. سەرمایە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە دەبێ بە تامەزرۆیی زیاترەوە هێزی کاری کرێکاران بمژێت. سەرمایەداران لە شەڕ و ڕقابەت لەگەڵ یەکتردا بۆ ئەوەی کە خۆیان لە لایەن یەکتروە قوت نەدرێن دەبێ هەرچی زیاتر و توندتر کرێکاران بچەوسێننەوە. ئەمە یاسایەکی نە نووسراو و ڕانەگەیەندراوی سەرمایەداریە. ئەمە لۆژیکی ژیانی سەرمایەداریە کە تواناییەکانی لە هەموو قانونێکی تر زیاترە. و هەموو مودیر و خاوەنکارێکیش پەیڕەوی لێدەکات.

رووداو و مەترسیەکانی سەرچاوەگرتوو لە کارەوە، مەرگی بەڕواڵەت تەسادوفی و بێ ئەژمار، لەکارکەوتویی و پیری نابەوەخت، کەمئەندام بوون، هەموو جۆرە نەخۆشیەکی دژواری سەرچاوەگرتو لە بارودۆخی نا بێهداشتی کارەوە تەنیا دەرکەوتەیەک لە کردارێکە کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە حەقی کرێکاراندا دەیکات.

ئاشکرایە کە بۆ کۆتاییهێنان بە موسیبەتەکانی سەرمایەداری پێویستە خودی ئەم نیزامە ریشه‌كێش بكرێت. بۆ ئەوەی کە جەماوەری ئینسانی نەبنە قوربانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەبێ کۆتایی بە حاکمیەتی سەرمایەداری بەسەر کار و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بێت. پێویستە حکومەتی کرێکاری هەموو ئیمکاناتی بەرهەمهێنان لە دەست سەرمایەداران دەربێنێ. تا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بە ڕاستی بکاتە پرۆسیەکی ئینسانی و ئاگاهانە کە نەک هەر ئینسانەکان نەبنە قوربانی، بەڵکو بە گشتی بکەوێتە خزمەت ڕیفاه، پەروەردە کردنی ئیستعداد و توانایی و بینای ژیانی ئینسانە ئازاد و یەکسانەکانەوە.

ئەمە وڵامی کۆتایی و تەنیا وڵامێکی لێبڕاوانەیە کە چینی کرێکار پێویستە بە فەلاکەتی نیزامی سەرمایەداری و لەوانە بارودۆخی نائەمنی کار و بەرهەمهێنان لەم نیزامەیدا بیداتەوە. بەڵام تا کاتێک کە سەرمایەداری حاکمە، تا کاتێک کە لۆژیکی سەرمایەداری حوکم دەکات و دژواریەکانی کرێکاران بەردەوامە، ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لە هەموو جێگایەک یەکێتی و هێزی چینایەتی ڕێکخراو و وشیاری چینی کرێکارێکە کە دەیەوێ ئەم نیزامە دەژی ئینسانیە بنێتە گۆڕ. یەکێتی و هێزی چینایەتی کرێکاران تەنیا ئامرازی بەرەنگار بوونەوەیە لەگەڵ داسەپاوەکانی نیزامی سەرمایەداری و سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان. لە بواری کەم کردنەوەی مەترسی و سەدەمات و قوربانیانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداریشدا پێویستە هێزی یەکگرتوی کرێکاران بکەویتەکار. لەم بوارەدا ویست و داواکاری هەنوکەیی و خێرای چینی کرێکار بریتین لە:

بیمەی کرانی کامڵی کرێکاران لە بەرانبەر سەدەمات و زیانی سەرچاوەگرتوو لە کارەوە، بەوەی لە شوێنی کار و یان لە دەرەوەی شوێنی کاردا رووبدەن. و بەبێ ئەوەی کە کرێکار پێویستی بە ئیسپاتی خەتای خاوەنکار و یان بەڕێوەبەری یەکەی بەرهەمهێنان هەبێت. دانی خەسارەت بە کرێکارانێک کە بەهۆی رووداوی شوێنی کارەوە توشی نەخۆشی و کەمئەندامی دەبن و یان توانایی کار کردن لە دەست ئەدەن، بە هەزینەی خاوەنکاران و دەوڵەت و یان تەشخیس و چاودێری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران بەڕێوە ئەچێت. هەزینەی زەمانەت کردنی ئیمنی و بێهداشتی شوێنی کار و کەم کردنەوەی مەترسی شوێنی کار بۆ لانیکەمی مومکین، چاودێری و پشکنینی پزیشکی بەردەوام و ڕێکوپێک لە بەرانبەر مەترسی و نەخۆشیەکانی سەرچاوەگرتو لە جۆری کار دەبێ لە لایەن خاوەنکار و دەوڵەتەوە دابین بکرێت.

هەیئەتەکانی بازرەسی کرێکاری بە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆی کرێکاران، بەکردەوە دەرهاتنی سەرجەمی ئەم خاڵانەی کە ئاماژەیان پێدرا و بارودۆخی تری پێوەندیدار بە حەقدەستەکان، کاتژمێری کاری و هیتر لە سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێناندا و یان هەر شوێنێک کە کرێکاران کاری تێدا دەکەن بگرنە ئەستۆ و ژێر بازڕەسی و حیسابڕەسی خۆیانانەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-