عه‌باس عێراقچی، جێگری سیاسیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشه‌ممه ١٦ی پووشپه‌ڕ له كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی باڵای ئه‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه‌دا، وێڕای ئاماژه به بڕیارنامه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، وتی: “ئاژانس یارییه‌كی زۆر ئاڵۆزی له به‌رامبه‌ر ئێمه‌دا داناوه و به‌م بڕیارنامه‌یه و گوشاره‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ری ناردنی په‌ره‌وه‌نده‌ی ئێران، له كۆبوونه‌وه‌ی دواتری شۆرای حوكام، بۆ شۆرای ئه‌منیه‌ت، له ئارادایه. عێراقچی بڕیارنامه‌ی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمیی به یارییه‌كی مه‌ترسیدار وه‌سف كرد و جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی بكه‌وێته‌وه داوی ئه‌م یارییه‌وه، له‌گه‌ڵ خه‌ساری ستراتێژیك به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. به وته‌ی عێراقچی، ڕژیمی ئیسلامی “كه‌وتووه‌ته مهعرهكهیهكی قورسی سیاسی، ئابووری و یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی گوشاری هه‌رچی زیاتری ئه‌م وڵاته. ئه‌و به زمانێكی به‌پارێزه‌وه، ڕووبه ئۆسوولگهرایانی توندڕه‌و و هێندێك له فه‌رمانده‌كانی سپا هۆشداری دا كه كۆماری ئیسلامی نابێ له‌م قۆناغه‌دا كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا نزیكه، بیانوو بداته ئه‌مریكا. هۆشداری عێراقچی، ڕێك، یه‌ك ڕۆژ پاش ئه‌وه ده‌درێ كه نوێنه‌رانی مه‌جلیسی یازدههۆم، به‌خاتری به‌رجام، به توندی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیان دابووه به‌ر ڕه‌خنه.
جێگری سیاسیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕژیم به‌م وته و هۆشدارانه‌ی باس له‌وه ده‌كات كه قه‌یرانی هه‌سته‌یی ڕۆیشتووه‌ته قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه. ده‌وڵه‌تانی بریتانیا، فه‌ڕانسه و ئاڵمان كه كۆماری ئیسلامی به هۆكاری هه‌ڕه‌شه و نائه‌منی له ناوچه‌كه ده‌زانن، بۆ گوشار خستنه سه‌ر كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا هاوئاراسته‌ن. ئه‌م زلهێزه ئۆرووپاییانه كه یه‌كێك له پایه‌كانی به‌رجامن، كۆماری ئیسلامی‌یان خستووه‌ته ژێر گوشاره‌وه تا نه ته‌نیا ڕژیم له هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی پێبه‌ندبوونی خۆی به به‌رجام ده‌ست هه‌ڵگرێت، به‌ڵكوو له هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه له‌م بواره‌دا، له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجامی داوه، پاشگه‌ز بێت. تێپه‌ڕاندنی ئاستی ڕێگه‌پێدراوی پیتاندنی ئۆران‌یۆم، واته له ٣ و ٦٧ سه‌دومی له‌سه‌ده‌وه بۆ ٤ و نیو له‌سه‌د، به‌كارهێنانی سانتریفیوژه‌كانی پیتاندنی ژێرزه‌مینیی فۆردۆ كه چالاكیه‌كانی ڕاگیرابوو، له زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ن كه ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی و به‌تایبه‌ت ئیسرائیل و ئه‌مریكای نیگه‌ران كردووه. بڕیارنامه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی شۆرای حوكام، به پێشنیاری ده‌وڵه‌تانی ئاڵمان، فه‌ڕانسه و بریتانیا په‌سند كراوه و تێیدا داوا له كۆماری ئیسلامی كراوه كه ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئاژانس هاوكاری بكات و ڕێگه‌یان پێبدات كه شوێنه گوماناویهكان بپشكنن. یه‌كێك له دواهاته‌كانی ئه‌م بڕیارنامه‌یه ده‌توانێ ئه‌وه بێت كه ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی بۆ جارێكی دیكه هاوكاری نه‌كات، له‌وانه‌یه پهرهوهندهكه بدرێته شۆرای ئه‌منییه‌ت و ده‌ستی ئه‌مریكا بۆ توند كردنه‌وه‌ی گوشار بۆسه‌ر كۆماری ئیسلامی ئاواڵه‌تر كات.
ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاش له درێژه‌ی گوشاره‌كانی هه‌تا ئێستایدا، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ڕایگه‌یاند كه به‌نیازه، له لابردنی گه‌مارۆی فرۆشتنی چه‌ك و چۆڵ به ئێران، كه به پێی ڕپكهوتننامهی هه‌سته‌یی ژوئیه‌ی ساڵی ٢٠١٥، له بڕیارنامه‌یه‌كدا، له لایه‌ن شۆرای ئه‌منییه‌ته‌وه په‌سند كرابوو، ڕێگری بكات. به پێی ئه‌م بڕیارنامه‌یه، گه‌مارۆی چه‌ك و چۆڵ له‌سه‌ر ئێران، له ئۆكتۆبری ساڵی ٢٠٢٠دا كۆتایی پێدێت. به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌ر ڕووسیه و چین له‌و نێوه‌دا ببنه به‌ربه‌ست، ئه‌وكات مێكانیسمی ماشه وهكار ده‌خات. به پێی ئه‌م به‌نده‌ی بڕیارنامه‌ی شۆرای ئه‌منییه‌ت، په‌سه‌ندكراوی ژوئیه‌ی ٢٠١٥، هه‌ركام له لایه‌نه‌كانی به‌رجام ده‌توانن، به ته‌نیایی، خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو یان به‌شێك له گه‌مارۆكانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌دژی ئێران بن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی دادگای ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به ده‌ركردنی حوكمی زه‌وت كردنی كه‌ل و په‌لی ئه‌و كه‌شتییانه‌ی كه له ئێرانه‌وه به‌ره‌و وێنێزۆیلا ده‌ڕۆن، كۆماری ئیسلامیی زیاتر خستووه‌ته ژێر گوشاره‌وه.
له وه‌ها باروودۆخێكدا، هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆماری ئیسلامی، واته بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی ئۆران‌یۆم و درێژه‌ی پێبه‌ندنه‌بوونی به به‌ڵێنییه هه‌سته‌ییه‌كانی خۆی، باروودۆخهكه ئاڵۆزتر ده‌كات. هه‌رچی ڕژیم كه‌متر پێبه‌ندی به‌ڵێنیه هه‌سته‌ییه‌كانی خۆی بێت، باروودۆخهكه بۆ ئیسرائیل و ئه‌مریكا تاقه‌ت پڕووكێنتر ده‌كات. هێرش بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نز و چاندنی بۆمب له شوێنی دابه‌ستنی سانتریفیوژه پێشكه‌وتووه‌كان، به‌گشتی په‌یوه‌ندیان به‌و ته‌وه‌ره‌وه هه‌یه. ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز، له ڕاپۆرتێكی تایبه‌تدا، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٢ی پووشپه‌ڕ، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نزی دایه به‌ر لێكۆڵینه‌وه و له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاریی سه‌ربه یه‌كێك له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها لێدوانی ئه‌ندامێكی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، باسی له ده‌ور و نه‌خشی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا كرد. چاندنی بۆمب له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نز كه له ژێر چاوه‌دێری توندی ئه‌منیه‌تیی دایه، له هه‌مان حاڵ‌دا كه زه‌ربه‌هه‌ڵگر بوونی سیستمی دیفاعیی كۆماری ئیسلامی نیشان ده‌دات، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌شه كه بژارده‌ی هێرشی سنوورداری نیزامی بۆسه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران، هێستاش هه‌ر له‌سه‌ر مێزه.
له وه‌ها باروودۆخێكدا، دووكه‌ڵی ئه‌م كێشمه‌كێشه كۆنه‌په‌رستانه‌یه و ئاژاوه‌ی ئه‌تۆمیی سه‌رانی ڕژیم و خێرایی به‌خشین به پیتاندنی ئۆران‌یۆم، ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته چاوی خه‌ڵكه‌وه. ئه‌م ده‌ست تێوهردانانه نه له‌گه‌ڵ ژێرخانیی ئابووریی ڕژیم كه له‌سه‌ر لێواری داڕمانه، نه له‌گه‌ڵ قه‌یرانیی ناوخۆیی ڕژیم كه بووه‌ته هۆی ڕووخانی پێگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی، نه له‌گه‌ڵ باروودۆخی سیاسی ناوخۆیی كه له‌گه‌ڵ شه‌پۆلێكی به‌رین له نه‌فرت و بێزاریی گشتیی و ناڕههزایهتی كرێكاری و جه‌ماوری به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه و نه له‌گه‌ڵ توانای پرتووكاوی دیفاعیی ڕژیم، یه‌ك ده‌گرێته‌وه. له‌م باروودۆخه‌دا، ئامرازی سه‌ركوتیش له به‌رامبه‌ر شه‌پۆله‌كانی ناڕه‌زایه‌تی كاراییی خۆی له‌ده‌ست داوه و قه‌یرانی كۆرۆناش، بووه‌ته بوارێكی دیكه له نومایشی داماویی ڕژیمی ئیسلامی. هه‌موو ئه‌و نیشانانه ئه‌وه‌مان پێمان ده‌ڵێ كه كۆماری ئیسلامی كه‌وتووه‌ته پێگه‌یه‌كی ناسهقامگیرترهوه. به سه‌ره‌نجدان به‌م فاكتۆرانه، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و باقیی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، پێویسته پتر له هه‌موو كاتێك بۆ پێكه‌وه په‌یوه‌ند دان و سه‌رتاسه‌ری كردنه‌وه‌ی مانگرتنه كرێكاری و ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌كان هه‌وڵ بده‌ن. بێگومان، كۆتایی هێنان به‌م ئاژاوانه و ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی، له‌م ڕێگه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێت.