سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی نزیك به دوو ساڵ له ده‌ستپێكی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له لۆبنان، قه‌یرانی سیاسی له‌م وڵاته هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. له لایه‌كه‌وه جه‌ماوه‌ری ناڕازی سه‌ره‌ڕای باروودۆخی كۆرۆنایی بۆ جارێكی دیكه هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و له ڕێگه‌ی به‌ستی شه‌قامه‌كان و درووست كردنی ڕێبه‌ندان، پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كانیان بێ‌توانا و زهویگیر كردووه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م وڵاته سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی چه‌ندین مانگ، هێستاش له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی “كاربه‌ڕێكه‌ر“ی حه‌سه‌ن دیابه‌وه ئیداره ده‌كرێت. سه‌عد حه‌ریری كه ته‌نیا كاندیدی به‌رچاوه له لیستدا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌تا ئێستا له‌گه‌ڵ میشێل عون، سه‌رۆك كۆماری لۆبنان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته به ڕێكه‌وتن نه‌گه‌یشتووه.
له نوێترین خۆپیشاندانه‌كاندا كه له شاری به‌یرووت ڕوویانداوه، خۆپیشانده‌ران درووشمی “ئێران بڕۆ ده‌ره‌وه”یان به‌رز كرده‌ته‌وه و له درووشمه‌كانیاندا له ئاست داسه‌پاندنی شه‌ڕی ناوخۆیی له لایه‌ن حیزبوڵڵاوه هۆشداریان داوه. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا له وته‌كانی چه‌ند ڕۆژ لهمهوبهریدا، به ئامانجی دامركاندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هه‌وڵی دا ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی بخاته دڵی جه‌ماوه‌ری ناڕازییه‌وه. ناوبراو له وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به باروودۆخی ئێستا، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی كه ڕێگاكان ده‌به‌ستن به خه‌یانه‌تكار و هۆكاری تۆندبوونهوهی قه‌یرانی ئابووری و مه‌ئموورانی باڵوێزخانه بیانییه‌كان ناولێبرد.
لۆبنان به پێی جه‌معییه‌تی ٦ ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار كه‌سیی، قه‌رزدارترین وڵاتی جیهان به‌ئه‌ژمار دێت. ئه‌م وڵاته له بواری ئابوورییه‌وه له‌به‌رده‌م داڕمانی یه‌كجاری دایه. به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ٥٥ له‌سه‌دی خه‌ڵكی لۆبنان له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین. به پێی هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته، “هه‌ژاریی تۆخ” له چاو ساڵی ڕابردوو ٣ به‌رابه‌ر بووه و گه‌یشتووه‌ته ٢٣ له‌سه‌دی جه‌معییه‌ت. له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا پاره‌ی باوی ئه‌م وڵاته، ٩٠ له‌سه‌دی ئه‌رزشی خۆی له‌ده‌ست داوه و ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم گه‌یشتووه‌ته ٩٠ له‌سه‌د. له‌په‌نا هه‌موو ئه‌وانه‌وه بڕانی به‌رده‌وامی به‌رق، كه‌مبوونی سووته‌مه‌نی و له‌كار كه‌وتنی سیستمی خزمه‌تگوزاریی شاریی، كاردی گه‌یاندووه‌ته سه‌ر ئێسقانی خه‌ڵك. شه‌پۆلێك له كۆچ كردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ڕێ كه‌وتووه و خه‌ڵك له‌لایه‌كه‌وه له قاتی و نه‌بوونیی گشتگیر و لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌ترسن. سه‌رباقی ئه‌وانه فڕینی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل له چوارچێوه‌ی هه‌وایی لۆبناندا ترس و دڵه‌ڕاوكێی خه‌ڵكی زیاتریش كردووه.
له ٩ مانگی سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردوودا، باروودۆخی كۆرۆنایی وه‌فریای ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌وت و خه‌ڵكی ناڕازیی بۆ ماوه‌یه‌ك ناچار كرد تا بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان. زۆرجار كاره‌ساتێك كه به‌سه‌ر سته‌ملێكراوان و چهساوهكان دێت، له نیهایه‌تدا ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ چه‌وسێنه‌ران و سته‌مكاران. باروودۆخێك كه ئێستا وڵاتی لۆبنان تێیكه‌وتووه، نموونه‌یه‌كه له‌م ئه‌زموونه‌یه مێژووییه. به‌ڵام بێگومان ئه‌م باروودۆخه ده‌وام ناهێنێت و خه‌ڵك بۆ جارێكی دیكه شه‌قامه‌كان ده‌گرنه‌وه ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان.
یارمه‌تییه به‌ڵێندراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌ر كاغه‌ز ماونه‌ته‌وه و سه‌رچاوه یارمه‌تیده‌ره‌كان، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میلیشیای حیزبوڵڵا و تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته‌یان وه‌ك مه‌رجی دانی یارمه‌تییه‌كان دیاری كردووه. یارمه‌تیی بانكی جیهانیش له ئاستێكی یه‌كجار سنوورداردا، له ڕێگه‌ی سیستمی سیاسیی نوقم له گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئه‌نجام دراوه و ئه‌وه‌ش هیچ ئازار و ژانێكی له خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته سووك نه‌كردووه. ١٢ی ژانوییه‌ی ئه‌مساڵ، بانكی جیهانی باسی له به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی پڕۆژه‌ی ٢٤٦ ملیۆن دۆلاری له‌پێناو یارمه‌تی گه‌یاندن به بنه‌ماڵه لۆبنانییهكان كرد. به‌ڵام سه‌حه‌ر ئه‌تره‌ش له ” ڕێكخراوی نێونه‌ته‌ویی په‌نابه‌ران“ له‌مباره‌وه ده‌نووسێ:
“هه‌واڵی ناخۆش ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای قه‌بووڵ كردنی ئه‌م ڕاستییه كه پێویسته له‌دژی گه‌نده‌ڵی خه‌بات بكرێت، به‌ڵام هێندێك له یارمه‌تیده‌ره نێونه‌ته‌وه‌ییه گه‌وره‌كان هێستاش شێوهكاریان نه‌گۆڕیوه. بۆ نموونه بانكی جیهانی له مانگی ژانویه‌دا باسی له په‌سند كردنی وامی ٢٤٦ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی له بنه‌ماڵه هه‌ژار و زیان لێكهوتووه‌كانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ساڵی ڕابردووی لۆبنان كرد. به‌ڵام له‌جیات ئه‌وه‌یكه له هه‌وڵی شێوهكارێكدا بێت بۆ دابه‌ش كردنی ئه‌م یارمه‌تییه و به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌كان له‌به‌رچاو بگرێت، بڕیاری دا كه بوودجه‌كه له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و بانكی لۆبنانه‌وه بنێرێت و پاشان سه‌ره‌ڕای ڕاپۆرتی گه‌یشتوو له گه‌نده‌ڵیی پێكهاته‌یی له هه‌ر دووی ئه‌م ناوه‌ندانه و بوونی دۆسیه‌یه‌كی كراوه له لایه‌ن سوئیسهوه دژبه بانكی لۆبنان، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ی به‌كرده‌وه ده‌رهێنا“.
به‌ڵام سه‌ری كیسه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا ئاواڵه‌یه و مانگانه و به بێ وێستان، ئه‌م یارمه‌تییانه ڕه‌وانه‌ی حیزبوڵڵا ده‌كرێت. ئه‌م یارمه‌تییانه له په‌نا كاركردی نیزامی و پڕچه‌ك كردنی زیاتری هێزه‌كانی حیزبوڵڵا، بۆ ناكۆكی نانه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگای لۆبناندا كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیرێ. “حیزبوڵڵا له شاره‌كانی لۆبنان چه‌ندین سووپێرماركێتی داناوه كه كاڵاكان له‌چاو سووپێرماركێتهكانی دیكه هه‌رزانتر ده‌فرۆشن. به‌ڵام ته‌نیا كه‌سانێك كه كارتی حیزبی‌یان هه‌یه ده‌توانن بۆ كڕینی پێداویستی سه‌ردانی ئه‌م فرۆشگایانه بكه‌ن. له‌م گرانییه بێوێنهیهدا، ئه‌م كاره بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه لایه‌نگرانی حیزبوڵڵا ژیانێكی به‌نیسبه‌ت باشتریان له‌چاو باقی خه‌ڵك بێت“.
له وه‌ها باروودۆخێكدا له لایه‌كه‌وه به بێ یارمه‌تیی ماڵیی نێونه‌ته‌وه‌یی، نیزامی سه‌رمایه‌داری ده‌سه‌ڵاتدار له‌م وڵاته ناتوانێ به‌سه‌ر پێوه بمێنێته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه، وه‌ك به‌ناو “وته‌بێژ“ی ئه‌م نیزامه نێونه‌ته‌وه‌ییه، هه‌موو جۆر یارمه‌تیه‌كی به ئه‌نجامدانی “ڕێفۆرم” له‌م وڵاته‌دا گرێ داوه. به‌ڵام ئه‌م ڕێفۆرمه له لایه‌كه‌وه به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی به‌ته‌واو مانای سیاسه‌ته‌كانی نێئۆلیبڕالییه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ناوی ڕه‌مزی بێ ده‌سه‌ڵات كردنی حیزبوڵڵا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له ده‌وڵه‌تێكدا نییه كه ئه‌م گرووپه له ناوخۆی لۆبنان پێكیهێناوه.
درێژه و پێگه‌یشتنی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی لۆبنان، به‌ده‌ر له په‌یوه‌ندیی تایفه‌یی و ئایینی، دژ به‌و نیزامهكۆنهپهرست و دژه دێمۆكراتیكه، كه نه‌ك به پێی ده‌نگی خه‌ڵك، به‌ڵكوو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێكه‌وتنی نێوان حیزبه ئایینیه‌كان شكڵی گرتووه، ته‌نیا خاڵێكی هیوابخشه كه له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگای قه‌یران لێدراو و بهڵادیتووی لۆبنان دایه.