میدیاكانی توركییه بڵاویانكردووهتهوه كه لە پارێزگاکانی مێردین و ئامەدی له باکووری کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا، ئەنجامدانی چالاکی بەکۆمەڵ بۆ ماوەی دوو مانگ قەدەغە کراوه.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، پارێزگاری مێردین لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوه، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا لە رۆژی ٢ی ئۆكتۆبری ئهمساڵهوه تاوەکو ١ی دێسامبری داهاتوو، رێگەنادرێ هیچ جۆرە چالاکییەکی بەکۆمەڵ کە ببێته هۆی زیادبوونی ژمارهی بەرکەوتووان ئهنجام بدرێت. لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە ئەو کەس و لایەنانەی پابەندی ئەو بڕیارە نەبن سزا دەدەرێن. هەر لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاری ئامەد راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارهی تووشبوان بهم ویرووسه، لە رۆژی ٢ی ئۆكتۆبری ئهمساڵهوه تاوەکو ١ی دێسامبری داهاتوو، بۆ ماوەی دوو مانگ رێگەنادرێ بە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە پیشەییەکان، یەکێتی و کۆمەڵە هەرەوەزییەکان دەکرێن. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی توركییه، ههتا ئێستا ٣٢١ هەزار و ٥١٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە ٨ هەزار و ٣٢٥ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.