“محه‌ممه‌د مێهدی عهسگهرپور” سه‌رۆكه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی سینه‌ما ڕۆژی شه‌ممه ٢٢ی ڕه‌زبه‌ر ڕایگه‌یاند: “داریووش مێهرجوویی” و “وه‌حیده محه‌ممه‌دی فه‌ر”ی هاوژینی، به شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه له ماڵه‌كه‌ی خۆیان دا له كه‌ره‌ج كوژراون.
“داریووش مێهرجوویی” له‌دایكبووی ساڵی ١٣١٨ی هه‌تاوی و له ده‌رهێنه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی سینه‌مای ئێرانه كه چه‌ندین فیلمی به‌نرخی له كارنامه‌ی كاری خۆیدا تۆمار كردووه كه به‌شێكیان بریتین له: “هاموون”، “دایه‌ره‌ی مینا”، “گا‌و”، “ئیجارهنشین”، “سارا”، “په‌ری”، “له‌یلا”، “مێهمانی مامان” و “سه‌نتووری”. كوژرانی ئه‌و ده‌رهێنه‌ره و هاوسه‌ره‌كه‌ی به چه‌قۆ بووه و دادستانی كه‌ره‌ج له‌و باره‌وه ڕایگه‌یاندووه كه لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردووه. ئه‌وی كه جێگای سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه كه یه‌ك ڕۆژ پێش ئه‌و جه‌نایه‌ته، ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كرابوو و ماوه‌یه‌ك له‌وه‌به‌ریش له گرته ویدیۆیكدا داریووش ڕه‌خنه‌ی توندی له کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی گرتبوو.
